ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

قایمقامی قەزای شارەزوور و بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن و نوینەری لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەوه

پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/9/24، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا، بە ئامادەبوونی بەڕێزان ڕزگار غەفور ڕەحیم قائمقامی قەزای شارەزوور و سەلام عومەر ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن، پێشوازیکرد لە بەڕێزان نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکانی سنورەکەیان. لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەسەر هەڕەشە و مەترسییە ژینگەییەکانی ناوچەکە و داواکاریی و پێداویستییەکانیان، کرا. پارێزگاری سلێمانی پشتیوانیی پارێزگای سلێمانی بۆ دووپاتکردنەوە. ی.س

وەزارەتی پەروەردە ڕێنماییەکانی تاقیکردنەوەی دەرەکی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) بڵاوکردەوە

وەزارەتی پەروەردە ڕێنماییەکانی تاقیکردنەوەی دەرەکی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٦-٢٠٢٧) بڵاوکردەوە ی.س

ماوەی لێخۆشبوون لە 50%ی قەرزی کۆنی کارەبا لە 24-9 تاوەکو 18-10 درێژکرایەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەوەی کە دەرفەتێکی دیکە بۆ دوایین جار بدرێتە هاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی سوودمەندبن لە داشکاندن لەسەر قەرزی پێش ڕووناکی بەڕێژەی تاوەکو 50٪. ئەم پڕۆسەیە لە 24ی مانگی 9 بۆ 18 مانگی 10 بەردەوام دەبێت. ئەگەر ئەو هاوبەشانەی قەرزی پێش ڕووناکییان هەیە قەرزەکانییان نەدەنەوە لەو ماوەیەدا، ئەوا ڕاستەوخۆ قەرزەکانییان دەخرێنە سەر قیستی مانگانە بەبێ هیچ داشکاندنێک بەگەڕانەوە بۆ ڕاگەیەندراوی پڕۆژەی ڕووناکی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە. لەدەرئەنجامی ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوبەشان دەتوانن سوود لەم دەرفەتە ناوازەیە وەربگرن و بڕیاربدەن لەسەر شێوازی پارەدانی قەرزی پێش ڕووناکی. - دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی و سوودوەرگرتن لە داشکاندن بەڕێژەی تاوەکو 50٪ لەنێوان ڕێکەوتی24ی مانگی 9 بۆ 18 مانگی 10. - دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی لەدوای بەرواری 18ی مانگی 10 بەشێوازی قیستی مانگانە کە مەودای 6-24 مانگ بەلەبەرچاوگرتنی کەمترین بڕی پارەدان - لەدوای 18ی مانگی 10، هەر قەرزێکی پێش ڕووناکی بەشێوەیەکی خۆکارانە دەکرێنە قیستی مانگانە و دەبێت لەگەڵ پسوولەی مانگانەی کارەبای ڕووناکی بدرێت و ڕێکاری ماوەی پارەدانی لە 50 ڕۆژدا لەسەر جێبەجێدەبێت. داشکاندنی قەرزی پێش ڕووناکی لە 24ی مانگی 9 بۆ 18 مانگی 10 بەهەمان میکانیزمی داشکاندنی پێشوو: - 50٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی - 25٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە - داشکاندنەکە جێبەجێدەکرێت تەنها ئەگەر هاوبەشەکە بڕی تەواوی قەرزی داشکێندراو بەیەکجار بدات لەڕێگەی ئی-پسوولە یاخود هۆبەکانی فرۆشیاری ووزە لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەشی کارەبا لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، نزیکەی 800,000 هێشتا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکییان لەسەر ماوە. بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دوایین دەرفەتی داشکاندن لەسەر قەرزی پێش ڕووناکی بدات بەو هاوبەشانە بۆ دڵنیابوونە لە دادپەروەری و کارئاسانکردنی دانەوەی قەرزی پێش ڕووناکی ی.س

بۆ ئەمساڵی خوێندن لەسنوری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزوور 1411 هەزار قوتابی چوونەتە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی

بەپێی ئامارەکان بۆ ئەمساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ لەسنوری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزوور 1411 هەزار قوتابی چوونەتە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی. ڕۆژی یەکشەممە 2026/9/20 ساڵی نوێی خوێندنی 2026- 2027 لەهەرێمی کوردستان دەستیپێکرد ی.س

پەروەردە: بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی دەرچوون لەیەک بابەت 40 نمرە و زیاتر لە پۆلی ٤ تا ١١ لەساڵی خوێندنی ٢٠٢٧-٢٠٢٨ جێبەجێدەکرێت

وەزارەتی بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیکردنەوەەکان و ساڵنامەی خوێندن کە ئەمڕۆ 2026/9/21 ، کە ئەمڕۆ دەرچووە، بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی دەرچوو لە یەک بابەت (٤٠) نمرە و زیاتر لە پۆلەکانی (٤-١١) لە ساڵی خوێندنی (۲۰۲۷-۲۰۲۸) و بەدواوە پێویسته قوتابی/خوێندکار سەرجەم بابەتەکان نمرەی دەرچوون (٥٠) و بەسەرەوە بەدەست بهێنێت پاش سوودمەند بوون لە (٥) نمرەی بڕیار. دەقی نووسراوەکە: بۆ/ بەڕێوەبەڕایەتی گشتیی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، زاخۆ) ​بابەت/ گشتاندن ​ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت لە ڕێکەوتی ۲۰۲٦/٩/۱۰ ڕەزامەندی درا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:- ​١- هەڵوەشاندنەوەی بابەت ی پەڕینەوە(عبور) بۆ سەرجەم پەیمانگاکان لە ساڵی خوێندنی (۲۰۲۷-۲۰۲۸) و بە دواوە. ٢- هەڵوەشاندنەوەی دەرچوو لە یەک بابەت (٤٠) نمرە و زیاتر لە پۆلەکانی (٤-١١) لە ساڵی خوێندنی (۲۰۲۷-۲۰۲۸) و بەدواوە پێویسته قوتابی/خوێندکار سەرجەم بابەتەکان نمرەی دەرچوون (٥٠) و بەسەرەوە بەدەست بهێنێت پاش سوودمەند بوون لە (٥) نمرەی بڕیار. ​لەگەڵ ڕێزدا... ی.س

410 هەزار و 383 قوتابی و خوێندکار لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی سلێمانی هەیە

ئەمڕۆ یەکشەمە 2026/9/20، ساڵی نوێی خوێندنی 2026_ 2027 دەستیپێکرد نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵی خوێندن لە مانگی حەوتەوە ئامادەکارییمان کردووە، 410 هەزار و 383 قوتابی و خوێنکارمان هەیە لەگەڵ 41 هەزار و 669 مامۆستا. بە وتەی نەژاد عەبدوڵا، لە سنووری سلێمانی هەزار و 502 قوتابخانەی حکومی و ناحکومی هەن. ی.س

ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2026_ 2027

بڕیارە سبەی 2026/9/20، زەنگی وەرزی نوێی خوێندنی (۲۰۲٦-۲۰۲۷) لە سەرجەم باخچەی منداڵان و قوتابخانە و خوێندنگا هەرێمی کوردستان لێبدرێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، بۆ ئەمساڵ زیاتر لە ملیۆنێک و ٧٥٠ هەزار قوتابی/ خوێندکار، دەچنە قوتابخانە و خوێندنگەکان کە ژمارەیان ٧٥٩٠ قوتابخانەیە، ١٢٣ هەزار لەو قوتابیانەش، دەچنە پۆلی یەکی بنەڕەتی. لەبارەی پەڕتووکی خوێندنیشەوە، وەک فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئاماژەی پێداوە، وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ۱۱۰ پەرتووکی خوێندندا کردووە (بە کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، سریانی و تورکمانی). هاوکات ۱۹ ملیۆن پەرتووکی نوێ چاپ کراون و بەسەر قوتابخانەی شار و گوندەکاندا دابەش کراون. پرۆسەی پەروەردەی ئەمساڵ لەلایەن ۱۷٦,٧٣٥ مامۆستا و فەرمانبەرەوە بەڕێوە دەبرێت (۱۰۷,٤۲٦ مامۆستای میلاک و ۳۰,۰۹۰ مامۆستای گرێبەست و ٣١,٢١٩ فەرمانبەر). ی.س