ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

هۆکارەکانی چەوری جگەرو چارەسەرییەكانی

ئەلکھۆل ھۆکارێکی سەرەکی ھەوکردنی جگەرەو بۆی هەیە لە ماوەیەكی درێژدا ببێتە بە ڕیشاڵبوون و پەککەوتنی جگەر. ئەوەی لەم کورتە پۆستەدا دەمەوێت باسی بكەم، ئەو حاڵەتەی چەوری جگەرە، کە پەیوەندی بە ئەلکھۆلەوە نییە( Non-Alcoholic Fatty Liver Disease ) 1-لەدۆخی ئاساییدا، بڕێكی زۆر كەم، یاخود چەوری لە جگەر نابینرێت، ھەندێک کەس چەوری زێدەی لە جگەردا کۆدەبێتەوە، کە لای خەلک بە چەوری جگەر دەناسرێت . ھەر کاتێک ٥—١٠٪‏ لە کێشی جگەر بوو بە چەوری ، ئەو كاتە بە حالەتی چەوری جگەر دەناسرێت. 2-لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا نزیکەی ٢٥٪‏ ی دانیشتوان حالەتی چەوری جگەریان ھەیە. بەشێکی زۆر لەو کەسانە ئاگادارنین، كە ئەو چەوریەیان ھەیە. 3-چەوری جگەر لای زۆربەی کەسەکان ھیچ نیشانەیەک دروست ناکات و زۆربەی حاڵەتەکان بە ڕێکەوت لە رێگای پشکنینی خوێن یاخود سۆنار، کە بۆ مەبەستی نەخۆشیەكی تر بۆ كەسەكە دەكرێت ، بەدیار دەكەوێت. 4-بەشێکی کەم لەو نەخۆشانەی چەوری جگەریان ھەیە تووشی ھەوکردنی جگەر دەبن، لەو کاتانەدا لە پشکنینی خوێندا ئەنزیمەکانی جگەر بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوەو بۆی ھەیە وا لەنەخۆشەكە بكات ھەست بە ماندووبون و سك ئێشە بكات. 5-بەشێکی زۆر کەم لەو نەخۆشانەی، کە بەشێوەیەکی توند تووشی ھەوکردنی جگەر دەبن ، بۆی هەیە لەماوەیەكی درێژدا دووچاری ریشالبوونی جگەر ببن ، کە ئەمەش حالەتێکی ترسناکەو ئەگەر نەخۆشەکە چارەسەر وەرنەگرێت بۆی ھەیە ببێتە پەککەوتنی جگەر ، لەو حالەتەدا کۆمەڵێک نیشانە لە نەخۆشەکە دەردەکەوێت و دەبێت لە نزیکەوە لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆر چارەسەری وەربگرێت. 6-چەوری جگەر زیاتر لەو کەسانەی، کە کێشیان زیادە یان قەلەون، بە تایبەت لەو کەسانەی ورگیان گەورەیە بەدیاردەكەوێت . ھەروەھا ھەندێک نەخۆشی تر هەیە ئەگەری تووشبوون بە چەوری جگەر زیاد دەکات، وەك نەخۆشی شەکرەو ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە ، بە تایبەت چەوری سیانە (Triglycerides) . 7-ھەوکردنی جگەر بەھۆی چەوری جگەر زیاتر لەو كەسانە بەدیاردەكەوێت، كە لەنێوان تەمەنی ٤٠—٦٠ سالیدان، هاوكات ئەو منداڵانەش، كە كێشیان زیادەو قەڵەون ئەگەری تووش بوون بە چەوری جگەریان هەیە. 8-تێبینی کراوە ئەو کەسانەی قەڵەون و بە شێوەیەکی خێرا کێشیان دادەبەزێنن، ئەگەری تووش بوون بە چەوری جگەریان هەیە. 9-چارەسەری چەوری جگەر پەیوەستە بە گۆڕانکاری لە ژیانی نەخۆش . نەخۆش دەبێت لە پاڵ وەرزش، پەیڕەوی سیستەمێكی خواردنی تەندرووست بکات، ئەوانەی کێشیان زۆرە بەتایبەت ورگیان هەیە، دەبێت ھەوڵ بدەن بە شێوەیەکی تەندرووست کێشیان دابەزێنن ، بەشێوەیەك لەهەفتەیەكدا لەنیو بۆ یەک کیلۆ زیاتر نەبێت . ئەوانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ، دەبێت بەشێوەیەکی باش شەکرەكەیان کۆنتڕۆل بکرێت، ئەو نەخۆشانەی چەوری خوێنیان بەرزە بۆی ھەیە پێویستیان بە دەرمان بێت بۆ دابەزاندنی چەوری سیانە، لە زۆربەی ھەرە زۆری حالەتەکاندا دوای پەیڕەوکردنی رژێمێکێ خواردنی تەندرووست و دابەزاندنی کێش، چەوری جگەرو مەترسیەکانی نامێنێت. 10-تا ئێستا دەرمانێکی دیاریکراو بۆ چارەسەری چەوری جگەر نیە ، بەڵام دەکرێت جۆرێک لەو دەرمانانەی بۆ نەخۆشی شەكرە بەكاردەهێنرێت، بۆ بەشێك لەو نەخۆشانەش بەكاربهێنرێت، كە تووشی هەوكردنی جگەر بووینە، دیارە ئەوەش دەبێت لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆردا بێت . ٭د.عارف گۆران، پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو لەندەن

ب?اوکردن?و?