ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

وتار

وتار


تکایه‌ تا نامه‌که‌ ده‌خوێنیته‌وه‌ خۆت داماڵه‌ له‌ هه‌ر بیرکردنه‌وه‌یه‌ک که‌ هه‌ڵگریتی و په‌یڕه‌وی ده‌که‌یت....
ده‌توانین له‌ کۆمیێنتدا گفتوکۆیه‌کی باش بکه‌ین.
""نامه‌یه‌ک بۆ سه‌له‌فییه‌کان، سۆفییه‌کان و ئیخوانه‌کان و……""

::: عەدنان ئەحمەد

ئیسلام هات بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ و نه‌خۆشییه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و دونیایه‌کی نوێ و مرۆڤێکی نوێ و شێوه‌ ژیانێکی نوێ به‌رهه‌م بهێنێت.
خاوه‌نی پێغه‌مبه‌رێکین(درودی خودای لێبێت)هه‌موو مرۆڤێکی ده‌بینی و ڕێزی لێده‌گرت.
کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی ده‌یان کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌ تا ڕاده‌یه‌کی باش دوور بووه‌ له‌ ناکۆکی ئایینی گه‌وره‌(ناڵێم نه‌بووه‌).
یه‌کێک له‌و جوانییانه‌ی له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌دا مابێته‌وه‌ پێکه‌وه‌ ژیانی هه‌ڵگرانی مه‌زهه‌ب و ته‌ریقه‌ت و دونیابینییه‌ ئاینییه‌ جیاوازه‌کان بووه‌ ( سه‌ره‌ڕای ده‌یان کێشه‌).
به‌ر له‌ هه‌ر شتێک ئێوه‌ شانتان داوه‌ته‌ ژێر ئه‌رکێکی قورس و گران و گرنگ که‌ زۆر جار دوور و نزیک په‌یوه‌ندی به‌ ئێوه‌وه‌ نییه‌. ئه‌رکێک که‌ جێبه‌جێکردنی به‌شێوه‌یه‌کی باش چه‌ند گرنگه‌ جێبه‌جێنه‌کردنیشی به‌ شێوه‌یه‌کی باش ده‌یان هێنده‌ ترسناک و پڕ کێشه‌یه‌.
ئایین له‌ ئه‌رکی خۆیی و له‌ڕێگای خۆی لادرا ده‌بێت به‌ کاره‌سات و نه‌خۆشی و کێشه‌کانمان ده‌یان هێنده‌ گه‌وره‌تر ده‌کات.
ئێوه‌ چه‌ند ساڵێکه‌ خه‌ریکن به‌ ناوی خوداوه‌ ئیمان و کوفر دابه‌ش ده‌که‌ن و به‌ پێی تێگه‌شتنی خۆتان خه‌ڵک ڕه‌وانه‌ی به‌هه‌شت و جه‌هه‌ننه‌م ده‌که‌ن.
خودا له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ ئه‌م ئه‌رکه‌ به‌ که‌سێ بسپێرێت چۆن ویستی به‌هه‌شت و جه‌هه‌ننه‌م دابه‌ش بکات.
هه‌رچی وشه‌ی ناشیرین و ڕسته‌ی بێزراو و ده‌ربڕینی ناپه‌سه‌ند هه‌یه‌ بۆ یه‌کتر و له‌به‌رامبه‌ریه‌کتردا به‌کارتان هینا.
مزگه‌وته‌کانتان کرد به‌ باره‌گاو و باره‌گاو ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانتان کرد به‌ مزگه‌وت، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئیسلام و ژیانی ئێمه‌دا یه‌کناگرێته‌وه‌ به‌کارتان هێنا.
له‌ بری پته‌وکردنی گیانی پێکه‌وه‌ ژیان و جیاوازی قبوڵکردن و به‌ جوانی مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی وه‌ک ئێوه‌ بیر ناکه‌نه‌وه‌، هاتن و ئه‌و جوانیانه‌ش هه‌بوو له‌ناوتان برد و ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی هه‌بوو تێکتاندا.
به‌رله‌وه‌ی ئێوه‌ ناشیرینی بڵاو بکه‌نه‌وه‌ مزگه‌وته‌کان پڕبوون له‌ دۆستایه‌تی و پێکه‌وه‌ ژیان.
به‌ ده‌گمه‌ن مزگه‌وتێک ماوه‌ هه‌موومان له‌گه‌ڵ یه‌کدا و به‌ دڵ و بیرکردنه‌وه‌ و هه‌ستی جیاوازه‌وه‌ کڕنوش بۆ ئه‌و خودایه‌ ببه‌ین که‌ جیاواز دروستی کردوین و ئێوه‌ لێیتێناگه‌ن و پێتان هه‌رس ناکرێت و خه‌ریکن ده‌یشێوێنن.
مزگه‌وتێک نه‌ما سه‌له‌فی و ئیخوان و سۆفییه‌ک به‌ده‌م یه‌کتره‌ پێبکه‌نن و قسه‌ له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاره‌که‌یاندا بکه‌ن.
مزگه‌وتێکتان نه‌هێشته‌وه‌ به‌نده‌کانی خودا وه‌ک به‌نده‌ خودا په‌رستی بکه‌ن و ده‌بێت وه‌ک ئێوه‌ خودا بناسن و خودا په‌رستی بکه‌ن.
ماڵه‌کانتان پڕکرد له‌ ناکۆکی و کێشه‌ی ترسناک. ده‌یان خوشک و براو و باوک و دایکتان له‌ یه‌کتری تۆراند.
باوک بۆ مزگه‌وتێک و کوڕه‌که‌ی بۆ مزگه‌وتێک و کوڕه‌که‌ی تری بۆ مزگه‌وتێکی تر ده‌چێت.
ئێوه‌ که‌ له‌ پیرۆزترین شوێن و له‌ ته‌مه‌نی پێگةیشتوتاندا سوکایه‌تی به‌یه‌کتر ده‌که‌ن و جوێنی ناشیرین به‌یه‌کتر ده‌ده‌ن، چاوه‌ڕێی چی له‌و گه‌نجانه‌ ده‌که‌ن چاویان له‌ ئێوه‌یه‌!
ده‌یان که‌ستان له‌ مزگه‌وته‌کان تۆران، له‌ کاتی نوێژدا سوکایه‌تیتان به‌ ده‌یان که‌س کرد و ناچارتان کرد ڕوو له‌ مزگه‌وتێکی تر بکات بۆ خوداپه‌رستی.
ئێوه‌ مزگه‌وتێکتان به‌ده‌سته جێگه‌ی ئه‌وانه‌ی تێدا نابێته‌وه‌ که‌ شوێن بیروڕای ئێوه‌ ناکه‌ون، ئه‌ی خودا نه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر وڵاتێکتان به‌ده‌ست بێت چی له‌وانه‌ ده‌که‌ن جیاوازن و له‌ ئێوه‌ ناچن.
خه‌ڵک ناوی مزگه‌وته‌کانی بیرچووه‌، ئێستا بوون به‌مزگه‌وتی( سۆفییه‌کان، سه‌له‌فییه‌کان، ئیخوانه‌کان و ....).
ئاخر خوداتان له‌ مزگه‌وتێکدا نه‌هێشته‌وه‌ و هه‌ریه‌که‌تان به‌ هی خۆی ده‌زانێت.
ئێوه‌ که‌ دین و کۆمه‌ڵگاو و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت خۆشتان ناناسن، که‌ی ده‌توانن خودا بکه‌ن به‌هی خۆتان و خه‌ڵکی تری لێ بێبه‌ری بکه‌ن.
ئیسلام جیاوازییه‌کانی کۆکرده‌وه‌ و دیسان به‌پێی جیاوازی کولتوریی و جوگرافی دابه‌شیکردنه‌وه‌، به‌ڵام ئێوه‌ هاتن و ئێمه‌تان دابه‌شکرد، دواتر به‌ پێی پێوه‌ری خۆتان گروپ و کۆمه‌ڵی نوێتان به‌رهه‌م هێنا که‌ نه‌فره‌ت له‌یه‌ک ده‌که‌ن و ناتوانن له‌ ڕیزێکدا و به‌یه‌که‌وه‌ دوو ڕکات نوێژ بکه‌ن.
چه‌ند ده‌تانه‌وێت جیاواز بن و بیری خۆتان و ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی ده‌زانن بڵاویبکه‌نه‌وه‌، به‌ڵام کارێک مه‌که‌ن ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و دۆخی ترسناکتر ببه‌ن.
زیاتر دۆستایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیانی ئه‌م خه‌ڵکه‌ تێکمه‌ده‌ن.
که‌ دۆستایه‌تی و جوانی و پێکه‌وه‌ ژیان و برایه‌تیتان پێ به‌هێز ناکرێت، دوژمنایه‌تی و ناشیرینی و ناکۆکی و دژایه‌تی زیاتر بڵاو مه‌که‌نه‌وه‌.
باشی مرۆڤ ده‌سته‌ڵگرتن و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه‌تی له‌ به‌رپرسیارییه‌تییک که‌ ناتوانێت به‌ ئه‌مانه‌ت و تواناو ژیری و ئه‌خلاقه‌وه‌ جێبه‌جێی بکات.
مزگه‌وته‌کان ماڵی خودان و به‌نده‌کانیشی میوانی خودا، نه‌ک ماڵی ئێوه‌و به‌نده‌کانیشی شوێنکه‌ته‌ و به‌نده‌ی ئێوه‌. — ‏‏‏ هەست بە ‏بەئەندێشەیی‏ دەكات.‏


ب?اوکردن?و?