ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوەیەکی لەسەر بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی 12-ی ئامادەیی بڵاوکردەوە



وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوەیەکی لەسەر بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی 12-ی ئامادەیی بڵاوکردەوە


وەزارەتی پەروەردە روونکردنەوەیەکی لەسەر بڵاوکردنەوەی پرسیارەکانی 12-ی ئامادەیی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە دەستگیرکردنی چەند بەڕێوەبەر و مامۆستایەک دەکات کە دەستیان هەبووە لە دزەپێکردنی پرسیارەکان.

لە روونکردنەوەیەکدا کە رۆژی چوارشەممەدا 8-6-2016 بڵاوکراوەتەوە وەزارەتی پەروە رایدەگەیێنێت "بە داخەوە لە کاتى تاقیکردنەوە گشتییەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی هەرێمدا، چەندین کەناڵى تەلەڤزیۆنى و تۆڕى کۆمەڵایەتى ناڕەوا و دوور لە هەر بەرپرسیاریەتییەکى ئەخلاقى و نیشتمانى و ئایینى و یاسایی کەوتنە دەنگۆبڵاوکردنەوە لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە و کاریگەرییەکى خراپ و نەرێنییان لە سەر دەروونى قووتابی و خوێندکار و کەسوکارەکانیان دروست کرد".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی پەروەردەدا ئاماژەی بەو بەڕێوەبەر، مامۆستا، جێگر، یاریدەدەر و قوتابیانە کراوە کە لەماوەی ئەم چەند رۆژەی تاقیکردنەوەکاندا دەستگیرکراون و هاتووە " بە سوپاسەوە دەزگاکانى دادوەرى و ئەمنى لە بەدواداچوونى هەر پڕوپاگندە و زانیارییەک هاوکارن و ئەگەر هەر دەنگۆ و بەڵگەیەک نەسەلمێندرێت، رێکار و سزاى یاسایی دەگیردرێتە بەر و سەرپێچیکاران و ئەوانەى دەستیان لە بڵاوکردنەوە و دروستکردنى پڕوپاگندە هەبێت، دەدرێنە داگا".

لە بەشێکی دیکەی روونکردەنەوەکەدا ئاماژە بە ژمارەی ئەو قوتابیی و خوێندکارانە کراوە کە ئەمساڵ بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن و رایدەگەیێنێت "ئەمساڵ کە 263954 قوتابی و خوێندکارى پۆلەکانى (نۆیەمى بنەڕەتى و دوانزەى ئامادەیی و پیشەییەکان)، بە چاودێرى 54301 چاودێر و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى ماندوونەناس لە 4270 هۆڵ تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن، بێشک پێشبینى گرفت و کێشە لە چەند هۆڵ و سەرپێچى یاسایی لە لایەن چەند کەسێکەوە دەکرێت، لە کاتێدا ئێمە ساڵانە بە فەرمى داوا لە خەڵک دەکەین هاوکارى وەزارەت بن لە دەستنیشاکردنى کەموکورتى و سەرپێچییەکان، بەڵام ناشکرێت کوێرکوێرانە و بە بووغزەوە کار لەسەر خراپکردنى سەرتاپاى پڕۆسەکە بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە".

دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە

ڕاگەیەندراوى وەزارەتى پەروەردە لەسەر ئەزموونە گشتییەکان

جەماوەرى خۆشەویستى کوردستان
کەسوکارى بەڕێزى قوتابیان و خوێندکاران
قوتابیان و خوێندکارانى خۆشەویست

پڕۆسەى پەروەردە لە هەرێمى کوردستان پەیوەندى بە ئێستا و ئایندەى گەل و هەموو تاکێکى کوردستانەوە هەیە، بۆیە لە کاتى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی، کوردستانیان بۆ هیواوە لە چاوەڕوانی ئەنجامى هەوڵ و ماندووبوونى نەوەکانى ئەم گەلە دەڕوانن کە بە دۆخێکى دەروونى دژواردا تێدەپەڕن. بێگوومان لە هەموو وڵاتێکى دونیا، پرۆسەی تاقیکردنەوەکان بەدەر نین لە لایەن و کەسانى بەرژەوەندیخواز بۆ ئەنجامدانى کارى نایاسایی و تێکدەرانە. بە داخەوە لە کاتى تاقیکردنەوە گشتییەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی هەرێمدا، چەندین کەناڵى تەلەڤزیۆنى و تۆڕى کۆمەڵایەتى ناڕەوا و دوور لە هەر بەرپرسیاریەتییەکى ئەخلاقى و نیشتمانى و ئایینى و یاسایی کەوتنە دەنگۆبڵاوکردنەوە لەسەر ئەم پرسە گرنگ و هەستیارە و کاریگەرییەکى خراپ و نەرێنییان لە سەر دەروونى قووتابی و خوێندکار و کەسوکارەکانیان دروست کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە دەبوو لە گرنگى بابەتەکە تێگەیشتبوونایە و دروست مامەڵەیان لەگەڵ پڕۆسەکەدا کردبا. 

ئێمە وەک وەزارەتى پەروەردە شەش مانگە هەر لە لیژنەى باڵاى تاقیکردنەوەکانەوە تا دەگاتە لیژنەى پارێزگاکان کار لەسەر ئەم پرسە دەکەین و زیاتر لە پەنجا ڕێنماییمان دەرکردووە و سەرجەم پێداویستییە هونەرى و تەکنیکى و لۆجیستییەکانى هۆڵەکانمان دابین کردووە و کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەم پارێزگارە بەڕێزەکانى پارێزگاکان و بەڕێوەبەرانى دەزگا ئەمنییەکان و کارەبا و وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندن و کۆمپانیاکانى ئەنتەرنێت ئەنجام داوە، کە ئەمە لە مێژووى هەرێمى کوردستاندا کەموێنەیە. 

ئەمساڵ کە (٢٦٣٩٥٤) قوتابی و خوێندکارى پۆلەکانى (نۆیەمى بنەڕەتى و دوانزەى ئامادەیی و پیشەییەکان)، بە چاودێرى (٥٤٣٠١) چاودێر و بەڕێوەبەر و یاریدەدەرى ماندوونەناس لە (٤٢٧٠) هۆڵ تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن، بێشک پێشبینى گرفت و کێشە لە چەند هۆڵ و سەرپێچى یاسایی لە لایەن چەند کەسێکەوە دەکرێت، لە کاتێدا ئێمە ساڵانە بە فەرمى داوا لە خەڵک دەکەین هاوکارى وەزارەت بن لە دەستنیشاکردنى کەموکورتى و سەرپێچییەکان، بەڵام ناشکرێت کوێرکوێرانە و بە بووغزەوە کار لەسەر خراپکردنى سەرتاپاى پڕۆسەکە بکرێت و بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

بەڕێزان..

بە سوپاسەوە دەزگاکانى دادوەرى و ئەمنى لە بەدواداچوونى هەر پڕوپاگندە و زانیارییەک هاوکارن و ئەگەر هەر دەنگۆ و بەڵگەیەک نەسەلمێندرێت، رێکار و سزاى یاسایی دەگیردرێتە بەر و سەرپێچیکاران و ئەوانەى دەستیان لە بڵاوکردنەوە و دروستکردنى پڕوپاگندە هەبێت، دەدرێنە داگا. لەم چوارچێوەیە و لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، وەزارەتى پەروەردە بە هاوکاری دەزگا پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوەکانى درێژە پێ دەدات و دواجار چاوەڕوانى یاسا دەبین کە بڕیارى خۆى بدات:

١. گیرانى دوو بەڕێوەبەرى هۆڵ و یاریدەدەرەکانیان لە سنوورى گەرمیان (کفرى).

٢. گیرانى بەڕێوەبەرێک و یاریدەدەرەکەى و (٩) کەسى تر لە سنوورى ڕانیە و ئێستاش لە ئاسایشى ڕانیە دەستبەسەرن.

٣. گیرانى بەڕێوەبەرێکى هۆڵ و دوو چاودێر لە سەنتەرى شارى هەولێر، بە هۆى ئەوەى سەعات (٩:٠٠) بە مۆبایل وێنەى پرسیارى تاقیکردنەوەکانیان گرتووە بۆ ئەوەى بیاننێرنە دەرەوە، لە کاتێکدا بە پێى ڕێنمایی نابێت مۆبایل بچێتە هۆڵەکانەوە.
٤. گیرانى (١٥) کەس لەوانەى پڕوپاگندەیان کردووە بۆ دەستکەوتن و فرۆشتنى پرسیارى تاقیکردنەوەکان و بازرگانیکردن بەم ناوەوە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هەولێر.

٥. لادانى (١٦) بەڕێوەبەرى هۆڵ لە ئەرکەکانیان و دروستکردنى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە بە ئامادەبوونى نوێنەرى داواکارى گشتى لە پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى گەرمیان و ڕاپەڕین و لادانى (٥) بەڕێوەبەرى هۆڵ و یاریدەدەرەکانیان لە هەولێر.
٦. دەستگیرکردنى ژمارەیەک کەرەستە و ئامرازى وەک بلوتوس و مۆبایل و ئامێرى دیکەى گزیکردن کە بەم هۆیەشەوە زیاتر لە (٢٥) قوتابی و خوێندکار دەردەکرێن و لە سەرجەم تاقیکردنەوەکانیش بێبەش دەکرێن و بەدواداچوونى یاسایی بۆ ئەو کەسانەش دەکرێت کە بازرگانییان بەم ئامێرانەوە کردووە و سزاى توند دەدرێن.

٧. چەند پەیجێکى کۆمەڵایەتى، زۆر نابەرپرسانە پڕوپاگندەى فرۆشتن و ئاشکرابوونى پرسیارەکانیان بڵاو کردەوە، بۆیە وەزارەتى پەروەردە داواى یاسایی لەسەر تۆمار کردوون و دڵنیاین چ ئەوانەى لە هەرێمن و چ ئەوانەیش کە لە دەرەوەى هەرێمن، لە ڕێگەى یاساوە بەدواداچوونى تەواویان بۆ دەکرێت و بە تێوەگلانیان سزاى قورس دەدرێن و هەر کەسێکیش لەمەولا و بە هەر مەبەستێک بچێتە ئەم چوارچێوەیەوە وەزارەت بە پێى یاسا داواى یاسایی لەسەر تۆمار دەکات.

٨. کەناڵى (NRT) کە بە بەرنامەى (ڕاى تۆ) لە ڕێکەوتى (٥/٦/٢٠١٦)ى زایینى زۆر نابەرپرسانە دەرگاى بە ڕووى کۆمەڵێک کەسى خوار تەمەن (١٨) ساڵ کردەوە بۆ فڕێدانى هەموو جۆرە تۆمەتێک و دروستکردنى حاڵەتێکى نەخوازراوى دەروونى و نەرێنى لەسەر قوتابی و خوێندکاران و کەسوکارەکانیان، لە لایەن داواکارى گشتى سلێمانییەوە لێکۆڵینەوەى یاسایی لەگەڵ دەکرێت و هەر کەسێکیش لە بەرنامەکەدا قسەى کردبێت و نەتوانێت قسەکانى خۆى بە بەڵگە بسەلمێنێت، ڕێکارى یاسایی لەبەر دەگیردرێتە بەر، چونکە دیاردەى دزێ پێویستى بە بەدواداچوونى لایەنى پەیوەندیدارى دیکە جگە لە وەزارەتى پەروەردە هەیە.

لە کۆتاییدا قوتابیان و خوێندکارانى خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە وەزارەتى پەروەردە بە هەموو توانایەوە، هەوڵى فەراهەمکردنى فەزایەکى گونجاو و لەبار بۆ ئەنجامدان و بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوەکان دەڕەخسێنێت و داوایان لێ دەکات کە مێشکى خۆیان بە هیچ پڕوپاگندەیەکەوە سەرقاڵ نەکەن، چونکە بوونى چەند حاڵەتێکى نایاسایی لە یەک دوو هۆڵێک ناکاتە ئەوەى پڕۆسەکە عەیبدار و نادادپەروەرانە بێت. ئێمە بۆ دەستکەوتنى هەر زانیاری و بۆ پاراستنى ئەمنیەتى پڕۆسەکە و نەهێشتنى شڵەژانى دەروونى قوتابیان و خوێندکاران، باز بەسەر هیچ کەسێکدا نادەین و سوپاسى هەموو کەسێکى دڵسۆزیش دەکەین کە بە بەڵگە و زانیارى دروستەوە هاوکارمان بێت لە سەرخستنى پڕۆسەکە و گەیشتنە ئەنجامى کۆتایی

لەگەڵ ڕێزدا

وەزارەتى پەروەردە
٨/٦/٢٠١٦ى زایینى

ب?اوکردن?و?