ستۆری: بۆمبێكی داعش، ئەحمەدی لەكوڕە تاقانەكەی كرد
ئەحمەد عەزیز (32 ساڵ) بەسەدان كیلۆمەتر لەدوری شوێنی لەدایكبوونی و لەشەڕی دژ بەچەكدارانی داعش شەهیدبوو، دوای خۆی كوڕە تاقەنەكەی بەجێهێشت و خانەوادەكەی كردە پرسەیەكەوە كە تائێستاش ئاسەوارەكەی لەدڵیاندا ماوەتەوە.
شەهید ئەحمەد عەزیز ئەحمەد لەساڵی 1984 لەناحیەی زەڕایەن لەدایكبووە. لەساڵی 2004 بووەتە پێشمەرگە، دوا شوێنی پێشمەرگایەتی هێزەكانی پشتیوانی دوو بووە. لە 26/8/2015 لەگوندی ئەلبو نەجم سنووری قەزای داقوق شەهیدبووە.
شەهید چوار خوشكو یەك برای هەیە، لەساڵی 2009 هاوسەرگیریی كردووەو كوڕێكی تەمەن حەوت ساڵەی هەیە بەناوی شاهید.
شەهید ئەحمەد شۆفێری ناقیلە (زرێپۆش) بووەو بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك لەگوندی ئەلبونەجمی سنووری قەزای داقوق لەگەڵ پێنج پێشمەرگەی تر كە دوانیان ئەفسەربوون، شەهیدبووە.
بۆدواجار، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ئەركی پیشمەرگایەتی خۆی، دوو رۆژ بەر لەشەهیدبوونی براكەی، حەسەن ئەحمەدی برای بینیوە.
شەهیدبوونی ئەحمەد وەك حەسەنی برای دەڵێت، كاریگەرییەكی زۆری لەسەر بنەماڵەكەی هەیە "شەهید كەسێكی خزم دۆست بوو، كۆمەڵایەتی بوو، وەكو حەزیش خولیای وەرزش بوو بەتایبەتی دوو گۆڵیی، شەهیدبوونی یەكجار زۆر كاری تێكردووین، هەموومان لەپرسەیەكی بەردەوامداین، دایكم لەهەموومان زیاتر خەمبارە، ئەو رۆژانە پیشەی بووەتە گریان".
حەسەن شانازی بە شەهیدبوونی براكەیەوە دەكات، لەپێناو خاكو نیشتیمان، "زۆر یەكتریمان خۆش دەویست بۆهەركارێك پرسی پێدەكردم بۆساتێكیش لەیەك زویرنەبووین".
وتیشی "شەهید زۆرحەزی لەسەفرەو لەسەردانیكردنی خزمانو دۆستانی بوو، بەشاهیدی هەموو خزمانو هاوسەنگەرانی هەتا لای فەرماندەكەی خۆشی كەسێكی خۆشەویست بوو گەنجێكی بەئەخلاق و ڕەوشت بەرزبوو ئەوەی لەسەرشانی بو بەباشی دەیكرد نمونەی برا بو زۆر خۆشەویست بوولامان، زۆر یادگاری خۆشمان هەیە ناكرێت هەموی باس بكەم ئەوە دووساڵە شەهیدبووە ئێستاش ئێمە زۆر موعاناتمان هەیە، هەرگیز لەبیرمان ناچێت، شەونییە دایكم و خوشكەكانم نەگرین".
ئەحمەد بەشداری هەموو شەڕەكانی دژ بە داعشی كردووە لەبەرەكانی مەكتەب خالیدو مەلا عەبدوڵاو تەلوەردو حلیوەی بچووكو حلێوەی گەورەو جەلەولاو قەرەتەپەو گوندی وەحدە.
خانم كەریم (1953) دایكی شەهید باس لەوەدەكات بۆ دواجار، رۆژی دووشەممە، واتە دوو رۆژ بەر لەشەهیدبوونی كوڕەكەی بینیوە "تەلەفۆنێكی بۆ هاتو پێیانوت كە ئینزارەو ئەبێت بگەڕێتەوە، بەداخەوە بۆ رۆژی چوارشەممە 26/8/2015 تەلەفۆنیان بۆكردینو وتیان ئەحمەد شەهیدبووە، منیش یەكسەر لەهۆشی خۆم چووم".
خانم لەبارەی نێوانی خۆیو كوڕەكەی دەڵێت "ئەو زۆر خۆشەویست بوو، زۆرم خۆش ئەویست، هەرگیز دڵمی نەیەشاندوە من زۆر لێی رازیبوم".
ئێستا ماڵی شەهید لەناحیەی زەڕایەنە، گۆڕی شەهیدیش لەگۆڕستانی هەمان شارۆچكەیە.
ئامادەکردنی: فەریق حەبیب، خەندان