ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

وەزارەتی خوێندنی باڵا؛ ئەمساڵیش وەک ساڵانى پێشوو زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بۆ دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەڕەخسێنرێت

لەکۆبونەوەیەکدا بەسەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئامادەکارییەکان و پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) تاوتوێکرا، وەزیرى خوێندنى باڵاش زانکۆکانى ڕاسپارد وەک ساڵانى پێشوو زۆرترین دەرفەتى خوێندن بڕەخسێنن بۆ بەدیهێنانى ئاواتى گەنجان و لاوانى هەرێمەکەمان. ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكه‌وتی (2023/8/23) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، کۆبونەوەیەک لەگەڵ بەڕێوەبەرى تۆمارى سەرجەم زانکۆ حکومییەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، لەکۆبونەوەکەدا پلان و ئامادەکارییەکانى وەزارەت تایبەت بە وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) گفتوگۆى لەبارەوە کرا. لە سەرەتادا وەزیرى خوێندنى باڵا پیرۆزبایى لە قوتابیان و خوێندکارانى دەرچوى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی کردو هیواى سەرکەوتنى لە قۆناغى داهاتوى ژیان بۆ خواستن، دواتر سوپاسى سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکان و بەڕێوەبەرایەتى تۆمارى زانکۆکانى کوردستانى کرد بۆ ماندوبون و شەونخونیان و خزمەتکردن بە نەوەى داهاتوى هەرێمەکەمان. د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە ئامانج لەم کۆبونەوەیە دانانى میکانیزم و پلان و ئامادەکارییە بۆ ساڵى نوێى خوێندن، بە شێوەیەک هاوتەریب بێت بۆ سودى دەرچوان و پێداویستیەکانى بازاڕى کار، بۆ ئەمەش وتى: بۆ یەکەمجار لەمێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان لەماوەى ساڵانى ڕابردوو، توانیمان زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخان بکەین و هەلى گونجاوى خوێندن لە زانکۆ حکومییەکان بۆ دەرچوان بڕەخسێنین و لانى کەمى ڕەنگدانەوەى دادپەروەرى و شەفافیەت و یەکسانى بێت لە نێوان کوڕان و کچانى هەرێمەکەمان. د. ئارام محمد قادر دوپاتیشیکردەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا بەڕەچاوکردنى کواڵتى خوێندن و لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى پلانێکى تۆکمە، ئمساڵیش کار بۆ وەرگرتنى خوێندکاران و قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەکات، لەبارەى پرسى دارایى و بارودۆخى قوتابیان و خوێندکاران، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕاگەیاند: بەهۆى داشکان لە کرێى خوێندن ساڵانە دەیان ملیار دینار بۆ خانەوادەى خوێندکاران و قوتابیان گەڕێنراوەتەوە، ئەمەش لەو پێناوەى پارە نەبێتە ڕێگر لەبەردەم بە دیهێنانى خەون و خولیاکانى گەنجانمان، بەڵێنیش دەدەین بە هەمان سیاسەت و ستراتیژ بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردن بە رۆڵەکانى وڵاتى خۆمان، بۆیە وەک ساڵانى پێشوو ڕێگە نادەین پرسى دارایى ببێتە هۆکار بۆ لەبارچونى خەونى لاوەکانمان. لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا لەلایەن بەڕێوبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن و بەڕێوەبەرى تۆمارى گشتى زانکۆکان، گفتوگۆ لەبارەى شێواز و بابەتەکانى تایبەت بە وەرگرتن بۆ ساڵى نوێى خوێندن کراو بڕیارى پێویستیان لەبارەوە درا.

ب?اوکردن?و?