ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

ڕێنماییه‌كانى خۆپارێزی پێش ڕوودان و لە كاتی ڕوودان و لەدوای تەواوبوونی بوومەلەرزەدا

ڕێنماییه‌كانى خۆپارێزی پێش ڕوودان و لە كاتی ڕوودان و لەدوای تەواوبوونی بوومەلەرزەدا


(( پێش روودانی بوومەلەرزەدا ))
1 – لێكۆڵینەوەی زانستیی چڕوپڕ لەسەر ئەو ناوچانەی كە ئەگەری بەركەوتنیان هەیە بە بوومەلەرزەو دروستكردن و بڵاوكردنەوی نەخشەی تایبەت بە (ناوچە بوومەلەرزەییەكان).
2- دامەزراندنی تۆڕێكی تایبەتی روانگەكردن و تۆماركردنی چالاكیی بوومەلەرزەیی.
3- لێكۆڵینەوە لەسەر پێوەرەكانی پاراستن لە بوومەلەرزەو تێخستن و رەچاوكردنی لەنێو دیزاینی باڵەخانەو تەلارو دامەزراوەو خاونووەكان.
4 – دەستنیشانكردنی ئارامترین ناوچە بۆ بونیاتنانی خانوو و باڵەخانەو كارگەكان…هتد.
5 – بڵاوكردنەوەی رێنمایی پێویست و بەشێوەیەكی بەردەوام لەنێو هاوڵاتیاندا تا بتوانن بە چاكترین شێوە مامەڵە بكەن لەكاتی روودانی هەر بوومەلەرزەیەكدا.
6 – تا بكرێت شوێنی دانیشتنی خێزان دووربێت لە دۆڵاب و كتێبخانەو هەر كەل و پەلێكی دیكەی گەورەو هەرچی شتێكی قوڕس لە نزمترین ئاستدا دابنرێت و هەروەها دۆڵاب و مێزە گەورەكانی تەلەڤزیۆن و گیزەرەكان لە دەرەوەی ژوورەكاندا پێویستە بە شێوەیەكی توند تۆكمە بە دیوارەكاندا ببەسترێنەوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەیەك كەلە ساڵی 1994 لە كالیفۆرنیا ئەنجامدرا، دەركەوت كەوا بەربوونەوەی دۆڵاب و كتێبخانە قورسەكان بەسەر دانیشتوانی نێو ژوورەكان لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا، بۆتە هۆی %55 ی حاڵەتەكانی گیان لەدەستدان، بەڵام بەربوونەوەی كەل و پەلەكانی دیكەی ئاسایی تەنها %1 بووە.
7 – دەستنیشانكردنی چاكترین شوێنەكانی خۆ حەشاردان لەنێو ماڵ یان فەرمانگەو دامەزروەكان بە گشتی و نیشاندانیان بۆ ئەندامانی خێزان و كارمەندان تا زووتر شارەزابن و خێرا بگەنە شوێنی مەبەست.
8 – هەردەم جووتە پێڵاوێكی زیاد، لایتێكی شەحنكردنەوەو لایتێكی گڵۆپی ئاسایی، ئامێرێكی رادیۆ چەند پاترییەك بخەرە ژێر ئەو قەرەوێڵەیەی كە لەسەری دەخەوی.
9 – بوونی ئاگركوژێنەوەیەكی لەبارو گونجاو لەنێو ماڵەكەتداو راهێنانی ئەندامانی خێران بە گشتی لەسەر چۆنییەتی بەكار هێنانی لە كاتی پێویستدا.
10- دابینكردنی سندوقی (فریاگوزارییە سەرەتاییەكان) داوو دەرمانی زۆر پیۆیست و پێداویستی خێزان لە ئاوو خۆراكی پێویست بۆ ماوەی لایەنی كەم (3) رۆژ، بەپێی سروشتی پێكهاتەیان و بوونی كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت تیایانداو دانانی لەو شوێنەی كە دەستنیشانكراوە وەك لەبارترین شوێنی خۆ حەشاردان.
11 – بوونی كۆپییەكی زیاد لە دیكۆمێنتە گرنگەكانی خێزانیی وەك (ناسنامەكان و بۆندە عەقارییەكان و فایلە ژمێریارییەكان) و لیستی ناوی خزم و كەسانی نزیك لەگەڵ ژمارەی تەلەفۆن یان مۆبایلیان و هەڵگرتنیان لە شوێنێكی پارێزراو.
12 – بەردەوام چ لەناو ئۆتۆمبێلت یاخود لەشوێنێكی زۆر گونجاودا ئەم كەل و پەل و پێداویستیانە هەڵبگرە:
(دەرمانی پێویست، سندووقێكی فریاگوزاری سەرەتایی، چاویلگەی پزیشكیی تایبەت بەخۆت یان هەر ئەندامێكی خێزانەكات، بوتلی ئاو بە پێی پێویست، پێڵاوی توندو تۆڵ، نەخشە، بڕێك پارە، لیستێك بە ژمارەی مۆبایل و تەلەفۆنی پێویست، خۆراكی سووك وەك كێك و بسكویتی ووشك، كۆپی ناسنامەكان).
چۆنیەتی مامەڵەكردنی دروست لە كاتی روودانی بوومەلەرزەدا
لەكاتی روودانی هەر بوومەلەرزەیەكدا لە بیرتان بێت بە خێرایی و بە ئارامی هەڵس و كەوت بكەن و شوێنی گونجاو بۆ خۆپاراستن بدۆزنەوە.
(( لەماڵدا ))
1- سەرو دەم و چاوتان بپارێزن بەهەر شتیك كە لەبەر دەستدا بێت و بەرەو نزیكترین گۆشەی ژوورەكانتان بڕۆن یان بچنە ژێر مێز و پەیژە (قاڵدرمە) ی ماڵەكانتان.
2- لە پەنجەرەو دیواری دەرەوە و ئاوێنەو كەلوپەلی هەڵواسراو و مەكتەبەی ناو ماڵ دووركەونەوە
3- لە كاتی تەواو بوونی كاریگەری بوومەلەرزەكەدا كارەباو سۆبەو غازی ناو ماڵ بكوژێنەوە
(( لە دەرەوە ))
1- بەپێی توانا لە باڵەخانەكان دووركەونەوەو بڕۆنە نزیكترین شوێنی كراوەو خۆتان بپارێزن لە پارچە بەردو دیوارو هەرشتێكی ناجێگیر.
2- لە پردو ئەندەرپاس و كێبڵی كارەباكان و ستوونەكان و درەخت و ریكلامی هەڵواسراوی بەردەم دوكان و شوێنە بازرگانییەكان دووركەونەوە.
(( لە ناو ئۆتۆمبیل ))
1- راستەوخۆ لە شوێنی خۆتان بووەستن و لە ناو ئۆتۆمبێلەكانتاندا بمێننەوە.
2- ئەگەر لە ژێر پردو ئەندەرپاس و تەنیشت درەخت و نزیك باڵەخانەو تاوێرەكانی كارەباو پەیوەندییەكاندا بوون هەوڵ بدەن دووركەونەوە بە ئۆتۆمبێلەكانتان یان بەپێ.
(( لە قوتابخانەو فەرمانگەو كارگەكاندا ))
1. لەكاتی روودانی بوومەلەرزەكەدا بچنە ژێر مێزە توندو تۆڵەكان یان بچنە گۆشەی ژوورەكان و دووركەونەوە لە شووشەو پەنجەرەو ژێر گلۆپ و (سورەیا) هەڵواسراوەكان.
2. هەوڵبدە بە كەرەستەیەك سەرتان بپارێزن.
3 – بەهیچ جۆریك بەرزكەرەوە (مصعد) بەكارنەهێنن.
4 – دووركەونەوە لە هەر سەرچاوەیەكی گازیی سوتێنەرو كیمیاوی و تیشكدەر.
5 – دووركەونەوە لە محەویلەی كارەباو بۆردی كۆنتڕۆل و كێبڵی كارەبای پاڵەپەستۆ بەرز.
(( پاش كۆتایی بوومەلەرزەكە ))
1 – دەبێت ئامادەبین بۆ روودانی بوومەلەرزەی دواتر كە دەبێتە هۆی رووخاندنی باڵەخانەكان كە بە بوومەلەرزەی پێشتر (سەرەكی) زیانیان پێگەیشتووە
2 – دەرگای ماڵەكانتان دابخەن و روو بكەنە شوێنە كراوەكان
3 – گوێ لە رێنماییەكانی بەرگری شارستانی بگرن و جێبەجێیان بكەن.
4 – ئەوكەسانەی بە سەختی زیانیان پێگەیشتوە مەیانجوڵێنن تا تیمەكانی فریاكەوتن بە هانایانەوە دەچن.
5 – نزیك مەكەونەوە لە شوێنە رووخاوەكان و ئاوێك مەخۆنەوە كە لە سەرچاوەكەی دڵنیا نەبن.
———————————————————————————————————————————
*خوای گەورەو میهرەبان گەل و نیشتمانمان بپارێزی *

ی.س


ب?اوکردن?و?