
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى؛
"زانكۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا کرا"
"ئەمساڵ (57980) دەرچوى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن"
"(400) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشورى عێراق بۆ خوێندکارانى دوانزەى ئامادەیی هەرێم دابینکراوە"
پڕۆسهی پێشکەشکردن بۆ وهرگرتنی دهرچوانی دوانزهی ئامادهیی له زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و لە ئەمڕۆوە سێشەممەوە ڕێکەوتى 23 ی ئەیلولی 2025 سەعات 1ى دواى نیوەڕۆ، زانكۆلاین بۆ ماوەى (8) ڕۆژ بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیدەکاتەوە" لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕێکەوتى 23 ی ئەیلولی 2025 وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، نێودەوڵەتییەکان)، تا ڕۆژى 30 ی ئەیلولی 2025، واتە بۆ ماوەى (8) ڕۆژ کارا دەبێت، بهوهش دهرچوان لەو ماوەیەدا دهتوانن فۆرمی وهرگرتن له زانكۆ و پهیمانگهكان پڕبكهنهوە و پێشكهشی بكهن، ههروهك دهرچوان دهبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).
لە هەنگاوێکى نوێدا ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەپێناو بەرژەوەندى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی لە ڕێگەى ڕێکارێکى تازەدا دەرچوان کاتێک دەیانەوێت فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە پێویستە یەک ژمارە مۆبایل داخیل بکەن و پاشان کۆدى OTP لە ڕێگەى کورتە نامەوە بەدەست دەگات، زۆر گرنگە دەرچوان ژمارەى تەلەفۆنى خۆیان بەکاربهێنن و بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر ژمارە تەلەفۆنێکى دیکە بەکاربهێنێت لە ڕووى یاساییەوە بەرپرسیار دەبن.
بۆ بهرچاوڕونی زیاترى دهرچوانی پۆلی دوانزهى ئامادەیی و ئاشنابونیان به سیستمهكانی وهرگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com) بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕونكردنهوهی پێویست لهسهر چۆنیهتیی پڕكردنهوهی فۆرمی وهرگرتن به سیستمه جیاوازهكان، ئهمهش دهرهفهتێكی گرنگه بۆ ئهوهی دەرچوان بهر لهوهی فۆرمی وهرگرتن پێشكهش بكهن، ئاگاداری وردهكارییهكانی سیستمهكه بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمى نین و تەنها بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نیە لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچوانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.
هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕاشیدەگەیەنێت؛ بۆ ئەمساڵ (57980) دەرچوى (زانستى، وێژەیی، پیشەیی، خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لە یەک کاتدا داواکارى بۆ زانکۆلاین پێشکەش دەکەن، بەشێوەیەک (42257) دەرچو لە بەشى زانستى، (13826) دەرچو لە بەشى وێژەیی، (1327) دەرچوى ئامادەییە پیشەیی، (570) دەرچوى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، داواکارى بۆ (680) بەش لە هەرسێ جۆر خوێندنى (زانکۆلاین) و (پارالێل) و (ئێواران) بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) لە (16) زانکۆى حکومى لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکەن.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت؛ خۆشبەختانە ئەمساڵ لە ئەنجامى هەماهەنگى نێوان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێم لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى فیدرال، بریاردراوە بە دابینکردنى (٤٠٠) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشورى عێراق بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینکردنى (٤٠٠) کورسى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیی ناوەراست و باشورى عێراق. بۆ ئەم مەبەستە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی هەرێمى کوردستان لە چەند رۆى داهاتوو لە ڕێگەى لینکێکى تایبەت لە وێبسایتى زانکۆلاین دەتوانن لە داواکارى بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانى ناوەراست و باشورى عێراق پێشکەش بکەن.
لە کۆتایدا وەزارەتى خوێندنى باڵا سەبارەت بە هەبونى پەیج و ئەکاونت بەناوى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن، ڕایدەگەیەنێت: ستافى وەرگرتن هیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانى زانکۆلاین و ناوەندى وەرگرتن یان هەر ناوێکى دیکە، بەڵکو تاکە مینبەرى گەیاندنى ڕێنماییەکانى ئێمە لەڕێگەى سایت و پەیجى فەرمى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بەم ناونیشانە: (www.facebook.com/KRG.MOHE.Official).
ی.س
ب?اوکردن?و?