ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

زانیاری تەواو لەسەر زەڕایەن


زانیاری تەواو لەسەر زەڕایەن

ئامادەکردنی: یونس سلێمان

زەرایەن کۆمەڵگایەکی زۆرەملێیە بوو لە ساڵی ١٩٧٨ ڕژێمی پێشووی سەددام دروستی کرد بو ئەو گوندانەی ئەوبەری ئاوی سیروان لەنزیک شاری سلێمانی لە دەشتی شارەزوور دواتر کرایە ناوەندی ناحیەی زەڕایەن.

زەڕایەن
پاش دروستکردنی حکومەتی عێراقی لە ساڵی ١٩٢٥ و لکاندنی باشووری کوردستان بە دەوڵەتی پاشایەتی ئەوسای عێراقەوە، دەستکرا بە دامەزراندنی دەزگا ئیدارییەکان لە عێراقدا، لەکوردستانیشدا چەند لیوا (پارێزگا) و قەزا و ناحیە دامەزرا. یەکێک لە ناحیەکان، ناحیەی وارماوا بوو لە گوندی چەمەرگە ئیدارەکەی دامەزرێنرا، سنورەکەشی ئەو کاتە پێکھاتبوو لە ناحیەی زەڕایەنی ئێستاو ھەڵەبجەی تازە و دەربەندیخان بە ھەموو دێھاتەکانییەوە. لە ساڵی ١٩٥٢ بەڕێوەبەرێتی ناحیەی وارماوا لە گوندی چەمەرگە گوێزرایەوە بۆ گوندی قلیجە تا ساڵی ١٩٥٨، پێش شۆڕشی ١٤ی تەمموز لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ ماوەیەکی کەم، بەڕێوەبەرێتی ناحیەکە گوێزرایەوە بۆ گوندی چنارە و ھەر بەناوی بەڕیوەبەرێتی ناحیەی وارماواوە بووە، لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٥٥ تا ١٩٥٨ عەبدول جەبار زەنگەنە بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوا بووە. لە پاش شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بەڕیوەبەرێتی ناحیەی وارماوا لە گوندی چنارەوە گوێزراوەتەوە بۆ دەربەندیخان و ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ بەڕێوەبەرێتی ناحیەی دەربەندیخان. لە ساڵی ١٩٧٩ ناحیەکە گوێزراوەتەوە بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی زەڕایەن، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەساڵی ١٩٧٨ لەشێوەی ئۆردوگای زۆرەملێ لەدانیشتوانی گوندەکانی سەر سنوری عێراق-ئێران کەژمارەیان (٢٠)گوند بووە ڕاگوێزران بۆ ئەم شارۆچکەیە کە ژمارەی ماڵەکانیان (١٢٥٠) ماڵ بوون. کەبریتیی بوون لەم گوندانە(گمە- پشتە- گڵیجاڵ- قەڵب-بەلەسۆ-چوارداران -کانی پاشا- کانی وەیسکی-تۆ وشکی- مۆرتکە-سەرشاتەی خواروو - سەرشاتەی سەروو- زارێن – کانی ژاڵە – ھۆرێن - سەرتەک – بەڕوێن – بانی بۆڵان، لاوران) چەند گوندێکی تر کەبەزەبری ھێز وسوپاو تانک ڕاگوێزران.
ناحیەی زەڕایەن لە ساڵی ١٩٧٩ سەر بەقەزای دەربەندیخان بوو لە پارێزگای سلێمانی. بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی حوکمی محلی لەڕۆژی ١٩٧٩/١٠/١٦ ناحیەی زەڕایەن پێکھێنراو بەپێی مەرسومی کۆماری ژمارە (٣١١) لەڕۆژی ١٩٨٩/٦/٢٨ناوی ناحیەکە گۆڕا بۆ ناحیەی شارەزوور
لەدوای ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٥ لە ڕووی ئیدارییەوە بەسترابوەوە بە پارێزگای کەرکووکەوە لەقەزای دەربەندیخان. لە ساڵی ١٩٩٥ بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ناحیەی زەڕایەن لەڕووی ئیدارییەوە خرایە سەر قەزای شارەزوور لەپارێزگای سلێمانی.
ناوی زەڕایەن
لەسەر ناوی زەڕایەن چەند ڕایەکی جیاواز ھەیە، گەریدەی ناودار (کەریم زەند) دەڵێت:
« لە شوێنی زێڕ یان خاوەن زێڕەوە ھاتووە". لەبۆچونێکی تردا ھاتووە دەڵێت: ناوی زەڕایەن لەناوی ژنێکەوە ھاتووە، کە لەوناوچەیە ژیاوە ناوی زێڕین بووە. »
ھەروەھا لەبۆچوونێکی تردا ئاماژە بەم ناوە دەکات و دەڵێت "لەوناوچەیەدا کانیەک ھەبووە ناوی (کانی زێڕین) بووە دواتر ئەم ناوە گۆڕاوە بۆ زەڕایەن.
لەبۆچوونێکی تردا ھاتووە لەساڵی ١٩٧٨دا حکومەتی ڕژێمی بەعس ھاوڵاتیانی گوندەکانی ئەوبەری سیراونی گواستەوە، ئەو گوندانەی کە نزیکی زەڕایەن بوون ئەوانیشی گواستەوە بۆ (مجموعەی زەرایەن) واتا ئۆردوگای زەڕایەن ئەم ناوی زەڕایەنەش لەناوی گوندی (زەڕایەنی کۆن) ە وە ھاتووە کە نزیکی زەڕایەنە.
ئامارەکان
ڕووبەری زەوی ناحیەی زەڕایەن
سەبارەت بەڕووبەری ناحیەی زەڕایەن بەدۆنم، بەپێی داتاکانی ساڵی٢٠١٢ دەرکەوتووە کۆی گشتی زەویە کشتوکاڵیەکان لەوەڕگاو دارستان(١١٤٠٩٤٬٥)دۆنم بووە لەنێوانیاندا بڕی ٥٢٢٧٧ دۆنم زەوی دێم وەبڕی ١٤٩٧٨دۆنم بەراوە وەبڕی ٦٥٢٨دۆنم بەردەڵانە واتە بێ کەڵکە ھەروەھا لەوەڕگاش ٢٨٩١٥دۆنم لەوەڕگایە وبڕی ١٠٨٦٠دۆنم دارستانی سروشتیەو بڕی ٥٠٠دۆنم دارستانی دەست کردە کەلە لایەن فەرمانگە پەیوەندی دارەکانەوە دروست کراوە، ھەروەھا بڕی(٧٨٬٥) دۆنم باخی بەراوە وەبڕی (٣٦)دۆنم ڕەزە واتە دێم.
ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی زەڕایەن بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧: (٤٩٩٧) خێزان و (٢٦٩٤٠) کەسە. بەم جۆرە دابەشبووە بە سەر شار و لادێدا:
ناوەندی ناحیەی زەڕایەن: ژمارەی خێزان(٣٤٣٦)، ژمارەی کەس (١٧٦٠٤).
گوندەکان: ژمارەی خێزان (١٥٦١)، ژمارەی کەس (٩٣٣٦).
جوگرافیا
شوێنی ناحیەکە
بەپێی بازنەکانی پانی دەکەوێتە نێوان (٣٥٬١٥-٣٥٬١٨)ـی باکور ھێڵەکانی درێژی (٤٥٬٣٩-٤٥٬٤٤)ـی خۆرھەڵات.
سەبارەت تۆبۆگرافیای ناحیەی زەڕایەن درێژیەکەی لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا(٤٥)کم پانیەکەی(١٥-٢٠)کم وەبەرزیەکەی لەنێوان (٤٥٠-٦٠٠)م وەشاخەکانی ھەورامان و چوارتاو باڵامبۆدەوریان داوە لەباکوری ڕۆژئاواوە دەبەسترێتەوە بەدەشتی سلێمانی، ئەم دەشتە بە بەپیترین دەشت دادەنرێت لەھەرێمی کوردستاندا بەھۆی نیشتوی ڕووبارەکانەوە کە لەشاخەکاندا دێتە سەرئەم دەشتە ڕووباری تانجەرۆ و ئاوی زەڵم و چەقان و ڕووباری تابین لەبەشی ڕۆژئاوایەوە دەڕژێتە ناوی.
سنووری جوگرافی زەڕایەن
ناحیەی زەڕایەن دەکەوێتە باشوری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی بە دووری ٣٦ کیلۆمەتر. لە ڕۆژھەڵاتەوە قەزای سەیدسادقەوە چەمی تانجەرۆ لە یەکتریان جیادەکاتەوە. لە بەنداوی دەربەندیخان تادەگاتە گوندی قەرەگۆل لەوێدا ناحیەی تانجەرۆ ھاوسنورە لە گەڵیدا، لە خۆرئاواوە سنورەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ گوندەکانی بناری قەرەداخ لە گوندی ئاوەکەڵەوە بەبنارەکەدا تێدەپەڕی تاگوندی چەم و ژاڵە لەوێشەوە دەپەڕێتەوە گوندی میرەدێ تا دەگاتە گوندەکانی کانی بەردینە و دەق.
گوندەگانی سنوری ناحیەی زەڕایەن:
زەڕایەن(ناوەند)
ئالان
ئاوایی شێخ حسێن
ئاوەکەڵە
ئەحمەدئاوا، وارماوا
ئۆردوگای نەسر
بەردەکەڕ، وارماوا
بیدەن
بێسەلمێن
تەپەکەڵ
تووەقوت
جەرداسنە
جۆلانە
چەم وژاڵە
حاسڵ
خەرجانە
داری قەلان
دسکەرە
دەق، وارماوا
زەلەڕەش
سارتکە، وارماوا
سێتەلانی خواروو
سێتەلانی سەروو
قلیجە
قەرەگۆلی خواروو
قەرەگۆلی سەروو
قەڵبەزە، وارماوا
کانی بەردینە، وارماوا
کانی توو، وارماوا
کانی کەوەی جوخ
کانی کەوەی کۆن
کانی کوێرە
کانی مرواری
کانی ھەمزە
کانی ھەنجیر، وارماوا
کانێسکان
کەلەکاوی
کورەی خواروو
کورەی سەروو
کۆڵەبی، وارماوا
گەورەقەڵا، وارماوا
مالوانی ئیبراھیم کەریم
مالوانی حەمەی عەزیز
مالوانی ڕەشیدڕەمەزان
مەحمودخانی خواروو
مەحمودخانی سەروو
میرەدێ
یەخشی خواروو
یەخشی سەروو
شوێنەکان
مزگەوتەکانی زەڕایەن
مزگەوتی گەورە
مزگەوتی کانی ئاسکان
مزگەوتی مەولەوی
مزگەوتی شێخ ساحێب
مزگەوتی سەلاحەدین
مزگەوتی پیر خدری شاھۆ
مزگەوتی دەروازە
مزگەوتی مەحوی
قوتابخانە و خوێندنگاکانی زەڕایەن
قوتابخانەی ھەوارانی بنەڕەتی
قوتابخانەی کاروانی بنەڕەتی
قوتابخانەی دانای بنەڕەتی
قوتابخانەی کانی میل بنەڕەتی
قوتابخانەی کوردۆی بنەڕەتی (٧-٩)
قوتابخانەی شەھید مامۆستا ستاری بنەڕەتی (٧-٩)
ئامادەیی (نیشتیمان) ی کچان
ئامادەیی (شەھید سەرچڵ) ی کوڕان
سەرچاوەکان
ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (٢٢٣٧) لەڕۆژی ٢٠٠٠/٨/٢٩، لاپەڕە (٥)
کتێبی (سلێمانی شارە گەشاوەکەم) بەرگی سێیەم، جەمال بابان، ئاسۆ بابان، ئومێد خالید، چاپی دووەم، ٢٠١٢، چاپخانەی ئاراس، ھەولێر
مەرسۆمی کۆماری، ژمارە(٣١١) لەڕۆژی ١٩٨٩/٦/٢٨

ب?اوکردن?و?