نرخی هێڵەکانی ئەنتەرنێت دادەبەزێت
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا، نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت دابەزێنێت.
سەبارەت بە بڕیارێکی نوێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بۆ بەرژەوەندی و خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڕێز (ئومێد محمد ساڵح) وتەبێژی فەرمی وەزارەت رایگەیاند: لە کۆبوونەوەی لیژنەی راوێژکاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رۆژی ٥-١-٢٠١٦ بە سەرپەرشتی بەڕێز (مەولود موراد محی الدین) وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ( بە وەکالەت) بەڕێوەچوو ، بە رەچاوکردنی بارودۆخی دارایی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ ئەوەی زۆرینەی هاووڵاتیان سوود لە خزمەتگوزاری ئینتەرنیت وەربگرن ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گەیشتە ئەو بڕیارەی نرخی بەشداریکردن لە خزمەتگوزاری ئینتەرنیت کەمبکرێتەوەو وەزارەت بۆ ئەم مەبەستە داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئینتەرنیت دەکات هەرچی زووە نرخەکان دابشکێنن.
کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنیت لە هەرێمی کوردستان ، مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمەوە پێدراوە و پابەندی بڕیار و رێنماییەکانی وەزارەتن ، یەکێک لە بەرنامە و پلانەکانی وەزارەت بۆ ساڵی ٢٠١٦ دابەزاندنی نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنیت بوو کە ئێستا بۆتە بڕیار.
لەو خشتەیەدا ناوی کۆمپانیاکانی ئینتەرنیت لە هەرێمی کوردستان و جۆری خزمەتگوزاریەکانیان دیاری کراوەو دەبێت پابەندی ئەو بڕیارەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن.
ی.س




