بەشی کوردی #شارەزوور مەترسی داخستنی لەسەرە
خوێندكاران و مامۆستایانی بەشی زمانی كوردی شارەزوور دووساڵی خوێندنیان بە چەندین كێشە و گرفتەوە بەرێكرد، لەساڵی نوێی خوێندندا هەرەشەی ئەوەدەكەن ئەگەر داواكاریان بۆ جێبەجێنەكرێت و بەشەكەیان نەكرێتە كۆلێژ دەرگای بەشەكه دادەخەن.
بەشی زمانی كوردی لە قەزاى شارەزوور سەر بە زانكۆی هەڵەبجە دوای چەند خۆپیشاندانێك دووساڵ لەمەبەر كرایەوەو ئێستا ١١٠ خوێندكاری هەیە.
یەکێکى دیکە لە كێشەی سەرەكی بەشەکە نەبوونی بینای سەربەخۆیە بۆ خوێندن و بەشە ناوخۆییەكان و كەمی ژمارەی فەرمانبەر و مامۆستای پسپۆر.
بەپێی پلانی ئەمساڵی بەشەكە بڕیارە تەنها ٥٠ خوێندكار وەربگرێت، بەڵام ئەگەر پێداویستییەكانیان بۆ دابین نەكرێت ناتوانن ئەو ژمارە خوێندكارەش وەربگرن.
بەپێی رێكکەوتنێكی نێوان زانكۆی هەڵەبجە و قایمقامیەتی شارەزوور کە لە کاتی کردنەوەی بەشەکەدا کراوە دەبێت بینای تایبەت و فەرمانبەری پێویست و ٥٠ دۆنم زەوی و چەند ئۆتۆمبیلێك و بەشی ناوخۆیی بۆ بەشی كوردی دابینبكرێت.
قایمقامی شارەزوور سەبارەت بەدابین نەكردنی ئەو پێداویستییانە بۆ بەشی كوردی دەڵێت، بەڵێننامەکە پێش دەستبەکاربوونى ئەو کراوە و لە جێبەجێ کردنی بەرپرس نییە.
هەرچەندە دانیشتوانی شارەزوورو مامۆستا و خوێندكارانی بەشەكە، چاویان لەوەیە ئەو کۆلێژە ببێتە بناغەی زانكۆ و بەشی تریشی تێدابكرێتەوە، بەڵام دەستەی ئەنجومەن وەك خۆیان دەڵێن بەو هەموو گرفتەوە ئەستەمە بتوانن بەشەكەیان فراوان بكەن.
::: ڕاپۆرتى عومەر فەتاح پەیامنێرى NRT
ی.س