ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

شێرپەنجە کۆڵۆن

گرنگترین نیشانەو مەترسیەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن چین؟ ئایا پشکنینی پێش وەختە هۆکارە بۆ زوو دەست نیشانکردنی شیرپەنجەی کۆڵۆن؟ هەموو ساڵێك مانگی مارس دیاری كراوە بۆ هۆشیاری لەشێرپەنجەی كۆڵۆن و پسپۆڕانی تەندروستی باس لەگرنگی پشكنینی پێشوەخت و پشتیوانی تووشبووان و چاكبووەكان و خێزانەكانیان دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخۆشیە. بەپێی ئامارەكان لەسەر ئاستی جیهان شێرپەنجەی كۆڵۆن بەسێیەم جۆری باوی جۆرەكانی شێرپەنجە دادەنرێت و دەگاتە لە10%ی كۆی جۆرەكانی شێرپەنجە و ئەم نەخۆشیە لەنێو وڵاتە پێشكەوتووەكاندا ڕێژەكەی بەرزە و لە65%ی كۆی تووشبوون لەنێو وڵاتانی پێشكەوتوودایە. شێرپەنجەی كۆڵۆن باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێو پیاوان و دووەم جۆری شێرپەنجەی باو دادەنرێت لەنێو ژنان لەدوای شێرپەنجەی مەمك و بەدووەم هۆكاری گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجە دادەنرێت لەجیهان و ساڵانە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی نزیكەی یەك ملیۆن كەس. شێرپەنجەی كۆڵۆن چیە: - شێرپەنجەی كۆڵۆن و ناسراو بەشێرپەنجەی ناوسك بریتیە لەجۆرێكی شێرپەنجە كە لەناو كۆڵۆن و بەشەكانی ناوسك دروست دەبێت بەهۆی ڕوودانی گەشەكردنێكی ناسروشتی خانەكان كە توانای هێرشكردن و بڵاوبوونەوەی هەیە لەبەشەكانی دیكەی لەش. زۆرینەی جار شێرپەنجەی كۆڵۆن وەك گرێیەكی پاك یان وەك گرێیەكی گۆشتی دەستپێدەكات و بەتێپەڕبوونی كات دەگۆڕێت بۆ شێرپەنجە. هۆكارەكانی مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن: - سیستمی خۆراكی خراپ و قەڵەویی. - جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحول. - كەمی جووڵە و چالاكی جەستەیی. - خواردنی گۆشتی سور و گۆشتە چارەسەركراوەكانی وەك گۆشتی سوێركراو و ووشككراو و گۆشتی لەقتوونراو و گۆشتی خۆشكراو. - نەخۆشیەكانی هەوككردنی ناوسك. - تێكچوونی جیناتی بۆماوەیی كەتەنیا لە5%ی حاڵەتەكان پێكدەهێنێت. دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن: * ئەو جۆرە نەخۆشیە لەرێگەی وەرگرتنی نمونەیەك لەكۆڵۆن لەرێگەی هەناوبینی دەست نیشان دەكرێت لەدوای وێنەگرتنی پزیشكی بۆ دیاری كردنی ئاستی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەكە. پشكنینی پێشوەختەی شێرپەنجە بەرێوشوێنێكی چالاك دادەنرێت بۆ رێگرتن و كەمكردنەوەی گیان لەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەی كۆڵۆن و پزیشكان رێنمایی دەدەن ئەو جۆرە پشكنینانە لەسەرەتای تەمەنی پەنجا ساڵیەوە تاوەكو حەفتاو پێنج ساڵی بكرێت. چارەسەركردنی شێرپەنجەی كۆڵۆن: * ئەو نەخۆشیە چارەسەر دەكرێت لەرێگەی كۆكردنەوەی چەند شێوازێك ئەوانیش نەشتەرگەری و چارەسەری تیشكی و چارەسەری كیمیایی و چارەسەر لەرێگەی شەپۆلەوە. ئەو شێرپەنجانەی لەناو دیواری كۆڵۆندان زیاتر شایەنی چارەسەركردنن لەرێگەی نەشتەرگەری، لەكاتێكدا قورسە چارەسەركردنی ئەو نەخۆشیە لەكاتی بڵاوبوونەوەی و گواستنەوەی بۆ بەشەكانی دیكەی لەش. نیشانەكانی تووشبوون بەشیرپەنجەی كۆڵۆن: لەنیشانەكانی تووشبوون بەم جۆرە شێرپەنجەیە بریتیە لەبوونی خوێن لەناو پیسایی و قەبزبوونی توند یان سكچوون و سك ئێشە لەگەڵ لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و كێش و هەستكردن بەگێژبوون و هیلاكی بەردەوام و ڕشانەوە.ڕوودانی خوێنبەربوون یان تووشبوون بەكەم خوێنی بەنیشانەی مەترسیدار دادەنرێت لای ئەو كەسانەی تەمەنیان لەسەروو پەنجا ساڵیەوەیە و زۆرینەی شێرپەنجەی كۆڵۆن بەهۆكاری پەیوەندیدار بەشێوازی ژیان و بەساڵاچوون لەگەڵ ژمارەیەكی كەمی حاڵەتەكان بەهۆكاری بۆماوەیی ڕوودەدات. دەكرێت مەترسیەكانی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن كەمبكرێتەوە لەرێگەی گرتنەبەری شێوازێكی ژیانی تەندروست و كەمكردنەوەی هۆكارە مەترسیدارەكانی ئەو نەخۆشیە وەك قەڵەوی و كەمی جوڵەی جەستەیی و سیستمی خۆراكی خراپ و جگەرەكێشان و خواردنەوەی كحول. خواردنەوەی پێنج كوپ ئاو لەرۆژێكدا و خواردنی میوە و سەوزەوات و كەمكردنەوەی خواردنی گۆشتی سوور و گۆشتی دەستكاری كراو رۆڵی هەیە بۆ كەمكردنەوەی مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆڵۆن و هەروەها زیادكردنی چالاكی جەستەیی وەك رۆیشتن و پاسكیلسواری و سەركەوتن بەقادرمە لەبری بەكارهێنانی بەرزكەرەوە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسیەكان. ی.س

ب?اوکردن?و?