
لەڕاگەیاندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند
ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەمووزی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران ، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران، وردەکاریی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاریدا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
ی.س
ب?اوکردن?و?