زانیاری ورد لەسەر نەخۆشی کۆلێرا بزانە
کۆلێرا یان وەبا (ئینگلیزی: Cholera)، نەخۆشیێکە بەھۆی بەکتریای ڤایبریۆ کۆلێرا (Vibrio cholera) تووشی مرۆڤ دەبێت، زۆربەی کات لە ڕێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوەوە بڵاو دەبێتەوە. نەخۆشیی کۆلێرا نەخۆشیێکی زۆر درمە
و لە کاتی تووشبوونی چەند کەسێکی ناو کۆمەڵگە، زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە
بۆ کەسانی دیکە. پیساییی نەخۆشە تووشبووەکە سەرچاوەی سەرەکیی بەکتریای
کۆلێرایە.
نیشانەكانی
كۆلێرا بە خێرایی دەگوازرێتەوە، گەورە و منداڵ تووشدەكات و دەتوانێت لە چەند كاژێرێكدا كەسی تووشبوو بكوژێت.
نزیكەی 80%ی ئەوانەی بەكتریاكە وەردەگرن، تووشی هیچ نیشانەیەكی نەخۆشیەكە نابن. بەڵام تاكو نزیكەی 10 رۆژ بەكتریاكە لە پیساییاندا بوونی دەبێت و ژینگەی پێ پیسدەكەن و ئەگەری توشبونی كەسانی دیكە زیاددەكەن.
ئەوانەی تووشدەبن، 80% یان بە توندی نایگرن، بەڵام ئەو 20% ەی بە توندی دەیگرن بەهۆی سكچوونێكی ئاویی سەختەوە كە رەنگە رشانەوەشی لەگەڵبێ بەخێرایی وشكدەبنەوە و مەترسیی لەسەر ژیانیان درووستدەبێت ئەگەر زوو چارەنەكرێن.
نیشانەكانی وشكبوونەوە بەهۆی سكچوونەوە:
*خێرابوونی لێدانی دڵ
*وشكبوونەوەی پێست
*وشكبوونەوەی دەم و قوڕگ و چاو
*دابەزینی فشاری خوێن
*تینوێتییەكی زۆر
*ئازار پەیدابوون لە ماسولكەكان
ئەگەر چارە نەكرێت، وشكبوونەوە دەچێتە قۆناغی شۆك و دواتر رەنگە بە گیانلەدەستدان كۆتایی بێت.
مێژووی كۆلێرا
دەگوترێ مەڵبەندی رەسەنی كۆلێرا ناوچەی دەلتای گانگە لە هیندستان. لە سەدەی 19 دا كۆلێرا لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەوە. دواتر شەش جاری دیكە بەشێوەیەكی سەرتاسەری بڵاوبووەوە و ئەوەش ملیۆنان قوربانیی لێكەوتەوە.
زیاتر لەكوێ بڵاودەبێتەوە
كۆلێرا پەیوەندییەكی نزیكی هەیە بە خزمەتگوزارییە بنچینەییەكانەوە. زیاتر لە ناوچە پشتگوێخراوەكان روودەدات كە ئاو و ئاوەڕۆی رێكوپێكیان نییە. هەروەها لە كەمپەكانی خەڵكی ئاوارە و راگوێزراودا زۆرتر روودەدات، بەهۆی نزمیی كوالیتی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ.
كۆلێرا هەڕەشەیه بۆسەر تەندروستیی گشتیی دانیشتووان و ئاماژەشە بۆ لاوازیی گەشە و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیی ئەو شوێنانەی تییاندا روودەدات.
ئەو سەرچاوانەی بەكتریاكە لێیانەوە دەگاتە جەستە بریتین لە:
*ئاوی خواردنەوەی پیسبوو بە بەكتریای ڤیبریۆ كۆلێرا.
*سەهۆڵی درووستكراو لە ئاوی پیسبوو بە بەكتریاكە
*خواردنە ناخاوێنەكانی سەر شەقامەكان.
*ئەو سەوزەیەی بە پاشەڕۆی مرۆڤ ئاودەدرێت
رێگاگرتن لە نەخۆشییەكە
رێگاگرتن لە كۆلێرا لە چەند ئاستێكدا دەكرێ:
*دابینكردنی ئاوی دابینكراوی نیشتیمانیی (بۆڕی) بۆ هەموو ماڵ و خێزانەكان و خاوێنكردنەوەی لەلایەن فەرمانگەكانی ئاو بە رێنمایی فەرمانگە تەندروستییەكان.
*لەسەر ئاستی ماڵ و خێزانەكاندا رێنماییەكانی تایبەت بە خاوێنكردنەوەی ئاو پەیڕەوبكرێن و بزانرێ چۆن و لە چ دەفرێكدا هەڵدەگیرێن.
*سیستمی ئاوەڕۆ و فڕێدانی پاشەڕۆكان بە رێوشوێنی مۆدێرن رێكبخرێن.
چارەسەر
چارەسەر بە پێدانی شلە ژیێنەرەكان دەبێت، كە لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی و یونیسێفەوە بەشێوەی پاودەر ئامادەدەكرێن و دواتر لەلایەن بەكارهێنەرانەوە دەگیرێنەوە. ئەو شلەیەی لە ئەنجامی گرتنەوەی پاودەرەكە پێكدێت بڕی پێویستی خوێیەكانیش بە جەستە دەدات و لە وشكبوونەوە و تێكچوونی باڵانسی خوێیەكان دەیپارێزێت.
ئەوانەی زۆر بە توندی نەخۆشییەكە دەگرن و بەخێرایی وشكدەبنەوە، دەبێ بە كانیۆلا شلەیان پێبدرێت. هەروەها دەرمانی دژەزیندەی دژەبەكتریای كۆلێراشیان پێدەدرێت.
ئەگەر بەڕێكوپێكی چارەسەربكرێت، رێژەی مردن بە كۆلێرا كەمتر دەبێت لە 1%.
پێكوتەی دژە كۆلێرا
ئێستا رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی سەرقاڵی تاقیكردنەوەی دوو ڤاكسین (پێكوتە)ی دژی كۆلێرایە. ئەگەر سەركەوتووبن، ئەوە بەر لە تووشبوون بە خەڵكی دەدرێ و ناهێلێت تووشی نەخۆشییەكە ببن.
