ئاگادارییەک بۆ دەرچووانى پۆلى دوازدەى ئامادەیی
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرچووانی (12)ی ئامادەیی ئاگاداردەکاتەوە، لە کاتی پێشکەشکردنی داوا بۆ وەرگرتن لە زانکۆکان و پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین رەچاوی دوو خاڵ بکەن:
عەباس ئەكرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، ئەو دەرچووانەی کارتی نیشتیمانییان دەرکردووە و، ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەییان لێ وەرگیراوەتەوە، لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن لە (زانکۆلاین) و، لە هەر شوێنێک ژمارەی رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی پێویست بوو، ئەوا دەتوانن ژمارەی کارتی نیشتمانیان بنووسن تاوەكو کارەکانیان بەتەواوەتی بۆ رایی بکرێ.
لە هەندێک شوێن لە ناوچە جیاکانی کوردستان، ژمارەیەک شوێن و سەنتەر بانگەشە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین دەکەن، وەك عەباس ئەكرەم گوتی، ئەو سەنتەرەو شوێنانە دوور و نزیک پەیوەندییان بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە نییە، هەربۆیە داوا لە دەرچووانی (12) ئامادەیی دەکەین بەهیچ جۆرێک پەنا نەبەنە بەر ئەو شوێن و سەنتەرانە".
عەباس ئەكرەم گوتیشی "بەپێچەوانەوە خۆیان لە هەر کەموکوڕییەکی پڕکردنەوە بەرپرسیار دەبن، هەر بۆیە وەزارەتەکەمان لە زانکۆکانی کوردستان ژمارەیەک (مەڵبەندی راوێژکاری) كردوونەتەوە، دەرچووان دەتوانن بۆ هەر پرس و راوێژێک سەردانی ئەو مەڵبەندانە بکەن تا دوچاری هیچ جۆرە کیشەو گرفتێک نەبنەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دەرچووانی 12 ی ئامادەیی خۆیان بەرپرسیارن لە پڕکردنەوەی فۆرمی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان لەڕێگەی زانکۆلاین بەپێی ویست و ئارەزوی خۆیان و رەچاوکردنی کۆنمرەیان بۆ پێشبڕکێ، بەڵام دەبێ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی رەچاوی ئەوەش بکەن کە بەهیچ شێوەیەك نابێ لە (25) هەڵبژاردە کەمتر و (50) هەڵژاردە زیاتر پڕبکەنەوە، بەوپێیەی دەرفەتی وەرگرتنیان بەپێیی کۆنمرە زیاتر دەبێت، هەر فۆرمێکیش لە (25) هەڵبژاردەی کەمتر پڕکردبێتەوە، ئەوا فۆرمەکەی بۆ پڕۆسس ناکرێت.
ی.س