وەزارەتى پەروەردە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر تاقیکردنەوەکان بڵاودەکاتەوە
بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیێنین کە بە پشتیوانى خواى گەورە و بە دڵسۆزى مامۆستایان و جۆش و خرۆشى خوێندکار و قوتابیانى خۆشەویست، ئەمڕۆ یەکەم تاقیکردنەوەى گشتى پۆلەکانى (١٢ى ئامادەیی و پیشەییەکان) بە سەرکەوتووییەوە بەڕێوە چوو کە تیایدا (١١٧٥٣١) قوتابی و خوێندکار بە چاودێرى (٢٩١٠٦) چاودێر و بەڕێوەبەر لە (٢١٤٦) هۆڵ، بەشدارى ئەم پڕۆسە گرنگەیان کرد.
وەزارەتى پەروەردە بە هاوکارى دڵسۆزانەى چەندین لایەنی پەیوەندیدار، هەوڵى فەراهەمکردنى ژینگەیەکى لەبار و دابینکردنى ئارامى و ئاسایش بۆ تاقیکردنەوەکانى داوە، بۆیە لەم سۆنگەیەوە قوتابیان و خوێندکاران دڵنیا دەکەینەوە کە ڕێگە نادەین هیچ کارێکى دزێو و هەلپەرەستانە، ماندووبوون و شەونخوونی ئێوەى خۆشەویست بەفیڕۆ بدات و هەموو لایەک ئاگادار بن کە ڕەنگە کەسانێک هەبن بۆ هەڵخەڵەتاندن و پارەکۆکردنەوە پڕوپاگندە و قسەو قسەلۆک بڵاو بکەنەوە، دڵنیایی دەدەینە هەموو لایێک کە ئەم بانگەشانە هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە، و داوا لە قوتابی و خوێندکارانى خۆشەویست دەکەینەوە کە بڕوا بەو بانگەشانە نەکەن کە لە نێو خەڵک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە. وەزارەت بەدواداچوونى بۆ هەموو ئەو دەنگۆیانەى (٢٤) سەعاتى ڕابردوو کردووە و ئەو بەناو وەڵامانەى کە هەن بە بەراوردکارى هیچیان ڕاست نین و تەنیا مەبەست لێیان کۆکردنەوەى پارەیە. بۆیە پێویستە ئارام بن و تەنیا گرنگى بە خوێندنى خۆتان بدەن تا بە هەوڵ و ماندووبوونتان نمرەیەکى باش بەدەست بهێنن و ئایندە بۆ خۆتان مسۆگەر بکەن.
.............................................................................................
وەزارەتى پەروەردە
بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندن
ی.س