ڪوڵەجۆ:لەهێرشێکی داعشدا دوو پێشمەرگە شەهیدبوون
شەوی ڕابردوو٧-٤-٢٠٢٠ لەهێرشێکی چەکدارانی داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە لە کوڵەجۆ دوو پێشمەرگە بەناوەکانی (سورکێو ڕەشید و ئیسماعیل فارس ) لەلیوای ۵ی شارەزوور شەهید بوون.
لەبارەی هێرشەکەوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا ڕایگەیاند " ئەمە چەندین جارە تیرۆریستانی داعش بۆشایی ئەمنی نێوان سنوورەکانی هەرێم و هێزە عێراقییەکان دەقۆزنەوە بۆ هێرش کردنەسەر هێزەکانی پێشمەرگە.
ساڵی رابردوو دوو کۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرماندە و بەرپرسانی سەربازی سنووری گەرمیان کرد و تا ڕادەیەکی باش کەموکوڕییەکان بە تایبەت لەڕووی جبەخانەوە چارەسەرکران، بەڵام هێشتا ناو بەناو پەلاماری هێزەکانمان دەدرێت، دواهەمینیان هێرشەکەی ئەمشەو بوو کە سەرەڕای ئەوەی هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لە ناحیەی کوڵەجۆ پەلامارەکەی تیرۆرستانیان تێکشکاند، بەڵام بە داخەوە دوو پێشمەرگەی ئازا شەهیدبوون.
ئێمە لە حکومەتی هەرێم هەوڵەکانمان لەگەڵ حکومەتی عێراق چڕتر دەکەینەوە بۆ نەهێشتنی ئەو بۆشاییە ئەمنییە و کۆتاییهێنان بە جموجۆڵی تیرۆریستان.
سڵاو لە گیانی پاکی دوو شەهیدی تازەی گەلەکەمان و داواکارم لە خوای گەورە سەبووری خێزان و کەسوکاریان بدات".
ی.س