ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

ئـــــایــــا چۆن مامەڵە لەگەڵ شەهوەت بکەین؟

ئـــــایــــا چۆن مامەڵە لەگەڵ شەهوەت بکەین؟ نووسینی: م.کامیل حاجی ئەحمەد شەهوەت هیچ چارەسەرێکی نییە جگە لە ئارامگرتن یان تێرکردنی بە ڕێگای دروست و شەرعی(حلال) بەڵام لە غیابی حەڵاڵدا چارەسەر چییە؟! ئەگەر مرۆڤ دیلی دەستی تێرکردنی ئارەزووەکانی بێت لەڕێگای نادروست و حەرامدا هەرگیز تێر نابێت، هەمیشە هەست بە دڵەڕاوکێ و پەشیمانی و تاوانباری دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی تەمومژاوی و دڵتەنگی ،چەندین گرفتی دەروونی،ڕەفتاری،ئەقڵی ، تەندروستی ، کۆمەڵایەتی،... لێ دەکەوێتەوە. ئیبن قەیومی جەوزی ڕەحمەتی خوای لێ بێت لەکتێبی (روضة المحبين ونزهة المشتاقين) 1 - 470. دەڵێت : وليعلم اللّبيب أن مدمني الشّهوات يصيرون إلى حالة لا يلتذّون بها وهم مع ذلك لا يستطيعون تركها". واتە: با مرۆڤی زیرەک بزانێت ئەوانەی گیرۆدەی شەهوەت بوون خۆیان لە حاڵەتێکدا دەبیننەوە کە چێژی تێدا نادۆزنەوە و سەرەڕای ئەوەش ناتوانن جێبهێڵن (ئالوودە دەبن). ئەمە هەستێکی دەروونییە هەر کەسێک کە خوویەکی خراپ پراکتیزە دەکات،ڕووبەڕووی دەبێتەوە تەنانەت ئەگەر ناموسڵمانیش بێت، کەواتە پێویستە چی بکرێت؟! چارەسەر چییە؟ ڕێگاچارە لە وتەی خودای گەورەدایە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت :وَلَا تَقْرَبُوا الزِّنَا ۖ إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلًا ) الإسراء 32 واتە ( لە زینا نزیک مەبنەوە، بەڕاستی ئەوە شتێکی قێزەونە و ڕێگایەکی خراپە). ئەگەر سەرنج بدەین خودا نەیفەرموو زینا مەکەن بەڵکو فەرمووی : لێی نزیک مەبنە وە .. واتە هەرنزیک بوونەوەیەکی مرۆڤ لەزینا بەرەو زینای دەبات لەواقیعدا. کەواتە لەهەموو شتێک نزیک مەبنەوە کەپەلکێشت دەکات بەرەو زینا دەبێتە هۆی زیناکردن وەک ڤیدیۆکان، کەناڵەکان، وێنەکان، شوێنەکان. ئێمە ئەمڕۆ لە جیهانێکی پڕ لە پۆڕنۆگرافیدا دەژین ، بازرگانی پۆڕنۆگرافی دەیان ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت،بێ ئەوەی بیربکەینەوە یان هەڵوێستەیەک بکەین ماڵەکانمان ،مۆبایل و ئامێرە زیرەکەکانمان لەلایەن دەستی ڕەشی پۆڕنۆگرافانەوە داگیر کراوە،تەنانەت هەزاران گەنج و لاو و بەتەمەنی ئەم وڵاتە جگەلەوەی لە پەرستشە ئاینیەکانی وەک نوێژو ویرد و ڕۆژوو دوورکەوتوونەتەوە ، زۆر کەسیشیان کردووەتە ئاژەڵێک کە بە دوای شەهوەتەکانیاندا ڕادەکەن، هەروەها ڕۆحی ئینسان بوون تیاندا شکاوە ، غەریزەی ئاساییان بریندار بووە، ئەمەش نەخۆشییەکی هەرە ترسناکە کە تێیدا ژن و پیاو یەکــــــسانن لەم وەیشوومەیەی سەردەمدا . جەنگی شەهوەتبازی : یەکێکە لە جەنگە هەرە مەترسیدارەکان،دێوەزمەی سەردەمە چونکە هێرشکارەکان پەنهانن، بە دزییەوە دەچنە ناو بیرو هزری خۆمان و منداڵەکانمانەوە ،بەبێ ئەوەی ئێمە هەستیان پێبکەین، کەچی ڕۆحمان لەناو دەبەن،هەست و شعورمان لەناوئاخنی جەستەو گیانمان ناهێڵێن،بمانەوێت و نەمانەوێت خۆی خزاندووەتە نێوو حەرەمی هەموو ماڵێکەوە،ئەگەر گرنگیان پێ نەدەین، ناتوانین ڕزگارمان بێت ،چونکە لە هەموو شوێنێک هەن،بەتایبەت ئەم هەرێم و مەملەکەتەی خۆمان بەڕەهایی و موتڵەق سایت و پێگەو کەناڵ و ئەکاوەنتەکان هیچ جۆرە فلتەرو بەربەستێکی لەبەردەمدا دانەنراوە ! ئایـــــــــــــا هاوسەرگیری دەبێتە چارەسەر ؟ بەداخەوە... نەخێر بەهیچ شێوەیەک ، ژن و مێرد هەیە کە بەدەست هەمان کێشەوە دەناڵێنێنن! چەندین خێزان بەهۆی ئەم نەخۆشیەوە لەناوچوون لەبەریەک هەڵوەشاونەتەوە یاخود دەستیان چووتە نێو تاوانی ترسناک و قێزەونەوە! هیچ دەروازەیەک بۆ دەربازبوون لەم کابووس و جەنگە نەگریسە نییە، جگە لە بەهێزکردنی خـــــــــۆت ،خوودناسی و باوەڕبەخۆبوون و پتەوکردنی هێزی ئیرادە،بونیاتنانی قەڵایەک لە تەقوا و ترسی خودا. دەبێت بڕیارێکی پتەوی لێ بدرێت بۆ وازهێنان و دوورکەوتنەوە لێی ئەمیش بەچەندین هەنگاوی قورس وگران دەبێت لەوانە: 1ـ ببە بەخاوەنی خوودی خۆت بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدە بۆ وەستان لەسەر سەیرکردنی سایت و وێنەو پەیجە ئیباحیەکان،ئەگەر لەبەرخاتری کەرامەتی خۆشت بێت چونکە خۆت لەیەک کاتدا( قوربانی+تاوانکار)یت، ڕەنگە خەڵکی دیکەش ببنە قوربانی دەستی ئەو حەزە چەپەڵیانەی لەناختدا دروست بوون .وەک چۆن لەیەک دوو ڕۆژی ڕابردوو قوربانیانی دەستی حەزوو ئارەزوو لەشاشەی تیڤی ماڵەکانمانەوە نەک وەک تاوانبار بەڵکو وەک دڕندە و ناخ وەحش بەرچاومان کەوتن. 2ـ بڕیار بدە کە ئامێرەکەت ناکەیتەوە جگە لە ناو خێزانەکەت و لە هۆڵی ماڵەوە نەک لە ژوورە چۆڵەکەت و بەتەنها . ڕەنگە تەواوی کۆمەڵگا ئالوودەبووبێتن بەم خووە ناپەسەندەوە هەریەک لەژوورو جێگای خۆی خەریکی ئامێرەتایبەتەکەیەتی. هەربەڕاست باواز لە نمایش بێنین ئێستا پرسیار لەحاڵی خۆمان بکەین ،ئێمە چۆن مەخلوقێکی خوداین ؟ هەموومان خۆمان دەناسین دەزانین و چی لەهەگبەماندایە،ئــــایا ناخمان بیرو هزرمان ئەم پەتاو نەخۆشیەی گرتووە؟ یان لەڕیزی ئەو کەسانەین خودای گەورە لەسورەتی المؤمنون لە بارەیانەوە دەفەرموێت( وَالَّذِينَ هُمْ لِفُرُوجِهِمْ حَافِظُونَ ).5. وەڵامەکە تەنها لەلای خۆتە! 3ـ شەڕێکە کە تیایدا تەسلیم بوون نییە، تەنانەت ئەگەر بە خولێک یان کاتژمێرو مانگ و ساڵیش شکست بهێنیت دەبێت ئیرادەت هەبێت و هەستیتە سەرپێ و ڕاوەستاو بیت. چونکە دۆڕان لەم جەنگەدا خوانەکردە کۆتایی دێنێت بە ئەرک و مەهامی مرۆڤ بوونت! 4ـ هەرگیز تەنیا مەبە لەگەڵ خۆت، چونکە لە تەنیاییدا بیرۆکەی شەیتانی زۆر ڕوو لەمرۆڤ ئەکات ، تەنیاییەکەت با لەپێناوی خوێندنەوەی کتێب و کاری بەسوود بێت. 5ـ نە (پۆڕنۆگرافی)، نە هیچ(عادەتێکی نهێنی)، نە (پەیوەندی نایاسایی) لەدەرەوەی ئەو چوارچێوەیەی کە خودای گەورە دیاریی کردووە، ناتوانن ئەو پێداویستییە زگماکییانەی تۆ وەک مرۆڤ تێر بکەن. کەواتە ئەوغەریزانەی لە تۆدا هەن ڕێگاو ڕێکاری یاسایی و دروستی خۆی هەیە بۆ تێربوون.پێدەچێت هەموومان چیرۆکی خۆ دۆڕانی هاوڕێ و هاوکارو کەسێکمان لە زانکۆ ،قوتابخانە ،ژینگەی کۆمەڵایەتیمان لابێ ئەم دۆڕانە ئاشکرا فاکتەری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی لەئاست پۆڕنۆگرافی لەکاتە تایبەت و نهێنیەکانی ئەو مرۆڤەدا دواجار گەیاندوویەتی بەو شکستە! 6ـ هێزی باوەڕبەخۆبوونت زیاد بکە، ڕەنگە لەم داوە هەرە ترسناکەی پۆڕنۆگرافان ڕزگارت ببێت.بــــــا لەبری ئەوەی ببیتە سەربازێکی تێکشکاو، فەرماندەو جەنگاوەرێکی پۆڵاینت لێ دروست ببێت،لەبری ئەوەی ببیتە تاوانکارێکی نەفرین لێکراو، دادوەرێکی دادپەروەربیت مافی چەندین ستەملێکراو بگەڕێنیتەوە ،لەبری ئەوەی تکاکارێکی بەردەم ماڵە بەرپرسێکی ڕەزاگران بیت ،ڕەنگە تۆ خودی ئەو وەزیرو سەرۆک وەزیرانەبیت وەک کاریزمای نەتەوەیی و خۆشگوزەرانی نەوەکانی داهاتوو لێت بڕوانن و لەسایەتدا وڵات بحەسێتەوە! 7ـ لەکۆتاییدا تۆ مرۆڤــــــیت بەنرخترین و پڕ بەهاترین شت کە مرۆڤ هەیەتی دڵەکەیەتی، ئەم دیمەنانەش دڵ لەناو دەبەن. کەواتە داوای هاوکاری لەخودا بکە پاشان ئیرادەت بەهێز بکەو بڕیاری دروست بدە !خۆت و خێزان و کۆمەڵگەکەت ڕزگار بکە.. چونکە هەرتاکە دەبێتە خێزان و پاشان چەندین خێزان کۆمەڵگە پێکدێنن .کۆمەڵگەش کارگەی بەرهەمێنانی ئەقڵی مودەبیرو هێزی کارو کادیری لێهاتووە بەنیشتیمان. تۆ وەک تاک خوانەکردە بە دۆڕاوی لەم جەنگە بێیتە دەرەوە لەگەڵ خۆشت دەزگای خێزان و هێزی کۆمەڵگە و نیشتیمانیشت ئەدۆڕێنی !

ب?اوکردن?و?