ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

گەنجێکی دانیشتوی زەڕایەن دووەم کتێبی خۆی لەسەر شوێنەوارەکانی کوردستان بڵاوکردەوە


گەنجێکی دانیشتوی زەڕایەن دووەم کتێبی خۆی لەسەر شوێنەوارەکانی کوردستان بڵاوکردەوە

نەوشیروان عەزیز گەنجێکی دانیشتوی شارۆچکەی زەڕایەنە دووەم کتێبی خۆی لەسەر شوێنەوارەکانی کوردستان بڵاوکردەوە.
کتێبەکە ناوی (باسەڕە)یە.
"باسەڕە" کتێبێکى شوێنەواریە، لە لایەن شوێنەوارناس نەوشیروان عەزیز نوسراوە، کتێبەکە قەبارەى مامناوەندیەو خۆى لە 300 پەڕەدا دەبینێتەوە.
نەوشیروان عەزیز، دەربارەى کتێبەکە دەلێت"کتێبى (باسەڕە) روپێویەکی مەیدانییە بۆ ناوچە شوێنەوارییەکانی سەنگاو، لەگەڵ ڕابردوی چەند گەلانێکی کۆن و مەڵۆیەک لەمێژوی میسۆپۆتامیا".
نوسەر دەربارەى هۆکارى هەڵبژاردنى ناوى باسەڕە بۆ کتێبەکەى دەڵێت،"ناوی کتێبەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەردە نیگارینەکەی دەربەندی باسەڕە، کە بەدیوی گوندی دێڵێژە دەستپێک و سەرەتای کردنەوەی کلیلی ناوچەی سەنگاوە لەم سنورەوە، دواتریش بۆ خودی ناوی باسەڕە کەدومانای هەیە: یەکەم بەمانای بایەکی وشک و بەهێز بەدرێژایی ساڵ کە لەدەربەندەکە نابڕێت، مانایی دوەمیش دەڵێن وشەیەکی کۆنی پەهلەوییە و بە مانایی زەوییەک دێت کە بۆ کشتوکاڵ(کشت-زار) لەباربرێت".
دەربارەى ناوەرۆکى کتێبەکە نەوشیراوان عەزیز رایگەیاند،"کتێبەکە لەسێ بەش و کرنۆڵۆجیایەک پێکدێتکەبەم شێوەیە:
بەشی یەکەم:
بەشی یەکەم کە هەڵگری ناوی کتێبەکەشە بریتییە لە ڕوپێوی و مەسحی ناوچە شوێنەوارییەکانی سەنگاو.
بەشی دوەم:
ئەم باشە تایبەتە بە ناساندنی هونەرو مێژوی چەند گەلانێکی کۆنی کوردستان و میسۆپۆتامیا، لێرەدا چ باس و خواس لە مێژویان و جوگرافیان و شوێنی سەرهەڵدان و ماوەی فەرمانڕانیان کراوە، بەتەنیشت ئەمانەیشەوە تیشکخراوەتە سەر هونەرییان و ڕەگەزە دیاردە هونەرییەکانیان.
بەشی سێییەم:
کۆمەڵێک ئارتێکڵ و بابەتی هەمەچەشن و لێکدانەوەو لێکۆلینەوەی لەخۆی گرتوە، لەوانە سەرهەڵدانی میوزیک.
هەروەها تیشکخراوەتە سەر چەند داهێنراوێکی ناوازەی میسپۆتامیا لەشێوەی تابلۆی هونەری و هونەری بەرجەستە بەراوردکردن ئەم نیگارانە بە مونالیزای داڤنشی.
نەوشیروان عەزیز باسى لە بە چاپگەیاندنى کتێبەکەى کردو وتى، "ئەم کتێبە زۆر تولی کێشاو ئاریشەی دارایی رێگربون، بوەهۆى ئەوەى چاپەکەی دوا بکەوێت بۆ نزیک دو ساڵێک زیاتر، هەرچەندە زۆر کەس و لایەن و پەرلەمانتار بەڵێنی هاوکارییاندا، بەڵام تەنها خودی پەرلەمانتار(شاخەوانی ڕەوف بەگ) نیوەی تێچوەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت، ئەویدیکەیش لە ئەستۆی خۆمان بو".
نەوشیروان عەزیز، هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە بەشى شوێنەوار لە زانکۆى سەڵاحەدین لە هەولێر، بڕوانامەى ماستەرى لە زانکۆى سۆربۆنى فرەنسى وەرگرتوە، خاوەنى دەیان توێژینەوەى تایبەتمەندە لە بوارى شوێنەوار کە لەتەلەفزیۆن و گۆڤار و رۆژنامەکانى کوردستان بڵاویکردوەتەوە، پێشوتر کتێبێکى دیکەى شوێنەوارى بەناوى (شوێنەوارەکانى شارەزور) بڵاوکردوەتەوە و کتێبى (باسەڕە) دوابەرهەمیەتى.

ب?اوکردن?و?