دواین زانیاری لەسەر هاتنی پارە لە بەغداد
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ گەیشتنی مووچەی مانگی چوار لەلایەن بەغداوە، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 3 دەکرێت.
رێباز حەملان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو پەیوەندی کردووە بە هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراقەوە و ئەویش پێی راگەیاندوون کە هەفتەی داهاتوو بڕە بودجەی مانگی چوار دەنێرن بۆ هەولێر، "بەڵام تائێستا نەیانناردووە".
وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە قەبارەی ئەو 500 ملیۆن دۆلارەی کە لە تورکیاوە هات، بڕی 353 ملیار دیناری لێ خەرجکراوە بۆ مووچەی مانگی 2، ئەگەر ئەم هەفتەیە بڕە بودجەی مانگی چوار لەلایەن بەغداوە بگات، لەگەڵ باقی پارەکەی تورکیا لێکدەدرێت و مووچەی مانگی سێی پێدەدرێت".
سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت، وەزیری دارایی گوتی: "تا ئێستا نازانین چەندە".