شێرپەنجەی سییەکان
بەشی دووەم
پ/ ئایا نیشانەکانی شێرپەنجەی سییەکان چین؟
و/ زۆربەی کات، شێرپەنجەی سییەکان هیچ نیشانەیەکیان نییە، تا هێندە بڵاو دەبێتەوە بە لەشدا کە چارەسەرکردنی گرانە! بەڵام هەندێک جاریش لە سەرەتای شێرپەنجەوە نیشانەکان دەردەکەون. ئەگەر هاتوو لەگەڵ دەرکەوتنی نیشانەکاندا زوو سەردانی پسپۆڕی تایبەتت کرد ، ئەگەری دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و چارەسەرکردنی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا زیاترە.
نیشانەکانی بریتین لە:
١. کۆکەی بەردەوام کە بەرەبەرە خراپتر دەبێت.
٢. بوونی خوێن لە کۆکەدا، یاخود بەڵغەمی ڕەنگ ژەنگی.
٣. ئازاری سەر سنگ، کە بە هەناسەی قووڵ، کۆکە یان پێکەنین زیاد دەکات.
٤. گڕبوونی دەنگ.
٥. دابەزینی کێش بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لەگەڵ کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن.
٦. هەناسە توندی.
٧. بێهێزی و هەستکردن بە ماندوێتی.
٨. هەوکردنی سییەکان کە بەردەوام سەر هەڵدەداتەوە.
٩. سەرهەڵدانی خیزەی سنگ.
کاتێک شێرپەنجەی سییەکان بڵاودەبێتەوە، نەخۆشەکە هەست بەم نیشانانەش دەکات:
١. ئازاری ئێسک (وەک پشت و حەوز).
٢. گۆڕانکاری لە کۆئەندامی مێشک و دەماردا (سەرئێشە، بێهێزی لە دەست و قاچەکاندا، سەرگێژخواردن، کێشەی هاوسەنگی، گەشکە)، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە مێشک یان دڕکەپەتکدا.
٣. زەردبوونی پێست و گلێنەی چاو (زەردوویی) بەهۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە جگەردا.
٤. دروستبوونی گرێ لەسەر پێست یاخود ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، بەهۆی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە بە پێست و گرێ لیمفاوییەکاندا.
پ/ ئایا هۆکارەکانی چین؟
و/
١. کێشانی تووتن بە هەموو جۆرەکانییەوە (جگەرە، نێرگەلە، سیغار،هتد...) تا ئێستا پێشەنگی هۆکارەکانی تووشبوونە بە شێرپەنجەی سییەکان کە نزیکەی %٨٠ ی ئەوانە دەگرێتەوە کە بەهۆی شێرپەنجەی سییەکانەوە گیان لەدەست دەدەن. هەندێکیشیان بەهۆی کێشانی ناڕاستەوخۆوە گیان لەدەست دەدەن.
٢. پیسبوونی ژینگە.
٣. بەرکەوتنی هەندێک ماددەی کیمیاوی وەک (ئەسبێستۆس، گازی ئەگزۆس، گازی ڕادۆن).
٤. بوونی شێرپەنجەی سییەکان لە خێزاندا، یاخود ئەگەر پێشتر توشبووبیت.
٥. چارەسەری تیشکی. ئەوانەی تیشک دراوە لە سنگیان بۆ چارەسەری شێرپەنجەیتر، بەتایبەت ئەگەر نەخۆشەکە جگەرەکێش بێت.
٦. گۆڕانکاریی جینی (بۆماوەیی بێت یاخود وەرگیرراو).
کەرتی تەندروستیی ڕێکخراوی هۆرایزن ڕیلیف.
ی.س

