کارمەندانی تەندروستی مانگرتنیان ڕاگەیاند
بەهۆی وەڵام نەدانەوەی لایەنە پەیوەندی دارەکان سەبارەت بە کێشەی دەرماڵەی جوگرافیای پزیشکان و کارمەندانی تەندرووستی، سەرجەم نەخۆشخانەو بنکە تەندروستیەکانی سنوری (پێنجوێن ، سەیدسادق ، شارەزوور ، دووکان ، قەرەداغ ، شارباژێڕ ) لەگەڵ چەند بەشێکی ناوەندی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر ۱۰ی سەرلەبەیانی لە بەردەم بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی مانگرتنیان ڕاگەیاند.
دەقی بەیاننامەی کارمەندانی تەندروستی
بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
بۆ بەڕێزان..
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران
سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێز وەزیری تەندروستی
بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری
ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی
بەڕێزان ئێمە وەکو کارمەندان و پزیشکانی سنوری ناوچەکانی ( سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور، قەرەداغ، دوکان، پیرەمەگرون،شارباژێڕ،لەگەڵ بەشێک لە کارمەندانی ناوشاری سلێمانی ) لە بەرواری 1/1/2019 ەوە بە شیوەیەکی نایاسایی دەرماڵەی جوگرافیامان لێبڕدراوە، سەرەڕای چەندین هەوڵ و داواکاری بەرپرسیارانە بەلام بە داخەوە وەڵاممان نەدرایەوەو دەرماڵەکەمان بۆ نەگەڕێنرایەوە، دواجارو لە 13/11/2019 بۆ ماوەی یەک کاتژمێر مانمان لە کارەکانمان گرت و لە ڕێگەی یاداشتێکەوە مۆڵەتی یەک هەفتەمان دانا بۆ وەڵامدانەوەمان و هەموو لایەکتانمان لەو بارەیەوە ئاگادار کردەوە، بەڵام بەداخەوە جگە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ کەس و لایەنێکی پەیوەندیداری تر وەڵامی نەداینەوەو وەڵامەکەی ئەنجومەنی پارێزگاش جێگەی دڵخۆشی و ڕەزامەندیمان نەبوو. بۆیە تەواوی کارمەندان و پزیشکان لێرەوە بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست ڕایدەگەیەنین، لە ئەمڕۆوە مانگرتنی درێژخایان لە تەواوی نەخۆشخانەو مەڵبەندو بنکە تەندروستیەکانی سنورەکانمان جگە لە بەشە هەستیارەکانی ناو نەخۆشخانەکان ، ڕادەگەیەنین و تا گێڕانەوەو قەرەبووکردنەوەی مافە خوراوەمانمان مانگرتمان درێژەی دەبێت. لەم بارەیەوە پەککەوتنی ناوەندە تەندروستیەکان دەخەینە ئەستۆی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەمتەرخەمییان لە وەڵامدانەوەمان.بۆیە دووبارە داواکارین بەزوترین کات و پێش ساڵی نوێ دەرماڵەکانمان بۆ بگێڕنەوەو قەرەبووی ئەو چەند مانگەی پێشوومان بۆ بکرێتەوە.
لەگەڵ ڕێزماندا
کارمەندانی تەندروستی
24/11/2019