ڕێبەری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاوکرایەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، رێبەری وەرگرتنی خوێندکارانی لە زانکۆ و پەیمانگاكان بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دوای دوو رۆژ لە گەیشتنی ئەنجامەکانی قۆناخی پۆلی 12 ئامادەیی بۆ وەزارەت، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی رێبەری وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان كراوە بەسەر پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان، بۆئەوەی لەڕێگەی خوێندنگەکانەوە بەسەر خوێندکاران دابەشبکرێت. رێبەری وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی (2015-2016) لەلایەن وەزارەتی نێوبراوەوە 75 هەزار دانەی لێ چاپکراوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داوا لە خوێندکاران و قوتابیان دەکات بەوردی رێبەری وەگرتن بخوێننەوە، بۆئەوەی لەکاتی پڕکردنەوە و پێشکەشکردنی فۆڕم بۆ زانکۆلاین هەڵە نەکەن، " رێنماییەکان بەوردی بخوێنەوە و لەبەرچاوی بگرن، چونکە زۆر گرنگە هەڵبژاردنەکانت لەگەڵ ئارەزوو و باری تەندروستی و توانای زانستیت بگونجێت. وەرگیرانت لە هەر خوێندنێک بە لەبەرچاوگرتنی ئارەزوو و باری تەندروستی و توانای زانستیت مانای ئەوەیە، کە تۆ هێڵە گشتییەکانی دوارۆژی خۆت دیاریکردووە".
لە ڕێبەری وەرگرتندا مەرجە گشتی و تایبەتەکانی وەرگرتنی خویندكاران لە زانکۆكانی هەرێمی كوردستان، رێنماییەکانی گواستنهوه و دابهزینی خوێندنی قوتابیان/خویندكاران لە زانکۆكانی هەرێمی كوردستان، چۆنیەتی پێشکەشکردنی فۆڕمی زانكۆلاین و خشتهی زانكۆكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی خوێندنی (2015-2016) و هێمای قوتابخانهكان/خوێندنگەكان خراوەتەڕوو.
سەبارەت بە وادەی کاراکردنی زانکۆلاین، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیاند " دوای گەیشتنی ئەنجامەکانی دەرچووانی پۆلی 12 ی ئامادەیی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتەکەمان، راستەوخۆ دەست بە پڕۆسەی وردبینیکردن كرا لە ناوەکانی دەرچووان و خوێندنگەکان بەمەبەستی دڵنیابوەن لەناوی دووبارەو نەهێشتنی کەموکوڕی لە لیستەکاندا، ئێستاش پڕۆسەی وردبینیکردن کۆتاییهاتووە".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکراشیکرد " ئێستا دەست بە دانانی (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كراوە بۆ سەرجەم دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی، بۆئەوەی دوای کاراکردنی (زانکۆلایەن) خوێندکاران و قوتابیان بتوانن بچنە نێو سیستەمی (زانکۆلاین) و فۆڕمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە".
سەبارەت بە کاتی کاراکردنی زانکۆلاین عەباس ئەکرەم دەڵێت " دوای دانانی یوزەرنەیم و پاسۆرد بۆ سەرجەم خوێندکارانی دەرچوو، کە وەزارەتەکەمان لەڕێگەی پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان و خوێندنگەکان رەوانەی خوێندکاران و قوتابیانی دەکات، وێبسایتی (زانکۆلاین) بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی کارادەکرێت و، وەک ئاگادارییەکیش لە دەزگاکانی بڵاودەکرێتەوە".
دەتوانن لێرەوە ڕێبەری دابگرن:
http://www.mhe-krg.org/sites/default/files/%20%D9%88%DB%95%D8%B1%DA%AF%D8%B1%D8%AA%D9%86%20%D9%84%DB%95%20%D8%B2%D8%A7%D9%86%DA%A9%DB%86%20%D9%88%20%D9%BE%DB%95%DB%8C%D9%85%D8%A7%D9%86%DA%AF%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86.pdf
