ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

ڕوناکی و خەو


ڕوناکی و خەو


دەروونناس: سامان سیوەیلی
دیزاین و ڕووبەری خانووی ئەم سەردەمە بەراورد بەچەندین ساڵ پێش ئێستای خانووبەرەی کوردستان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، یەک لەو گۆڕانکاریانە زۆری گڵۆپ و ڕوناکیە لەشەواندا، ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر خەوی مرۆڤەکان، لەگەڵ خۆرئاوا بوون و کاتێک تاریکی باڵ بەسەر زەویدا دەکێشێت، تەنێکی زۆر بجوک لەمێشکی مرۆڤدا کە ناسراوە بە (کاژە ڕژێن – الغدة الصنوبریة) کە یەکێکە لە کوێرە ڕژێنەکان، دەستدەکات بە ڕژانی هۆرمۆنێک بەناوی هۆرمۆنی (میلاتۆنین) بۆ ناو خوێن، ئەم هۆرمۆنە بە هۆرمۆنی (خەو) دەناسرێت و یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ ئەوەی بخەوێت، دوژمنی سەرەکی هۆرمۆنی (میلاتۆنین) ڕوناکیە، کاتێک ناوماڵ لەشەواندا زۆر ڕوناک بێت ئەوا ئەم هۆرمۆنە بەڕێژەیەکی زۆر کەم دەڕژێتە خوێنەوە بەمهۆیەوە پلەی گەرمی لەش بەبەرزی دەمێنێتەوە و لێدانی دڵ بەبەرزی و فشاری خوێن بەبەرزی وەک خۆیان دەمێنێتەوە وەک ئەوەی لەکاتی ڕۆژدا بیت، بەڵام کاتێک ناوماڵ ڕوناکی کەم بێت، ئەم هۆرمۆنە بەڕێژەی ئاسایی خۆی دەڕژێتە خوێنەوە و پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت و لێدانی دڵ کەم دەکات و فشاری خوێن دادەبەزێت و مرۆڤ ئامادە دەبێت بۆ خەو و بەباشی خەوی لێدەکەوێت، یەکێک لەنەریتە خراپەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بەکارهێنانی گڵۆپی نیۆن (شیری)یە، واتە ئەو گڵۆپانەی ڕەنگیان سپیە، کە ئەمە وادەکات هۆرمۆنی میلاتۆنین لەئاستێکی زۆر نزمدا بڕژێتە خوێنەوە و بەمهۆیەوە مرۆڤ بەئاسانی ناتوانێت خەوی لێبکەوێت، جگە لەوەی زۆری ژمارەی گڵۆپ لەناوماڵدا بەشەوان وادەکات ماڵ زیاد لەپێویست ڕوناک بێت، ئەمەش دژایەتی کردنی هۆرمۆنی خەوە، بۆیە دروست وایە لەناوماڵاندا بەهیچ شێوەیەک گڵۆپی سپی بەکارنەهێنرێت بۆ مەبەستی ڕوناک کردنەوە، لەبری ئەوە گڵۆپی (زەرد)ی کەم ڕووناکی بەکاربێت، ڕێژەی ڕژانی هۆرمۆنی (میلاتۆنین) لەنێوان کاتژمێر (١٠ – ١١) ی شەو دەگاتە بەرزترین ئاستی، بۆیە ئەو کاتە بەباشترین کاتی نوستن دادەنرێت بۆ مرۆڤ، لەو وڵاتانەی کە زانست و توێژینەوە زانستیەکان توانیویانە کۆمەڵگە باشتر هۆشیار بکەنەوە لەناوماڵاندا گڵۆپی نیۆن نابینرێت، تەنانەت لای هەندێک شەوانە مۆم بەکاردەبرێت یان ڕوناکیەکی زەردی زۆر کز چونکە ئەمە دەبێتە هۆی زیاد ڕژاندنی هۆرمۆنی میلاتۆنین و بەئاسان نووستنی مرۆڤەکان و دەستەبەربوونی تەندروستیەکی باشتر بۆیان.
لەپاش پەرەسەندنی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا لەئێستادا زۆرێک لەمرۆڤەکان بەردەوام بەرکەوتنیان لەگەڵ مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە بەمەبەستی بەشداری کردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و چاتکردن و یاری کردن و گەڕان بەناو پێگە ئەلەکترۆنیەکاندا، ئەمەش وایکردووە بەشێکی بەرچاو لەخەڵک تەنانەت لەناو جێگەی نووستنەکانیاندا و لەژێر پێخەفەکانیشیاندا مۆبایلە زیرەکەکانیان بەدەستیانەوەیە، ڕوناکی ژوورەکەی خامۆش کردووە بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئەو ڕوناکیەی مۆبایلە زیرەکەکان پەخشی دەکەن یان لە ئامێری کۆمپیوتەرەکانەوە پەخش دەبن، ئەوانیش دەبنە هۆی تێکچوونی خەو.
کەواتە بۆ ئەوەی شەوانە لەکاتێکی دیاریکراودا بتوانیت بخەویت و بۆ ڕۆژی پاشتر لەئاستێکی باشی چالاکیە جەستەیی و ژیریەکانتدا بیت، باشتر وایە شەوان ماڵەکەت یان ژوورەکەت ڕوناکیەکی کزی تێدا بێت و لەناو جێگەی نوستندا مۆبایلت بەدەستەوە نەبێت و خۆت لەبەرکەوتنی ڕوناکی زۆر بپارێزیت.
سەیری سستمی سروشت بکە، لەڕۆژدا و کاتێک خۆر هەڵدێت ئیتر ڕژانی هۆرمۆنی میلاتۆنین دادەبەزێت بۆ نزمترین ئاستی، لەڕۆژدا پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە، فشاری خوێن بەرز دەبێتەوە، لێدانی دڵ زیاد دەکات، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت هەستێت بە چالاکیە جەستەیی و ژیریەکانی، بەڵام لەگەڵ خۆرئاوا بوون هەموو ئە گۆڕانکاریانە بەپێچەوانەوە ڕوودەدەن، بۆیە ناکرێت تۆ پێچەوانەی سروشت ڕەفتار بکەیت و لەناو ماڵەکەتدا لەجیاتی خۆرە ئاوابووەکە چەندین خۆری دەستکرد (گڵۆپ) دابنێیت، بێگومان منداڵان بەئاستێکی بەرزتر دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو ڕوناکیە زۆرەی شەوان لەناوماڵدا هەیە، بەمهۆیەوە زۆرێک لە منداڵانی ئەم سەردەمە وەک گەورەکان هەتا درەنگانی شەو بێدارن و دایکان و باوکانیش سکاڵای ئەوە دەکەن کە منداڵەکانیان ناخەون، بەیانیانیش ئەو منداڵانە بەهۆی ئەوەی تێر خەو نابن بەئاسانی بێدار نابنەوە و کاتێکیش دەچن بۆ قوتابخانە لەپۆلەنای خوێندندا زۆر باوێشک دەدەن و تەرکیزیان کەمتر دەبێتەوە. بەڵێ نەخەوتنی ئەو منداڵانە لەشەواندا، ئەنجامێکی سروشتی هەڵەی تۆی دایک و باوکە کە ماڵەکەت کردۆتە چراخان و لەگەڵ ڕۆژدا جیاوازیەکی ئەوتۆت نەهێشتۆتەوە.
بڕوانە پێشینانمان، گوندنشینانی سەردەمانی پێشوو، چونکە شەوان (چرا و فتیلە)یان بەکارهێناوە و کارەبا و گڵۆپ نەبووە، هەر لەدوای دوو کاژێر لەئاوابوونی خۆر خەڵکی ئەو سەردەمە نووستوون، هەر ئەوان تەندروستیان باشتر بووە و تەمەنیان درێژتر بووە لەچاو خەڵکی ئەم سەردەمە.
بۆیە هەتا دەتوانی لە شەواندا ماڵەکەت تاریک بکە، گڵۆپی سپی بەکارمەهێنە، گڵۆپی زەردی کز بەکاربهێنە، شەو بۆ حەوانەوەیە و ڕۆژ بۆ چالاکی.

ی.س

ب?اوکردن?و?