وتار:
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانكارییەكاندا
::: یونس سلێمان ئەحمەد
زۆری نەمابوو حوسییەكان كە لەلایەن
ئێرانەوە هاوكاری دەكرێن بەتەواوی یەمەن كۆنترۆڵ بكەن و وڵاتانی كەنداو
بەگشتی و سعودیە بەتایبەتی بخەنە بەر مەترسی، درەنگانی شەوی ڕابردوو سعودیە
بە بۆردوومانكردنی بارەگاكانی حوسییەكان لە یەمەن قۆناغێكی تازەی
دەستپێكرد.
ئەگەر بەوردی سەیری ڕووداوەكان بكەین بۆمان ڕووندەبێتەوە كە ئەوەی ئێستا لە یەمەن ڕوودەدات شەڕی نێوان هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێرانە.
ڕۆژانی داهاتوو شتی زیاتر ڕوودەدات و پێناچێت ئێران هەروا دابنیشێت هیچ كاردانەوەیەكی لەبەرامبەر ئەم ڕووداوە گەورەیە نەبێت.
بەخوێندنەوەی ئەم بارودۆخە ئێستا ئەوەمان
بۆ دەردەكەوێت، كە ئێران ناتوانێت لەیەك كاتدا شەڕ لەگەڵ ڕكابەرەكانی لە
سوریا و یەمەن و عێراق بكات.
هەروەها وڵاتانی سونە بە سەرۆكایەتی
سعودیە خەریكە هاوپەیمانێەتیەكی گەورە دروستدەكەن لەو ڕێگایەشەوە سنورێك بۆ
كارەكانی ئێران دادەنێن.
لەماوەی ڕابردوودا لەمیانەی سەردانەكەی
ڕەجەب تەتب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا كە بۆمەبەستی بەجێهنانی فەریزەی
عمرە سەردانی ئەو وڵاتەی كردبوو، لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ پاشای سعودیە
باسیان لە دروستكردنی هاوپەیمانیەكی گەورە كردبوو، تەنانەت پاشای سعودیە
ئامادەی نیشاندابوو كە كاربكات بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان
توركیا و میسر بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕووبەڕووی مەترسییەكانی ئێران ببنەوە.
بەهێزبوونی گروپە چەكدارەكانی سوریا
نەیاری ڕژێمی سوریا لەماوەی ڕابردوودا پەیامێكی تری توركیا و وڵاتانی
كەنداوە بۆ ئێران، چونكە ئەو بەهێزبوونە بەهۆی یارمەتیدانی زیاتری ئەو
گروپانە بووە لەلایەن توركیا و ئێرانە.
ئەوەی پەیوەندی بەعێراقەوە هەیە شەڕی
تكریت تاقیكردنەوەیەكی بەهێزبوو بۆ ئێران، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە نەتوانرا
تكریت كۆنترۆڵ بكرێتەوە، ئێران تووشی جۆرێك لەتێكشاندن بوو، ئەمریكاش هەر
لەسەرەتاوە وەكو چاودێرێك سەیری بارودۆخەكەی دەكرد نەیویست بەشداری بكات تا
ئەوكاتەی حكومەتی عێراق ناچاربوو لەدەرگای ئەمریكا بدات بۆ هاوكاری لە
شەڕی تكریت.
لەم هاوكێشە تازەیەدا كوردستان وەكو
ناوچەیەكی ستراتیژی بەدەر نییە لەم ململانییە دەبێت خۆی بۆ لایەكیان یەكلای
بكاتەوە، بەڵام ئەوەش لەم كاتەدا زۆر قورس دەبێت.