ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

دوای 48 ساڵ لە بونیادنانی زەڕایەن پێویستی بە خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە

ئەمڕۆ ١٥ی ئاب چل و هەشت ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر بونیادنانی ناحیەی زەڕایەن، دوای ٤٨ ساڵ هێشتا زەڕایەن پێویستی بەئاوڕدانەوەی زیاتر هەیە و کەمی خزمەتگوزاریی گرفتی بۆ دانیشتوانی سنوری ناحیەکە دروستکردووە. لەم ڕاپۆرتەدا زەڕایەن نیوز دیارترین پێداویستییەکانی زەڕایەن لەهەموو بوارەکاندا دەخاتەڕوو: ١- دابەشکردنی زەوی هەرچەندە لەڕۆژی 2026/7/20، لە قوناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە زەڕایەن دابەشکرا، بەڵام ئەو ڕێژەیە لەچاو ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان زۆر کەمە، هەوڵبدرێت بەزۆرترین کات قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی ئەنجامبدرێت ژمارەیەکی زۆرتر لە فەرمانبەران و خانەنشینان زەوی وەربگرن. ٢- بواری ڕێگاوبان بەشێکی ڕێگاوبان و شەقامەکانی زەڕایەن وەکو پێویست نییە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوه هەیە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا شەقامەکانی بەشێکی گەڕەکی ڕۆشنبیران قیرتاونەکراوه. شەقامەکانی گەڕەکی ڕاپەڕین کە گەورەترین گەڕەکی زەڕایەن تێکچووە و پێویستە سەرلەنوێ چاکبرێتەوە. ٣- بواری پەروەردە بەشێکی قوتابخانەکانی زەڕایەن پێویستیان بەنۆژەنکردنەوە هەیە بەتایبەتی قوتابخانەی هەوارانی بنەڕەتی. هەروەها کردنەوەی باخچەیەکی منداڵانی تر لە زەڕایەن پێویسته، چونکە تەنیا یەک باخچەی تێدایە ئەمەش لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی زەڕایەن ناگونجێت. کاربکرێت بۆ کردنەوەی قوتابخانەی نوێ. ٤- بواری تەندروستی بواری تەندروستی لەزەڕایەن پێویستی بە ئاوڕدانەوەی جدیی هەیە، مەڵبەندی تەندروستی شەهید چیا تاکە ناوەندی تەندروستییە لەناو سەنتەری ناحیەی زەڕایەن پێویستی بە خزمەتکردنی زیاتر هەیە لەڕووی زیادکردنی ستاف و پێداویستی پزیشکی. هەوڵبدرێت بینایەکی گەورە و فراوانی گونجاو بۆ مەڵبەندەکە دروستبکرێت. ٥- بواری سەوزایی نەبوونی پارکێکی گەورە لەزەڕایەن بۆ پشوودان و کات بەسەربردن. لەناو زەڕایەن تەنیا سێ باخچە هەیە ئەمەش لەچاو ڕووبەری زەڕایەن زۆر کەمە، هەوڵبدرێت ژمارەی باخچەکانی زیادبکرێت. ٦- دارستانی زەڕایەن دارستانی دەستکردی زەڕایەن پێوێستی بە ئاوڕدانەوە و خزمەتگوزاریی هەیە، چونکە تائێستا خزمەتگوزاریی پێویستی نییە بەتایبەت نەبوونی ئاو و شوێنی دانیشتن ٧- دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگان نەبوونی هەلی کار و دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان گرفتێکی گەورەیە، ماوەی چەندین ساڵە هیچ دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگا دانەمەزراوه، لەزۆربەی ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دامەزراندن بەگێربەست هەیە، بەڵام لەسنووری زەڕایەن نییە، پێویستە ئەم سنورەش بێ بەش نەبێت لە ڕەخساندنی هەلی دامەزراندن. ٨- گەیاندنی خزمەتگوزاریی بە گوندەکان سنووری ناحیەی زەڕایەن فراوانە چەندین گوندی تێدایە، بەشێکی زۆری گوندەکان پێویستیان بەگەیاندنی خزمەتگوزاریی هەیە، هەوڵبدرێت خزمەتی زیاتری گوندەکان بکرێت.

ب?اوکردن?و?