مووچەی وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی گەیشتە هەرێمی کوردستان
حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی 250 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەرکرد، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت بڕێک پارە گەیشتووە.
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 29-1-2018 وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دەرکردووە بڕی 250 ملیار دینار بۆ مووچەی وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستیی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت، بڕیارەکەیشی بۆ بانکی ناوەندی ناردووە.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە کە بڕە پارەیەک لە بەغداوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام بڕەکەی ئاشکرانەکرد. گوتیشی: "چاوەڕێی نووسراوی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ جووڵەپێکردنی".