
👈 بیهێنەرەوە یادی خۆت پار ساڵ لەم کاتەدا چەندین کەسی خۆشەویست لە خزم و دراوسێی و هاوڕێ ، مابوون و بەتەمای عیبادەت بوون !!
ئێستا مردوون و لە گۆڕستانن ، من و تۆ سوپاسی خوای گەورە بکەین کە مۆڵەتیداین ئەم ساڵیش ئەم ڕۆژە گەورانە بە عیبادەت بڕازێنینەوە.
✅ یەكێك لە نیعمەت وچاكەكانی پەروەردگار بەسەر ئێمەی تەمەن كورتەوە ئەوەیە كە هەندێك كات وساتی پێ بەخشیوین خێر وپاداشتی كردەوەكان تیایدا زۆر زۆر زیاتر وگەورەترە لەكاتەكانی تر ، وەك :
⚘ دەڕۆژی نۆمینەی حاجیان .
مانگی ڕەمەزان.
دە شەوی كۆتایی ڕەمەزان و ... هتد.
چونكە تەمەنی ئوممەتی پێغەمبەر ️ ﷺ زۆر كورتە لەچاو تەمەنی ئوممەتانی پێشوودا ، هی وایان هەبووە نزیكەی 1000ساڵ تەمەنی بووە ـ
بەڵام زۆربەی ئەم ئوممەتە تەمەنیان لە ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵە وەك پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت : ( أَعْمَارُ أُمَّتِي مَا بَيْنَ السِّتِّينَ إِلَى السَّبْعِينَ ، وَأَقَلُّهُمْ مَنْ يَجُوزُ ذَلِكَ ) صحيح الجامع برقم 1073.
٠🔔 جا بەپشتیوانی پەروەردگار لێرەدا بەكورتی باسی فەزڵ وگەورەیی ئەم دە ڕۆژە دەكەین لەگەڵ هەندێك لەو كردەوانەی تیایدا ئەنجام دەدرێت :
فەزڵ وگەورەیی نۆمینەی حاجیان :
1 ـ خوای گەورە سوێندی پێ خواردوە ، هەرشتێكیش خودا سوێندی پێ بخوات دیارە گەورە وگرنگە ، وەك خوای گەورە دەفەرموێت :
{ وَالْفَجْرِ (1) وَلَيَالٍ عَشْرٍ (2) } .
واتە : سوێن بەبەرە بەیان ، وەسوێند بە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی حاجیان .
2 ـ خودا ناوی ناوە بە دە ڕۆژە زانراوەكە وكردویەتی بە جێگای پەرستن وزیكر ویاد كردنی لە لایەن بەندەكانیەوە ودەفەرموێت :
{ وَأَذِّنْ فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يَأْتُوكَ رِجَالا وَعَلَى كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِنْ كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ * لِيَشْهَدُوا مَنَافِعَ لَهُمْ وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَعْلُومَاتٍ عَلَى مَا رَزَقَهُمْ مِنْ بَهِيمَةِ الأَنْعَامِ } سورة الحج الآية 27 ـ 28 .
واتە : ئەی ئیبراهیم جاڕ بدە بەناو خەڵكیدا وئاگارداریان بكە با بێن بۆ حەج ، بەدڵنیایەوە دێن بۆ حەج كردن بە پیادە وبەسواری هەموو وشترێكی لەڕ ولاواز ـ بەهۆی دووری ڕێگاكەوە لاواز بوون ـ ، دێن لەهەموو شوێنێكی دوورەوە ، هەتا ئامادەی زۆرێك لە سودە ئاینی ودونیاییەكانی حەج ببن لە پاداشتی گەورە ولێخۆش بوون وبازرگانی كردن ، وەناوی پەروەردگار ببەن لەسەر سەربڕینی ئەو وشتر ومانگا ومەڕ وبزنانەی پێیانی بەخشیوە لە ڕۆژانێكی زانراو ودیاری كراودا ـ كە بریتیە لەڕۆژەكانی سەرەتای مانگی حاجیان بەتایبەتی ڕۆژی دەیەم هەتا سیانزە ، چونكە لەم چوار ڕۆژەدا قوربانی دەكرێت .
3 ـ كردەوەی چاك لەم دە ڕۆژەدا زۆر خۆشەویست ترە لەكاتەكانی تر ، وەك پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت :
( مَا مِنْ أيَّامٍ ، العَمَلُ الصَّالِحُ فِيهَا أحَبُّ إِلَى اللهِ مِنْ هذِهِ الأَيَّام ) يعني أيام العشر . قالوا : يَا رسولَ اللهِ ، وَلاَ الجِهَادُ في سَبيلِ اللهِ ؟ قَالَ : ( وَلاَ الجِهَادُ فِي سَبِيلِ اللهِ ، إِلاَّ رَجُلٌ خَرَجَ بِنَفْسِهِ وَمَالِهِ ، فَلَمْ يَرْجِعْ مِنْ ذَلِكَ بِشَيءٍ ) رواة البخاري برقم 969 .
واتە : هیچ ڕۆژێك نیە كردەوەی چاك تیایدا خۆشەویست تر بێت لای خودا ئەوەندەی ئەم دە ڕۆژە . هاوەڵان فەرمویان : تەنانەت جیهادیش لەپێناوی خوادا ئەوەندەی كردەوەی ئەم دە ڕۆژە خۆشەویست تر نیە لای پەروەردگار ئەی پێغەمبەری خوا ️ ﷺ ؟ . فەرموێ : جیهادیش لەپێناوی خوادا ئەوەندە خۆشەویست نیە لای پەروەردگار مەگەر پیاوێك چووبێت بۆ جیهاد بە خۆی وماڵیەوە ، بەهیچیەوە نەگەڕابێتەوە ـ واتە : خۆی شەهید بووبێت وماڵەكەیشی تیاچوبێت ـ .
4 ـ چاکترین و گەورترین ڕۆژی دونیا ئەم دە ڕۆژەیە وەك پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت :
( أَفْضَلُ أَيَّامِ الدُّنْيا أَيَّامُ العَشْرِ ) صحيح: صحيح الجامع برقم 1133 .
واتە : گەورەترین وچاكترین ڕۆژەكانی دونیا دە ڕۆژی سەرەتای مانگی حاجیانە .
ئەم دە ڕۆژە ڕۆژەکانی گەورەترە لەشەوەکانی، تەنانەت لەدە ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەمەزانیش پیرۆزترە، چونکە لەگەڵ ڕۆژوو گرتندا حەجو قوربانی کردن و جۆرەها بەندایەتی کردنی تری تیایە، بەڵام دە شەوی کۆتایی ڕەمەزان لە ئەم دەشەوە خێرترە، چونکە شەوی قەدری تیایە.
5 ـ ڕۆژانێكە حەجی ماڵی خوای تێدا دەكرێت ، چونكە ئەركەكانی حەج دەست پێدەكات لە ( یوم التروية ) كە دەكاتە ڕۆژی هەشتەمی مانگی حاجیان ، بێگومان حەجیش پایەیەكی گەورەی ئیسلامە .
6 ـ ڕۆژی عەرەفەی پیرۆزیش هەر دەكەوێتە ناو ئەم دە ڕۆژەوە كە ڕۆژی نۆیەمە ، عەرەفەیش ڕۆژێكی زۆر گەورە وپیرۆزە و بەڕۆژوو بوونی دەبێتە هۆی سڕینەوەی گوناهی دوو ساڵ، وە خۆشەویستمان ️ ﷺ دەفەرموێت:
(صَوْمُ يَوْمِ عَرَفَةَ يُكَفِّرُ سَنَتَيْنِ, مَاضِيَةً وَمُسْتَقْبَلَةً) صحيح الجامع 7254.
واتە: بەڕۆژوو بوونی ڕۆژی عەرەفە دەبێتە هۆی سڕینەوەی گوناهی دوو ساڵ: ساڵێكی ڕابووردوو ، وەساڵێكی داهاتوو.
7 ـ هەروەها ڕۆژی جەژنی قوربانیش دەكەوێتە ناو ئەم دە ڕۆژەوە كەدەكاتە ڕۆژی دەیەم ، كە گەورەترینی ڕۆژەکانی ساڵە، وەك پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت :
( إِنَّ أَعْظَمَ الأَيَّامِ عِنْدَ اللَّهِ يَوْمُ النَّحْرِ ثُمَّ يَوْمُ الْقَرِّ ) المشكاة برقم 2643 .
واتە : بێگومان گەورەترین ڕۆژ لەلای خودا ڕۆژی جەژنی قوربانە پاشان ڕۆژی قەڕ دووەم ڕۆژی جەژنی قوربانە .
هەندێك كردەوەی چاك كە لەم دە ڕۆژەدا زۆر خێرە ئەنجام بدرێت :
1 ـ زیكر ویادی خوای گەورە :
خوای گەورە دەفەرموێت : { وَيَذْكُرُوا اسْمَ اللَّهِ فِي أَيَّامٍ مَعْلُومَاتٍ } .
واتە : زیكری خودا بكەن وناوی خودا ببەن لەچەند ڕۆژێكی دیاری كراودا .
پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت :
( مَا مِنْ أَيَّامٍ أَعْظَمُ عِنْدَ اللَّهِ وَلَا أَحَبُّ إِلَيْهِ الْعَمَلُ فِيهِنَّ مِنْ هَذِهِ الْأَيَّامِ الْعَشْرِ ، فَأَكْثِرُوا فِيهِنَّ مِنَ التَّسْبِيْحِ وَالتَّحْمِيدِ وَالتَّكْبِيرِ وَالتَّهْلِيلِ ) رواه الإمام أحمد وصححه الشیخ أحمد بن محمد شاکر.
واتە : هیچ ڕۆژێك نیە كردەوەی چاكە تیایدا گەورەتر بێت وخۆشەویست تر بێت لای پەروەردگار ئەوەندەی ئەم دە ڕۆژە ، بۆیە سبحان الله والحمد لله والله أكبر ولاإلە إلاّ الله ی زۆری تێدا بكەن .
2 ـ گرنگی دان بە نوێژەكان :
موسوڵمانی بەڕێز : هەوڵبدە نوێژەكانت لەكاتی خۆیدا بەجەماعەت بكە ، وەنوێژە سوننەتەكانیش بكە بەم شێوەیە :
دوو ڕكاتی پێش بەیانی وچواری پێش نیوەڕۆ وچواریش لەدوایەوە وچوار ڕكات پێش عەسر ودوو ڕكات دوای مەغریب ودوو ڕكاتیش لە دوای عیشا بكە ، وە شەو نوێژ بكە : سێ ڕكات یان پێنج ڕكات یان حەوت ڕكات یان نۆ ڕكات یان یانزە ڕكات بكە ، كەلەدوای عیشاوە دروستە ئەنجامی بدەیت هەتا بانگی بەیانی .
هەروەها نوێژی چێشتەنگاویش بكە : دەتوانیت دوو ڕكات بكەیت یان زیاتر لەوە بكەیت چەندە توانات هەبێت .
عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ، ( أَنّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مَرَّ بِقَبْرٍ، فَقَالَ: مَنْ صَاحِبُ هَذَا الْقَبْرِ ؟ فَقَالُوا: فُلانٌ، فَقَالَ: رَكْعَتَانِ أَحَبُّ إِلَى هَذَا مِنْ بَقِيَّةِ دُنْيَاكُمْ ) صحيح الترغيب والترعيب برقم 391 .
واتە : لە ئەبو هورەیرەوە دەفەرموێت : پێغەمبەر ️ ﷺ بەلای گۆڕێكدا تێپەڕی ، پاشان فەرموی : كێ خاوەنی ئەم گۆڕەیە ؟ هاوەڵان فەرمویان : فڵانەكەس . پێغەمبەر ️ ﷺ فەرموی: دوو ڕكات نوێژ خۆشەویست ترە لای ئەم مردووە لەهەموو دونیاكەتان.
هەروەها پێغەمبەری خۆشەویست ️ ﷺ دەفەرموێت :
( عَلَيْكَ بِكَثْرَةِ السُّجُودِ ؛ فَإِنَّكَ لَنْ تَسْجُدَ للهِ سَجْدَةً إلا رَفَعَكَ اللهُ بِهَا دَرجَةً ، وَحَطَّ عَنكَ بِهَا خَطِيئةً ) مسلم .
واتە : پێویستە لەسەرت سوژدە زۆر ببەیت ـ واتە نوێژ زۆر بكەیت ـ ، چونكە یەك سوژدە نابەیت بۆ خودا ئیللا بەهۆیەوە خودا پلەیەك بەرزت دەكاتەوە وگوناهێكت لێ دەسڕێتەوە .
3 ـ بەڕۆژوو بوون :
سوننەتە ئەم نۆ ڕۆژە بەڕۆژوو ببیت ، چونكە پێغەمبەر صلی الله علیەوسلم لەم نۆ ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبوو ، وەك هەندێك لەخێزانەكانی ️ ﷺ دەفەرموون :
( كَانَ رَسُولُ اللَّهِ صلى الله عليه وسلم يَصُومُ تِسْعَ ذِى الْحِجَّةِ ) صحيح سنن أبي داود برقم 2129 .
واتە : پێغەمبەر ️ ﷺ نۆ ڕۆژی سەرەتای مانگی حاجیان بە ڕۆژوو دەبوو .
بەتایبەتیش ڕۆژی نۆیەم کە دەکاتە ڕۆژی عەرەفە وەک باسمان کرد.
4 ـ خێر كردن وبەخشینی ماڵ وسامان :
خوای گەورە دەفەرموێت :
{ مَثَلُ الَّذِينَ يُنْفِقُونَ أَمْوَالَهُمْ فِي سَبِيلِ اللَّهِ كَمَثَلِ حَبَّةٍ أَنْبَتَتْ سَبْعَ سَنَابِلَ فِي كُلِّ سُنْبُلَةٍ مِائَةُ حَبَّةٍ وَاللَّهُ يُضَاعِفُ لِمَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ وَاسِعٌ عَلِيمٌ } سورةتي البقرة : 261 .
واتە : نمونەی ئەو باوەڕدارانەی كە ماڵ وسەروەتیان دەبەخشن لە پێناوی خوای گەورەدا وەكو نمونەی دەنكە گەنمێك وایە كە لەزەویەكدا بچێنرێت ، ئیتر سەوز دەبێت وچەند چڵ ولقێكی لێ دەبێتەوە وحەوت گوڵە گەنم بگرێت ، لەهەر گوڵێكیدا سەد دەنكە گەنمی تێدابێت ـ واتە : حەوت سەد دەنكە گەنمی گرت ـ ، وەخوای گەورە خێر وپاداشت چەند قات دەكات بۆ هەركەسێك كەخۆی بیەوێت ، وەچاكە وبەخششی خوای گەورە فراوانە وزۆر زانا وئاگادارە .
پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت :
( وَالصَّدَقَةُ تُطْفِىءُ الخَطِيئَةَ كَمَا يُطْفِىءُ المَاءُ النَّارَ ) صحيح الترغيب والترهيب برقم 866 .
واتە : خێر وماڵ بەخشین تاوان دەسڕێتەوە وەكو چۆن ئاو ئاگر دەكوژێنێتەوە .
5 ـ قورئان خوێندن :
پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت : ( مَنْ قَرَأ حَرْفاً مِنْ كِتَابِ اللهِ فَلَهُ حَسَنَةٌ ، وَالحَسَنَةُ بِعَشْرِ أمْثَالِهَا ، لاَ أقول : ألم حَرْفٌ ، وَلكِنْ : ألِفٌ حَرْفٌ ، وَلاَمٌ حَرْفٌ ، وَمِيمٌ حَرْفٌ ) الصحيحة.
واتە : هەركەسێك پیتێك لە قورئان بخوێنێت چاكەیەكی بۆ هەیە ، وەچاكەیەكیش بە دە چاكە تۆمار دەكرێت ، ناڵێم : ئەلف ولام ومیم یەك پیتە ، بەڵكو ئەلف پیتێكە ولام پیتێكە ومیمیش پیتێكە .
پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت :
( إِنَّ اللَّهَ يَرْفَعُ بِهَذَا الْكِتَابِ أَقْوَامًا وَيَضَعُ بِهِ آخَرِينَ ) مسلم برقم 1934 .
واتە : خوای گەورە بەهۆی ئەم قورئانەوە پلەوپایەی خەڵكانێك بەرز دەكاتەوە وڕیزداریان دەكات ، وەهەر بەهۆی قورئانەوە خەڵكانێكی تر زەلیل ونەوی وبێ ڕێز دەكات .
واتە : ئەوەی باوەڕی بە قورئان هەبێت وبخوێنێتەوە وهەواڵەكانی بەڕاست بزانێت وفەرمانەكانی جێبەجێ بكات ولەقەدەغەكراوەكانی خۆی بەدوور بگرێت ئەوە خوای گەورە پلەوپایەی بەرز دەكاتەوە لەدونیا ودواڕۆژدا ، بەڵام ئەوەی بەم شێوە نەبێت ئەوە خوای گەورە زەلیل وڕیسوا ونەوی دەكات لەدونیا ودواڕۆژدا .
6 ـ بەشداری كردن لەگەڵ حاجیەكان بە لانەبردنی مووەكان ونەكردنی نینۆك بۆ كەسێك دەیەوێت قوربانی بكات هەتا حەیوانەكەی سەر دەبڕێت :
پێغەمبەری خۆشەویست ️ ﷺ دەفەرموێت
( إِذَا دَخَلَتِ الْعَشْرُ وَأَرَادَ أَحَدُكُمْ أَنْ يُضَحِّىَ فَلاَ يَمَسَّ مِنْ شَعَرِهِ وَبَشَرِهِ شَيْئًا ) مسلم 5232 .
واتە : ئەگەر سەرەتای دە ڕۆژی یەكەمی مانگی حاجیان هات ویەكێك لە ئێوە ویستی هەبوو قوربانی بكات با هیچ لە مووەكانی وپێستی لانەبات .
پێغەمبەری ️ ﷺ دەفەرموێت:
( إِذَا رَأَيْتُمْ هِلاَلَ ذِى الْحِجَّةِ وَأَرَادَ أَحَدُكُمْ أَنْ يُضَحِّىَ فَلْيُمْسِكْ عَنْ شَعْرِهِ وَأَظْفَارِهِ ) مسلم 5234 .
واتە : ئەگەر مانگی حاجیانتان بینی وكەسێك لەئێوە دەیویست قوربانی بكات با مووەكانی لانەبات ونینۆكی نەكات .
وەلەڕیوایەتێكی تردا دەفەرموێت : ( فَلاَ يَأْخُذَنَّ مِنْ شَعْرِهِ وَلاَ مِنْ أَظْفَارِهِ شَيْئًا حَتَّى يُضَحِّىَ ) مسلم 5236 .
واتە : با هیچ لە مووەكانی ونینۆكەكانی نەگرێت هەتا قوربانیەكەی دەكات ـ واتە : هەتا حەیوانەكەی سەردەبڕێت ـ .
🔔 تێبینی: ئەو كەسەی دەیەوێت قوربانی بكات حەرامە مووەكانی لاشەی یان نینۆكی بكات، چونکە پێغەمبەر ️ ﷺ نەهی لێ دەکاتو نەهیش ئەصل وایە بۆ حەرام کردنە. (برِوانة : نيل الأوطار للشوكاني ومجموع الفتاوى لابن عثيمين رحمهما الله تعالى).
7 ـ دوعاو پاڕانەوە :
بەتایبەتیش لە ڕۆژی عەرەفەدا، وەك پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت:
(خَيْرُ الدُّعَاءِ دُعَاءُ يَوْمِ عَرَفَةَ، وَخَيْرُ مَا قُلْتُ أَنَا وَالنَّبِيُّونَ مِنْ قَبْلِي: لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ المُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ) ( حسن المشكاة 2598 ، التعليق الرغيب 242 / 2 ، سلسلة الأحاديث الصحيحة 1503 ).
واتە: باشترین پاڕانەوە پاڕانەوەی ڕۆژی عەرەفەیە، وەباشترین شتێ كە منو پێغەمبەرانی پێش من وتوومانە بریتیە لە: (لَا إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ وَحْدَهُ لَا شَرِيكَ لَهُ، لَهُ المُلْكُ وَلَهُ الحَمْدُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ).
8 ـ قوربانی كردن :
ئەو كەسەی توانای هەبێت وهەژار نەبێت واجبە هەموو ساڵێك حەیوانێك بكات بەقوربانی وەك پێغەمبەر ️ ﷺ دەفەرموێت:
( يَا أَيُّهَا النَّاسُ عَلَى كُلِّ أَهْلِ بَيْتٍ فِى كُلِّ عَامٍ أُضْحِيَّةٌ ) صحيح أبي داود برقم 2421
واتە : ئەی خەڵكینە پێویستە لەسەر هەموو خاوخێزانێك لە هەموو ساڵێكدا قوربانیەك بكەن .
ئەم قوربانی کردنەیش لەڕۆژی جەژندا لەدوای نوێژی جەژنەوە دەکرێت هەتا خۆر ئاوا بوونی ڕۆژی چوارەمی جەژن.
خوای گەورە هیدایەتمان بدات ئەم ڕۆژانە وەک خۆی بە عیبادەت بەڕێبکەین تائــــەو بەهەشتە خۆشە ببێتە نسیبمان.
ی.س
ب?اوکردن?و?