ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

ئەمشەو بڕی 71.627.000 حەفتاو یەک ملیون شەسەدو بیست و حەوت هەزار دینار گەیاندنی هاوکاریی خێرخوازان بۆ کاکە هەستیار کۆسار پشتەیی تەسلیمی کەسوکاری کرا

​سوپاس و ستایش بۆ پەروەردگاری میهرەبان، کە ڕێگەی پێداین و توانیمان بە هاوکاری و بەخشندەیی ئێوەی ئازیز ئەمانەتەکە بگەیەنینە شوێنی ڕاستەقینەی خۆی. ​ئەمشەو، بە شاهیدیی کۆمەڵێک لە پیاوانی بەڕێزی ناوچەکە و خانەوادەی کاک کۆسار، سەرجەم ئەو بڕە پارەیەی لە ماوەیەکی زەمەنیی پێوانەیی و کەمدا کۆکرابووەوە، بە هەموو ئەمانەت و ڕاستگۆییەکەوە پێشکەش بە خانەوادەی کاکە هەستیار کۆسار پشتەی کرا (کە بەهۆی لەدەستدانی گورچیلەکانی پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە). ​بڕی پارەی گەیەندراو: (٧١,٦٢٧,٠٠٠) حەفتا و یەک ملیۆن و شە سەد و بیست و حەوت هەزار دینار. ​دەستخۆشی و سوپاسی بێپایان بۆ: ​خێرخوازانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان کە هەمیشە دەستی بەخشندەییان ئاواڵایە. ​برا بەڕێزەکانمان لە دەرەوەی وڵات کە دووریی ڕێگا نەبووە ڕێگر لە هاوسۆزییان. ​کاک حاجی (جێگر و ساردە و بەڕێز ڕەزا و بەمۆی حاجی حمەامین) و سەرجەم هاوڕێ و هاوکارە دڵسۆزەکانی کە شەو و ڕۆژیان خستە سەر یەک بۆ سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە. ​خێر و بەخشینەکانتان بە ئەمانەتەوە تەسلیم کرا. دڵمان بە بوون و هاوسۆزیتان خۆش و گەرمە؛ داواکارین لە خودای گەورە پاداشتی خێرتان بداتەوە و دڵی هەموو لایەکتان خۆش بکات. ​سوپاس بۆ هەموو لایەک.. 🤲🏼 م. بورهان عەلی ئەنجومەن / کارزان عومەر ی.س

وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچەی مانگی ئاب و تەرازووی پێداچوونەوەی تەمووزی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرد

وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە ئەمڕۆ یەکشەممە ( ٢٣ی ئابی ٢٠٢٦ ) تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی لیستی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرد. هاوکات لەگەڵ لیستی مووچەکەدا، ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی دارایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکانی (مانگی تەمووزی ٢٠٢٦) ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، بە ئامانجی وردبینیکردن و خێراکردنی پڕۆسەی دابینکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. ی.س

ڕێژەی کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی زەڕایەن - دەربەندیخان گەیشتووەتە لە 32%

بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی گەرمیان بڵاویکردەوە نزیکەی یەک کیلۆ مەتر لە برگەی RCCP ئەنجامدراوە پشت بە خوای گەورە، بەردەوامین لە هەوڵ و کارکردن لە گۆڕینی «ڕێگای مەرگ» بۆ «ڕێگای ژیان»سەرەڕای هەموو قەیران و ئاڵەنگارییەکان لە پرۆژەی دووسایدکردنی ڕێگای تونێلی دەربەندیخان ـ زەڕایەن (لۆتی ٦) . لە ئێستادا کاری جێبەجێکردنی هەموو برگەکانی پرۆژەکە بەردەوامە، بە تایبەتی لە برگەی روسازیی کۆنکریتی کۆمپەکتکراو بە ڕۆڵەر (RCCP – Roller Compacted Concrete Pavement)، هەروەها کارەکانی برین و پڕکردنەوە، جێبەجێکردنی پرد و ئاوبارەکان، دیواری ڕاگر، جۆگەکانی تەنیشت و کارەکانی تر کە پەیوەندییان بە تەواوکردن و ئامادەکردنی ڕێگاکە هەیە. ئەم پرۆژەیە بە شێوازی گۆرانکاری لە سەر پرۆژەی دوو سایدکردنی رێگای کەلار ـ سلێمانی لۆتی چۆار و پێج لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی گەرمیانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام سەرپەرشتی و چاودێری دەکرێت، و لەلایەن کۆمپانیای بێشکانەوە جێبەجێ دەکرێت. بەپێی دۆخی ئێستای جێبەجێکردن، ڕێژەی پێشکەوتنی کار لەم بەشەی پرۆژەکەدا نزیکەی ٢٧٪ ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی پێشکەوتنی گشتیی هەموو پرۆژەکە گەیشتووەتە نزیکەی ٣٢٪. ئەم پرۆژەیە تەنها پرۆژەیەکی ڕێگاوبان نییە؛ بەڵکو هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتی هاتووچۆ، کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ڕێگاکە، ئاسانکردنی هاتووچۆی هاوڵاتیان لە «ڕێگای مەرگ»ەوە بۆ «ڕێگای ژیان»؛ ی.س

پڕۆسەی ئامادەکردنی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ناو پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ و ناردنی بۆ بەغداد بە کۆتاهات

وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە پاش زیاتر لە مانگێک لە گفتوگۆی چڕ و خەمڵاندنی هەمەلایەنە بۆ خەرجییەکان، داهاتی گشتی و میلاکی گشتی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی کۆتاییهاتنی پرۆسەی ئامادەکردنی پشکی هەرێمی بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ٢٠٢٧ ڕاگەیاند. پڕۆژەکە بە هەردوو شێوازی کاغەزی و ئەلیکترۆنی (ئۆنلاین)، ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد کرا. لەم چوارچێوەیەدا، بەڕێز ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرجەم ئەندامانی لیژنەکە و ستافی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و ژمێرکاری لەناو وەزارەتمان، وە سوپاسێکی تایبەتی هەبوو بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە بەردەوامانەی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکان و فەرمانگەکان و بەتایبەتیش فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون و فەرمانگەی بودجە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تری ناو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە نیشتمانییە بە شێوازێکی زانستی، سەردەمیانە و هاوئاهەنگ لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنی بودجەی فیدراڵیی عێراقدا. لەم پڕۆژەیەدا، سەرجەم شایستە داراییەکان، خواستە دەستوورییەکان و پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وردی جێگیرکراون، لەوانە: •دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینانی شارستانی و سەربازی، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان. •دابینکردنی موچە بۆ خێزانی کەمدەرامەت و هاوتاکردنی موچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتیەکان لەگەڵ بەغدا. •دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان. •جێگیرکردنی مافی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە بۆ چەندین ساڵ بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوو. •هاوتاکردنی موچەو شایستە داراییەکانی پێشمەرگە. •هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و وەرگرتنی سەرجەم شایستە داراییەکانی پێشویان. •چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە بەهۆکاری جیاواز لە سیستمی(UPN) تۆمار نەکراون یاخود کێشەیان هەیە. •دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان (الموازنة الاستثمارية). •بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان. •دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، خاوەن بروانامە باڵاکان، پزیشکانی گشتی و ددان و دەرمانساز و هاوپیشە تەندروستییەکان. وەزارەتی دارایی و ئابووری جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامادەکارییە چڕ و وردە، دەبێتە بنەمایەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکان و کۆتاییهێنان بە بەربەستەکانی بەردەم شایستە داراییەکانی هەرێم. هیواداریشین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بە هەمان گیانی بەرپرسیارێتی و پاراستنی مافە دەستوورییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم لە بودجەدا بکەن. هاوکات، داوا لە سەرجەم نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کە بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی داکۆکی لەم پشکانە بکەن، تاوەکو لە کاتی گفتوگۆکانی ناو پەرلەماندا لە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێن و پشکی شایستەی هاووڵاتیانی هەرێم بە زووترین کات دەستەبەر ببێت.

خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ( ١٨ ی ئابی ٢٠٢٦ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنج شەممە ( ٢٠ ی ئابی ٢٠٢٦ ) کۆتایی بەدابەشکردنی مووچە دێت. ی.س

دوای 48 ساڵ لە بونیادنانی زەڕایەن پێویستی بە خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە

ئەمڕۆ ١٥ی ئاب چل و هەشت ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر بونیادنانی ناحیەی زەڕایەن، دوای ٤٨ ساڵ هێشتا زەڕایەن پێویستی بەئاوڕدانەوەی زیاتر هەیە و کەمی خزمەتگوزاریی گرفتی بۆ دانیشتوانی سنوری ناحیەکە دروستکردووە. لەم ڕاپۆرتەدا زەڕایەن نیوز دیارترین پێداویستییەکانی زەڕایەن لەهەموو بوارەکاندا دەخاتەڕوو: ١- دابەشکردنی زەوی هەرچەندە لەڕۆژی 2026/7/20، لە قوناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی لە زەڕایەن دابەشکرا، بەڵام ئەو ڕێژەیە لەچاو ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان زۆر کەمە، هەوڵبدرێت بەزۆرترین کات قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی ئەنجامبدرێت ژمارەیەکی زۆرتر لە فەرمانبەران و خانەنشینان زەوی وەربگرن. ٢- بواری ڕێگاوبان بەشێکی ڕێگاوبان و شەقامەکانی زەڕایەن وەکو پێویست نییە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوه هەیە، سەرەڕای ئەوەی هێشتا شەقامەکانی بەشێکی گەڕەکی ڕۆشنبیران قیرتاونەکراوه. شەقامەکانی گەڕەکی ڕاپەڕین کە گەورەترین گەڕەکی زەڕایەن تێکچووە و پێویستە سەرلەنوێ چاکبرێتەوە. ٣- بواری پەروەردە بەشێکی قوتابخانەکانی زەڕایەن پێویستیان بەنۆژەنکردنەوە هەیە بەتایبەتی قوتابخانەی هەوارانی بنەڕەتی. هەروەها کردنەوەی باخچەیەکی منداڵانی تر لە زەڕایەن پێویسته، چونکە تەنیا یەک باخچەی تێدایە ئەمەش لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی زەڕایەن ناگونجێت. کاربکرێت بۆ کردنەوەی قوتابخانەی نوێ. ٤- بواری تەندروستی بواری تەندروستی لەزەڕایەن پێویستی بە ئاوڕدانەوەی جدیی هەیە، مەڵبەندی تەندروستی شەهید چیا تاکە ناوەندی تەندروستییە لەناو سەنتەری ناحیەی زەڕایەن پێویستی بە خزمەتکردنی زیاتر هەیە لەڕووی زیادکردنی ستاف و پێداویستی پزیشکی. هەوڵبدرێت بینایەکی گەورە و فراوانی گونجاو بۆ مەڵبەندەکە دروستبکرێت. ٥- بواری سەوزایی نەبوونی پارکێکی گەورە لەزەڕایەن بۆ پشوودان و کات بەسەربردن. لەناو زەڕایەن تەنیا سێ باخچە هەیە ئەمەش لەچاو ڕووبەری زەڕایەن زۆر کەمە، هەوڵبدرێت ژمارەی باخچەکانی زیادبکرێت. ٦- دارستانی زەڕایەن دارستانی دەستکردی زەڕایەن پێوێستی بە ئاوڕدانەوە و خزمەتگوزاریی هەیە، چونکە تائێستا خزمەتگوزاریی پێویستی نییە بەتایبەت نەبوونی ئاو و شوێنی دانیشتن ٧- دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگان نەبوونی هەلی کار و دانەمەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان گرفتێکی گەورەیە، ماوەی چەندین ساڵە هیچ دەرچوویەکی زانکۆ و پەیمانگا دانەمەزراوه، لەزۆربەی ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان دامەزراندن بەگێربەست هەیە، بەڵام لەسنووری زەڕایەن نییە، پێویستە ئەم سنورەش بێ بەش نەبێت لە ڕەخساندنی هەلی دامەزراندن. ٨- گەیاندنی خزمەتگوزاریی بە گوندەکان سنووری ناحیەی زەڕایەن فراوانە چەندین گوندی تێدایە، بەشێکی زۆری گوندەکان پێویستیان بەگەیاندنی خزمەتگوزاریی هەیە، هەوڵبدرێت خزمەتی زیاتری گوندەکان بکرێت.