ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

شێوازی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانکۆ و پەیمانگەكان دەگۆڕێت








شێوازی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانکۆ و پەیمانگەكان دەگۆڕێت


وەرگرتنی قوتابی‌ و خوێندكاران لە زانكۆ ‌و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان چیدی تەنیا بە شێوازی وەرگرتنی ناوەندی نابێت، بەڵکو لەمەودوا خوێندکاران دەتوانن لەو بەشەی کە دەیانەوێت لێی بخوێنن، فۆڕمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.
گۆڕانکارییەکان هەموو بەشەکان ناگرێتەوە
بەپێی ئەو مەرجانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتنی زانكۆیی واتە (بە خواستی قوتابی) بۆ زانكۆكانی ناردووە، وێنەیەكی دەست (تۆڕی میدیایی رووداو) كەوتووە، هەموو بەشەكان ناگرێتەوە، دیارترین ئەو بەشانەش كە قوتابی‌ و خوێندكار ناتوانن بەخواستی خۆیان بچن و فۆڕمی وەرگرتنی تێدا پڕبکەنەوە، بریتین لە بەشە: پزیشكییەكان، ئەندازیاری، یاسا ‌و چەند بەشێکی دیكەش "كە زانكۆكان خۆیان دیارییان كردووە".
لە مەرجە گرنگەكانی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان بە "شێوازی زانكۆیی" بریتین لە" كۆنمرە، دەبێت خوێندکار 60% كەمتری نەبێت. تەمەن، لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت". ئەم وەرگرتنە دەرچووانی ساڵەكانی خوێندنی 2014 بۆ 2015 ‌و 2015 بۆ 2016 بە هەمان ئەو مەرجانە دەگرێتەوە، بەڵام ئەو خوێندکارانە دەچنە پێشبڕکێوە بۆ بەدەستهێنانی کورسی خوێندن.

دەبێت تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بکەن
ئەو خوێندکارەی دەخوازێت بەو شێوازە وەربگیرێت، دەبێت لەماوەی مانگێكدا (24-7- 2016 تاوەكو 24-8-2016) سەردانی بەشی تۆماری زانكۆكان بكات، مەرجیشە تاقیكردنەوەیەكی سەرەتایی بۆ وەرگرتنی لەو بەشەی دەیەوێت تێیدا بخوێنێت ئەنجامبدات، كە ئەویش لە 28-8-2016 تاوەكو 1-9-2016 دەبێت.
بەپێی ئەو شێوازە نوێیەی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکان، خوێندكار دەتوانێت‌ لە چەند زانكۆیەك داواكاری وەرگرتن پێشكەش بكات، هەر قوتابییەك بەو شێوازە داوای وەرگرتن لە زانکۆکان بکات، مافی وەرگرتنی بەشێوازی زانكۆ لاین نامێنێ‌.
هێمن شوانی، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا‌ و توێژینەوەی زانستی راگەیاند "ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیاری وەرگرتنی قوتابی بەشێوازی زانكۆیی داوە، دیاریكردنی ئەو بەشانەش كە قوتابی بەو شێوازە وەردەگرێت لەسەر خواستی زانكۆكان خۆیان بووە".
شوانی، باسی لەوەش كرد تاوەكو ئێستا نازانن پێشوازی قوتابیان بۆ ئەم شێوازی وەرگرتنە نوێیە چۆن دەبێت، گوتیشی "چاوەڕێ دەكەین بزانین پێشوازی دەرچووان چۆن دەبێت، تاوەكو لە ساڵانی داهاتوودا بڕیاری باشتر لەوبارەیەوە بدرێت".
پێشتر لە هەرێمی كوردستان، لەچەند بەشێكی دیاریكراوی كەم نەبێت، وەرگرتنی قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگەكان لە رێگەی وەرگرتنی ناوەندییەوە بووە.

ی.س

ب?اوکردن?و?