ڕۆماتیزم (Rheuma) چییە؟
روماتیزم سەروو ١٠٠ جۆر نەخۆشی لەخۆدەگرێت، کەدوچاری چەندین بەشی جەستەی مرۆڤ دەبێت، بەجومگەکانو ماسولکەکانەوە، بڕبڕەی پشت، ئێسک، ئەندامە ھەناویەکان، ژێو بەستەرەکان، زۆرجار تێکڕا توشی ھەوکردنی درێژخایەن دەبن، بەھۆی تێکچونی بەرگری سروشتی جەستەوە، بێگومان جومگەکان لەو نەخۆشیە زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت.
زاراوەی Rheuma لەوشەیەکی کۆنی یۆنانیەوە وەرگیراوەو ئاماژە بەجۆرێک لەئازاری بەھێزدەکات،
کەمرۆڤ لەھەموو تەمەنێکدا دەشێت دوچاری بێت.
جۆرەکانی روماتیزم:
١. روماتیزم لەگەڵ ھەوکردندا:
- Rheumatoid Arthritis ھەوکردنی جومگەکان، بەتایبەتی جومگە بچوکەکانی وەک دەستو پەنجەکان.
- Spondylarthropathies کلێنچکو پشتو بڕبڕەکانی دەگرێتەوە، نەخۆشیەکانی (Morbus Bechterew ،Psoriasisarthritis ) دوو نمونەی ئەو جۆرەن.
- Immune Vasculitis جۆرێکی بەھێزی ئەو نەخۆشیەیە، ئەندامە ھەناویەکانو بۆری خوێنو
خانەکانی دیکەی جەستە دەگرێتەوە، ( Lupus Erythematodes, Artheritis Temporalis،
Scleroderma) لەنمونەکانی ئەو جۆرەن.
٢. روماتیزم بێ ھەوکردن:
روشانو داخورانو پوکانەوەی ئێسکو روپۆشی کڕکڕاگەیی جومگەکان (ێوفان Arthrosis /)
لەنمونەکانی ئەم جۆرەن لەڕوماتیزم.
نیشانەکانی روماتیزم:
روماتیزمی جۆری ھەوکردن بەھەندێک نیشانەی سەرەتایی وەک ئارەقکردنەوەی شەوانە، نائارامی، نەمانی بریقەی نینۆکەکانو تێکشکانیان، بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەش دەستپێدەکات.
پاشان دەرکەوتنی نیشانە سەرەکیەکانی وەک ئازاری شەوانەو بەیانیانی پەنجەکانوجومگەکانی دەستو مەچەک، بەیانیان رەقبون و بەگیروەستانی ئەو جومگانە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ خولەک.
پاشان تەنینەوەی جومگەکانی دیکە بەو نیشانانەی سەرەوەو خواربون و گێڕبونی پەنجەکان.
پاشان ھەندێکجار تەنینەوەی ئەندامە ھەناویەکان، چاو، پێست، دڵ و سیەکان.
لەگەڵ کاتدا بەردەوامبونی ھەوکردن و پێنەدانی دەرمان و رێنمایی و چەندین جۆر چارەسەری پێویست بەتوشبوان، بەگشتی کەمبونەوەی جوڵەو گەرم بون و ھەڵئاوسانی بەئازاری جومگەو ماسولکەکانی لێدەکەوێتەوە.
ھۆکارە سەرەکیەکان:
١. ھۆکارەکانی پەیوەست بەڕوماتیزمی جۆری ھەوکردن تاڕادەیەکی زۆر نەزانراوەو ھەندێکجار پەیوەندی بەفاکتەری بۆماوەییو جینیەوە ھەیەو بەوھۆیەوە تێکچونی سیستەمی بەرگری سروشتی جەستەی لێدەکەوێتەوەو(Autoimmunreaktion) خانەکانی بەرگری جەستە دژ بەجەستە کاردەکەنو زەرەرمەندی دەکەن، کەدواجار دەبێتە ھۆکارێک بۆ سەرھەڵدانی روماتیزم.
٢. ئەو نەخۆشیانەی بەھۆی داخورانو سوانی جومگەکانەوە رودەدەن (Arthrosis) بەڕۆماتیزمی بێ ھەوکردن ھەژمارددەکرێنو لەھۆکارەکانی وەک پەستانی تاک جەمسەری زۆرو ناھاوسەنگ، پێکانو برینداربونی پێشکات، بونی خواریو گێڕی لەئێسکەکاندا، کێش زۆریو کەمی جوڵە..ھتد سەرچاوەدەگرن.
ھۆکارە لاوەکیەکان:
بەپێی بۆچونی پڕۆفیسۆرو دکتۆری ئەڵمانی Dr. Zink ئەندامی DGRh ھۆکارە جینیو بۆماوەییەکان بەڕێژەی ٥٠٪ ھۆکارن بۆ توشبون بەڕوماتیزمی جۆری ھەوکردو، ھەرچی ٥٠٪ی دیکەیە تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بەنەریتی ژیانی رۆژانەوە ھەیە.
فاکتەری ژینگەییو کارکردن و بەریەککەوتنی زۆر لەگەڵ مادەی سیلیکۆنو ھەندێک جۆر رۆن بەھەمان شێوە ئەگەری توشبون بەڕوماتیزم زیاددەکەن.
چارەسەرو خۆپاراستن:
١. بەپێی قسەی ھەمان پڕۆفیسۆر جگەرەکێشان و زۆرخواردنی گۆشتی سور ئەگەری توشبون بەڕوماتیزم زیاددەکەن، لەکاتێکدا ھەردوو ڤیتامینی A, C ، زەڵاتەو سەوزی، Omega ٣، رۆنی زەیتون، ماسیو گیاندارە ئاویەکان بەگشتی ئەگەری توشبون کەمدەکەنەوەو بۆ توشبوانیش زۆر بەسودن.
٢. لەکاتی بونی ئازارو گرژی و بەگیروەستانی زۆردا پێدانی دەرمانەکانی وەک Cortison, Diclofenac, Paracetamol, Opioide, Metamizol لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە بژاردەی باشن، ئەگەرچی زۆر بەکارھێنانیان چەندین کێشەی لاوەکی لێدەکەوێتەوە.
٣. بەردەوامی لەجوڵەو وەرزشی گونجاو رێگەچارەیەکی زۆر بەسودو بێ زیانی لاوەکیە.
٤. بەگەڕخستنەوەو کەمکردنەوەی ئازار لەڕێی چارەسەری فیزیاییو پێدانی گەرمیو ھەندێکجار ساردی، چارەسەر بەئامێری سۆنارو کارەبا لەڕێگەچارە سەرەکیەکانن.
٥. لەسەر ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتی لەئێستادا باس لە Basistherapy دەکرێت کەدەرمانەکانی
Methotrexat, Sulphasalazin, Leflunomid, Chloroquin و Cyclosporin A
لەخۆدەگرێت. سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ Methotrexat بەنەخۆش دەدرێت، ئەگەر زۆر کاریگەر نەبوو دەکرێت لەگەڵ یەکێکی دیکە لەو دەرمانانە بەکاربھێنرێت، یان تەنھا یەک جۆری دیکە بەکاربھێنرێت.
ی.س
