ئايا جومعە دەبێتە جەژن؟
چەند راستییەك لەسەر دیاریكردنی بۆنە ئیسلامییەكان
::: یاسین تەها
نەك تەنها ئەم جەژنی رەمەزانە كە سبەی پێنج شەممە هەموو جیهانی ئیسلام چاوەڕوانی یەكلابوونەوەی دەكات، بەڵكە دیاریكردنی سەرجەم سەرەتاو كۆتایی مانگە هیجرییەكان و لەناویشیاندا وادەی بۆنەو هەندێ لەپەرستشە گەورەكان بەبەردەوامی جێگەی مشتومڕو دەمەقاڵەی گەورەن، هۆكاری ئەم ناكۆكییەش روونەو دەگەرێتەوە بۆ ناجۆری و جیاوازیی میتۆدی دیاریكردنی سەرەتای مانگە هیجرییەكان لەنێوان شەریعەت و رێگای میللی لەلایەك و زانستی فەلەكناسی و ئەزموونی روانگە فەلەكییەكان لەلایەكیتر.. سەرباری بوونی هەندێ لێكگەشتن لەنێوانیان هەردوولاشدا بەڵام پێ ناچێت لەتەمەنی ئەم نەوەیەدا لەجیهانی ئیسلام (بەتایبەت سعودیە) ئەم دوو رێچكەیە بگەنە كۆتاییهێنانی یەكجاریی بەناكۆكییەكانیان..
هەرچەندە لەسایەی تەكنەلۆژیای مۆدێرن و ئەو هەمو ئەزموون و تەلەسكۆب و تەكنیكەی لەبەردەستی زانایاندان دیاریكردنی سەرەتاو كۆتایی مانگی هیجری پرۆسەیەكی ئاسان و 100% وردەو بەخولەك كەم و زیاد ناكات، بەڵام بەندو باوی شەرعزانی بەمەرجی دەزانێت كە مانگە تازە لەدایكبووەكان كە قەبارەیان وەكو دەمە داس وایە لەئاسۆدا بەچاوی مرۆڤەكان ببینرێن ئەوجا بڕیاری لەسەر وەردەگیرێت.. ئەم پێوەرە شەرعییەش كە پشت ئەستورە بەفەرمودەی "صوموا لرؤیته وأفطروا لرؤیته" زۆرجار بەهۆی زاڵبووونی پاشماوەی رووناكی پاش ئاوابوونی خۆر بەسەر مانگدا یان ئاوابوونی خێرای مانگ لەگەڵ خۆر، یان بوونی هەورو تەپوتۆز لەئاسمان، یان نزمی گۆشەی دەركەوتنی مانگ و..هتد. كێشەو گرفتی بۆ دروست دەبێت و بەم هۆیانەوە مانگی لەدایكبوو بەچاوی ئاسایی نابینرێت، بەڵام روانگە فەلەكییەكان و تەلەسكۆب و تەكنیكە پێشكەوتووەكان ئەم كێشەو گرفتانەیان نییەو چركە بەچركە ئەتوانن تەمەن و قەبارەی پەپكەی مانگ دیاریی بكەن و بەوردی چاودێریی بكەن..
بۆ روونكردنەوەی ئەم بابەتە باشترە ئاماژە بەبارودۆخی مانگی شەوالی داهاتوو بكەین كە سبەی پێنج شەممە زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەكان چاودێریی دەكەن و بەپێی راپۆرت و لێدوانی سەرجەم فەلەكناس و روانگە فەلەكییەكان لەوانەش "روانگەی حیجازی فەلەكی" و پرۆژەی (ICOP) بەم جۆرەیە:
# سپێدەی سبەی پێنج شەممە 16_7_2015 مانگی شەوال (شەشەڵان) لەكاتژمێر (3:24) بەیانی بەكاتی مەككە لەدایكدەبێت و لەرووی فەلەكییەوە كۆتایی بەرەمەزان دێت.
# مانگی تازە لەئاسۆی سەرجەم وڵاتانی عەرەبی تا دوای ئاوابوونی خۆری ئێوارەی سبەی دەمێنێتەوەو زۆرترین مانەوەی لەپاش خۆرئاوابوون لەئاسۆی رۆژئاوای عەرەبستانی سعودیەدا دەبێت كە 13 خولەكەو لەلیبیا 11 خولەك و لەبەغدا 5 خولەك و لەمەغریب 11 خولەك و لەسەنعا 14 خولەك و لەجیبۆتی و خەرتووم دوادەكەوێت بۆ 17 خولەك.
# دوای ئاوابوونی خۆر بەرزیی مانگی تازە سبەی پێنج شەممە لەئاسۆی شاری مەككە (2.5° پلە) دەبێت و قەبارەی پەپكەی روناكی مانگی تازە بەبەراورد بەپەپكەی تەواوی مانگ (0.55%) دەبێت.
سەرباری ئەم راستییانەش كە قابیلی رەتكردنەوەو گومان نین، هێشتا گرفتی گەورەو ناكۆكیی نێوان فەلەكییەكان و شەرعییەكان هەر بەردەوام دەبێت، چونكە هەر سەرچاوە فەلەكناسییەكان رونیدەكەنەوە سەرباری ئەم دۆخەی مانگ بەڵام بینینی سەر لەئێوارە بەچاو ئەستەمە چونكە ئەم مانگە كە قەبارەكەی (0.55%) یە دەكەوێتە ناو روناكایی خۆرئاوابوون كە بەسەر رووناكایی مانگدا زاڵەو ناهێڵێت بەچاو ببینرێت، بەپێی راستییە زانستییەكان و ئەزموونەكانی پێشووش ونبونی روناكی خۆر لەپاش خۆرئاوابوون 10 خولەكی پێویستە و بەم پێیەش لەئاسمانی شاری مەككە تەنها دوو خولەك دەرفەت هەیە بۆ بینینی مانگ بەچاوی ئاسایی و روانگە فەلەكییەكان پێیان وانییە كەس بتوانێ بەو جۆرە بەدروستی مانگ ببینێت، بەڵام بینینی مانگی سبەی بەتەلەسكۆب و كامێراو بەتایبەت تەكنیكی CCD ئاسانەو ئەمێنێتەوە سەر ئەوەی ئاخۆ شەرعزانەكان بینینی مانگ بەتەلەسكۆب و تصویری فەلەكی قبوڵ دەكەن یان هەر لەسەر بینینی چاوی ئاسایی پێداگرییی دەكەن؟!
هەرچەند بەدووریش نازانرێت خەڵكێك هەبن شایەتی بدەن كە لەو ماوەیەدا بەچاو بینیویانە و ساڵانیتر ئەزموونی لەو شێوەیە هەبوەو دادگای سعودیەش سەرباری ناڕەزایی فەلەكناسەكان شایەتییەكەی قبوڵ كردووە چونكە سەرچاوە فەلەكییەكان هاوڕابوون لەسەر بوونی مانگ لەئاسۆداو ناكۆكییەكە لەسەر مەحاڵ بوونی توانای بینینی بووە بەچاوی مرۆڤی ئاسایی.