هەموو شتێک لەسەر دەنگدان و دیاریکردنی کەلێنی تەکنیکی!
سەردەشت عەزیز *
پێشەکی
ئەم بابەتە هەوڵدانە بۆ ڕوونکردنەوەیەکی زانستی لەسەر چۆنیەتی کارکردنی ئامێرەکانی دەنگدانی ئەلیکترۆنی و ئەگەرەکانی دەسکاریکردنی دەنگەکان، تاکۆتایی بابەتەکە بڕیار نادەم دەسکاری ئەنجام کراوە یان نا، بەڵام هەموو شتەکانتان بۆ رووندەکەمەوەو تەنها بڕیارەکە بۆخۆتان جێدەهێڵم.
ئایا دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان ئەلیکترۆنی بوو؟
دەنگدانی پەرلەمانی كوردستان تێکەڵەیەک بوو لە دەنگدانی ئەلیکترۆنی و دەستی، چونکە دەنگدان بەئۆنلاین نەبوو بەڵکو لەناو بنکەکان دەنگدرا، هەروەها ژماردنی دەستی تێدابوو، لەدەنگدانی ئەلیکترۆنیدا ژماردنی دەستی نیەو تەنها چەند ئامێرێک وەک دڵنیابونەوە لەدروستی دەنگدان دەژمێردرێت بەڵام لەدەنگدانی پەرلەمان سەرجەم سندوقەکەکانی دەنگدان بەدەست ژمێردراون.
ئامێرەکانی دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان
لەهەڵبژاردندا چەند ئامێرێک بەکارهێنراوە، تێگەیشتن لەو ئامێرانە یارمەتیمان دەدەن باشتر لەپرۆسەکەو ئەگەرەکانی هاککردن و هاککنەکردنی تێبگەین.
یەکەم: ئامێری VVD؟
ئامێرێکە بۆ دڵنیابونەوە لەناسنامەی دەنگدەر بەکاردێت پێش ئەوەی ڕێگەی بدەن دەنگ بدات، ئەم ئامێرە شێوازی کارت، کۆد یان بایۆمەترییە وەک ناسینەوەی پەنجە مۆر یان دەموچاو. کاتێک ئەم ئامێرە زانیاری دەنگدەرەکە وەردەگرێت لەگەڵ لیستی دەنگدەرانی کۆمیسیۆن بەراوردی دەکات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئەم کەسە ناوی هەیە.
ئەم ئامێرە ڕێگە دەگرێت لەکەسێک چەندجارێک دەنگ بدات چونکە کاتێک بۆ یەکەمجار زانیاری دەنگدەرەکە پشتڕاستدەکاتەوە ئەم کەسە تۆماردەکات بەوەی کەدەنگی داوەو جارێکی دیکە ڕێگەی پێناداتەوە دەنگ بدات.
کارێکی دیکەی ئەم ئامێرە ئەوەیە کیو ئاڕ کۆدی کاغەزی دەنگدانەکە دەخوێنێتەوەو لەڕێگەی کێبڵەوە دەینێرێت بۆ ئامێری پیکۆسەکە و هاوتا دەکرێن بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم کاغەزی دەنگدانە لەهەموو ڕووەیەکەوە دروستە، واتە لەڕێگەی ئەو کۆدەوە دڵنیادەبێتەوە لەزانیاریەکانی دەنگدەر و لەهەمانکاتدا پرۆسەی دەنگدان بەنهێنی دەهێڵێتەوە (ئەگەر کۆمیسیۆن بیەوێت).
بۆچی ئەم ئامێرانە پەنجە مۆری هەندێ کەس ناخوێنێتەوە؟
یەکێک لەو گرفتانەی لەڕۆژی هەڵبژاردن باسکرا ئەوەبوو کە چەندین کەس بەهۆی ئەوەی ئامێرەکە پەنجەمۆری نەخوێندوەتەوە نەیتوانیوە دەنگبدات، ئەم کێشە تەنها تایبەت نیە بەئامێری دەنگدان و هەر ئامێرێک کار بەپەنجە مۆر بکات ئەم گرفتەی رووبەروو دەبێتەوە. چەند هۆکارێک هەن کەئامێرەکان لەخوێندنەوەی پەنجەمۆر زۆرجار روبەروی گرفت دەبنەوە لەوانەش ئەو کەسانەی کەکاریان بەدەستە وەک خاوەن پیشەو کرێکار زۆرجار هێڵەکانی پەنجەیان تێکدەچێت، هەروەها گەرمبونی پەنجە، پێستی وشک و شێدار، تەمەن، هەندێک جۆری نەخۆشی کاریگەرییان هەیە لەسەر نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر ئەمە لەکاتێکدا هەندێک هۆکاری تەکنیکی وەک کوالیتی ئامێرەکە، پیسبونی هەستەوەری ئامێرەکە، خراپ بەکارهێنان، چۆنیەتی دانانی هەستەوەرەکە، بەرزی پلەی گەرما و هەبونی شێ کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەم نەخوێندنەوە هەیە.
ئەگەر گومان خرایە سەر VVD چی بکرێت؟
ئەگەر لایەنێک گومانی هەبوو یان رایگەیاند کە ساختەکاری کراوەو دەبێت دەستنیشان بکرێت جۆری گومانەکە چیە؟ وە لێکۆڵینەوە لەئامێرەکان بکرێت، چونکە هەر ئامێرێک و ڕێگەی هاککردنی جیاوازە بۆ ئەم ئامێرە ئەم ئەگەرانە هەن:
١- ئەگەر باسلەوەکرا کەسانێک دەنگیان داوە کەناویان لەلسیتی دەنگداندا نیە.
٢- بەبێ پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان دەنگدەر دەنگی داوە.
٣- کەسانێک هەبوون چەندجارێکی دەنگیانداوە.
٤- ئەگەر ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر پەنجەمۆریان نەخۆێنرایەوە دەبێت پشکنین بۆ هەستەوەرەکانی ئامێرەکە بکرێت بزانرێت دەسکاری نەکراوە یان تێکنەدراوە.
دووەم: کاغەزی دەنگدان
ئەو کاغەزەی لەدەنگدانی پەرلەمانی کوردستاندا بەکارهاتوە پێی دەوترێت کاغەزی (Thermal)یان حەراری، )وەک ئەو پسولە بچوکانەیە کەلەناو مارکێتەکان هەیە(.
ئەم کاغەزە بەتوێژێک ڕووپۆش کراوە کە ماددەیەکی کیمیایی گەشەپێدراو و هەستیارە بەگەرمی، ئەم توێژەیە بێ ڕەنگەو دیارنیە هەتا لەڕێگەی گەرمییەوە کارلێک دەکات و ڕەنگی کاغەزەکە لەو شوێنەی گەرمی بەرکەوتوە دەگۆڕێت بۆ ڕەش (بەزۆری)، خاڵەباشەکانی ئەم کاغەزە ئەوەیە کە بۆ چاپکردن خێرایەو پێویستی مەرەکەب (حیبر) نیەو دەسکاریکردنی قورسە.
نوسینی سەر ئەم کاغەزە دەسڕێتەوە؟
بەشێوازێکی گشتی سڕینەوەی نوسین لەسەر ئەم کاغەزە بەبێ تێکوچونی کاغەزەکە یان جێهێشتنی ئاسەوار قورسە، چونکە ئەم نوسینە بەهۆی گەرمی و کارلێکی کیمیاییەوە دروستدەکرێت و بەهۆی ئەم هۆکارانەوە قورسە نوسین لەسەری بسڕێتەوە:
١- ئەم کاغەزە بەشێوەیەک دروستکراوە کەگەرمی دەبێتە هۆکاری گۆڕینی ماددە کیمیایەکە بۆ بەشێکی ڕەش لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراو، کە ئەمە کارلێکێکی کیمیاییە لەسەر خودی کاغەزەکەیە نەک چینێک یان مەرەکەبێک هەبێت و لاببرێت.
٢- دوباره بەکارهێنانی گەرمی بۆ لابردنی ئەو نوسینەی پێشوو ئەوا تەواوی کاغەزەکە رەش یان تاریک دەکات و کاغەزەکە تێکدەدات. (وەک ئەو برادەرەی ئوتوی قژی بەکارهێنا بۆ سەلماندنی ساختەکاری).
بەشێوازێکی گشتی سڕینەوە لەسەر ئەم کاغەزە بەبێ جێهێشتنی ئاسەوار زەحمەتە بەڵام دەکرێت لەڕێگەی هەندێک ماددەی کیمیاییەوە ڕەنگەکە کاڵ بکرێتەوە بەڵام لەزۆربەی کاتەکاندا زیان بە کاغەزەکە دەگەینێت و دیارە کەدەسکاری کراوە.
ئایا دەکرێت پرنتەری ئاسایی بەکاربێت بۆ چاپی ئەم کاغەزە؟
نەخێر، چونکە ئەم کاغەزە لەڕێگەی گەرمییەوە چاپ دەکات لەکاتێکدا کاغەزی ئاسایی پێویستی بەپرنتەرێکە کە بەمەرەکەب (حیبر) کاربکات.
هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی کاغەزی حەراری لە پرینتەرێکی ئاساییدا مەترسی ئاگرکەوتنەوە دروست بکات، چونکە ئەو گەرمیەی کە پرینتەرەکە دروستی دەکات دەتوانێت ببێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەسەر کاغەزەکە.
ئەگەر گومان خرایە سەر کاغەزی دەنگدان
ئەو گومانانەی کە کاغەزی دەنگدان دەگرنەوە زیاتر لەدەرەوەی تەکنیکیین وەک ئەوەی سندوقی دەنگدان لەژمارەی ئاسایی خۆی کاغەزی زیاتری تێبکرێت ، پوچەڵکردنەوە بەدەست، تێکدانی کاغەزەکە و گۆڕینی کاغەزی دەنگدان.
سێیەم: قەڵەمی دەنگدان
ئەو قەڵەمەی لەدەنگداندا بەکارهات قەڵەمێکی تایبەتەو لەڕێگەی گەرمییەوە ئەو مۆرە دروست دەکات، ئەو گەرمییەش ئەلیکترۆنیەو لەناو قەڵەمەکەدا دانراوە وە ئەم جۆرە قەڵەمە پێویستی بەمەرەکەب (حیبر)نیە.
چوارەم: ئامێری PCOS؟
ئەو ئامێری پشکنینەیە بەتەکنیکی ڕووناکی (optical technology) کاردەکات کەزۆرجار ئەم ڕووناکییە لیدە یان هەندێجاریش لەیزەرە، ئەم ئامێرە کاری ئەوەیە کاغەزی دەنگدانەکە دەخوێنێتەوەو مۆرەکە دەدۆزێتەوەو دەنگەکە تۆمار دەکات، هەروەها ژمارەی دەنگەکانیش دەژمێردرێت.
ئامێری PCOS چۆن کاردەکات:
١- کاغەزی دەنگدانەکە لەڕێگەی کیوئاڕ کۆدەکەوە دەپشکنێت (سکان) بزانێت ئەم کاغەزی دەنگدانە تەواوەو ساختە نیە.
٢- پاشان مۆرەکە دەدۆزێتەوەو لەرێگەی مۆرەکەوە زانیاری لیست و کاندید لەگەڵ دەنگەکە تۆمار دەکات.
٣- پاش هەر دەنگدانێک دەنگەکان دەژمێرێت.
٤- پاشان کاغەزی دەنگدانەکە دەخاتە ناو بۆکسی هەڵگرتنەوەو دەیپارێزێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەکاتی پێویستیدا بەدەست بژمێرێت (دەنگدانی کوردستان هەمووی بەدەست ژمێردراوە).
٥- ئەم ئامێرە دەتوانێت هەڵەکانی دەنگدەر لەسەر کاغەزی دەنگدان پێبزانێت وەک دیاریکردنی زیاد لەیەک لیست و کاندید، یان دیارینەکردنی لیست و کاندید واتە دەتوانرێت وای لێبکرێت نەهێڵێت هەڵەی بەسەردا تێپەڕێت.
٦- دوای ئەوەی پرۆسەی دەنگدان تەواو بوو ئەم ئامێرە کۆی ژمارەی دەنگەکان بەشێوازی ڕاپۆرت و لەڕێگەی ئینتەرنێت یاخود مانگی دەستکرد دەنێرێت بۆ سەنتەر.
٧- هەروەها ئەم ئامێرە ڕاپۆرتی دەنگەکان لەبنکەکان چاپدەکات.
ئامێری پیکۆسی میرۆ
بەپێی زانیاری ماڵپەری فەرمی کۆمپانیای میرۆ ئەو ئامێرەی پیکۆسەی بۆ عێراق دابینکراوە، لەڕوسیاو قیرغستانیش بەکاردەهێنرێت بۆ پرۆسەی دەنگدان، وە لەو تایبەتمەندیانەی کۆمپانیاکە لەسەر ئەم ئامێرە نوسیویەتی:
١- ئامێرێکی پشکنینە دروستکراوە بۆ خوێندنەوەو ژماردنی دەنگەکان لەدەنگداندا.
٢- ڕێگەنادات لەیەک کاتدا دوو کاغەزی دەنگدان بخەیتە ناو سندوقی دەنگدانەوەو ئەگەر ئەمە بکرێت ئاگادارت دەکاتەوە کەهەڵەیەک هەیە.
٤- دەتوانێت کاغەزی ساختە بناسێتەوە ڕێگەنەدات بەکاربهێنرێت بۆ ساختەکاری.
٥- ئەگەر دەنگدەر کاغەزی دەنگدان ناڕێک دابنێ ئەوا بەشێوازی ئۆتۆماتیکی کاغەزەکە ڕێکدەکاتەوە.
بۆچی ئامێری PCOS ناتوانێت مۆر بکات یان بیگۆڕێت؟
زۆر سەرچاوە گەڕام، زیرەکی دەسکردم بەکارهێنا، لێکۆڵینەوەم لەو کێشانە کرد کەلەڕابردودا لەدەنگدانی ئەلیکترۆنیدا هەبوە، ماڵپەری چەندین کۆمپانیا گەڕام کە ئەم ئامێرە دروستدەکەن و سەیری تایبەتمەندی ئەم ئامێرەم کرد هیچم نەدۆزییەوە کە ئامێرێکی پیکۆس هەبێت بتوانێت کاغەزی دەنگدان مۆربکات.
ئەوەی دەستمکەوتوە لەسەر ئەم ئامێرە ئەوەیە مەبەستی ئەم ئامێرە لەپرۆسەی دەنگدان خوێندنەوەو تۆمارکردن و ژماردنی دەنگە نەک مۆرکردن و گۆڕینی شوێنی مۆر. بۆیە ئەم ئامێرە بەهیچ شێوەیەک توانای گۆڕینی کاغەزی دەنگدانی نیە لەڕووی مۆرکردن و شوێن گۆڕینەوە، وە ئەگەر هەر کۆمپانیایەک ئەو ئامێرە بەو تایبەتمەندییە دروستبکات ئەو ئامێرە پێی ناوترێت پیکۆس و نابێت لەبری پیکۆس بەکاربهێنرێت و بەبێ دوو دڵی وەک ئامێری ساختەکاری دیاریدەکرێت. تا ئێستاش لەسەر ئاستی جیهان ئەو کۆمپانیانەی ئەم ئامێرە دروست دەکەن هیچ ئامێرێکیان دروستنەکردوە ئەو توانای هەبێت بەکۆمپانیای میرۆشەوە.
مۆری دەنگی پوچەڵ چیە؟
کاتێک دەنگێک پوچەڵە ئامێری PCOS مۆرێک دەدات لەپشتی کاغەزی دەنگدان وەک ئاماژەیەک بۆ پوچەڵی دەنگەکە، پرسیارێک کەدەکرێت ئەگەر ئەم ئامێرە ناتوانێت مۆری سەر کاغەزی دەنگدان زیادبکات یان دەسکاری بکات چۆن ئەتوانێت ئەم مۆری پوچەڵە بکات یان ئەنجامەکان چاپبکات.
مۆری پوچەڵ مۆرێکی میکانیکییەو بەتەواوی جیاوازە لەمۆری دەنگدان و ناتوانرێت بۆ دەسکاری دەنگ یان گۆڕینی دەنگ بەکاربێت، ئەویش لەبەر ئەم هۆکارانە:
١- مۆری میکانیکی ڕۆڵەکەی زۆر سنوردارە و تەنها دەتوانرێت لەڕوبەرێکی دیاریکراوی کاغەزەکە مۆر بکات نەک بەئارەزوی خۆی، هەروەها لەسەر پشتی کاغەزەکە دەیکات نەک ڕووی کاغەزەکە ئەم مۆرە مۆرێکە بۆ کاروباری ئیداری پرۆسەکە بەکاردێت نەک مەبەستی دیکە.
٢- ئەم مۆرە لەو روبەرانە بەکارنایەت کە دەنگدەر مۆری تێدادەکات، بۆ نمونە کاتێک دەنگدەر لیستێک یان کاندیدێک دیاریدەکات ئەم مۆرە ناتوانێت بچێتە ئەو شوێنەو مۆرێکی دیکە بکات یان بیگۆڕێت.
٣- دیزاینی ئەو مۆرە میکانیکیە جیاوازە لەمۆری دەنگدەر.
ئەگەر گومان خرایە سەر ئامێری PCOS:
١- باسلەوەکراو ژماردنی دەنگەکان هەڵەیەو دەنگی لیست و کاندید دیارنیە.
٢- جیاوازی دەنگ لەژماردنی دەستی و ژماردنی ئامێرەکە.
٣- کاغەزی ساختەکراوی تێکراوە یاخود دوو یان زیاتر کاغەزی دەنگدەر خراوەتە ناو بۆکسەکەوە.
٤- لەکارکەوتنی ئامێرەکەو دواکەوتنی لەژماردن و خوێندنەوەی کاغەزەکە.
٥- نەخوێندنەوەی کاغەزکانی دەنگدان و دەنگەکان.
چارەسەر:
گرنگترین چەکی ڕوبەڕوبونەوەی ساختەکاری لەدەنگدانی ئەلیکترۆنی ژماردنی دەنگەکانە بەدەست هاوشانی ژماردنی ئەلیکترۆنی.
گومانکردن لەپیکۆس بۆ قورسە؟
زۆربەی ئەو گومانانەی کە بۆ ئەم دەنگدانە دروست بوە پەیوەندی بەئامێری پیکۆسەکەوە هەیە بەڵام لەراستیدا ژماردنی دەستی هاوشانی ئەم ئامێرەو هاوتابونیان لەگەڵ یەکدا، سەلماندنی ئەم گومانەی زۆر زۆر قورسکردوەو تەکنیکییەن رێگەیەکی گونجاوی عەمەلی نیە سیستەمێکی هاککراو لەگەڵ کاغەزی دەنگدانی ئاسایی و هاکنەکراودا یەکبخات.
پێنجەم: سیستەمی گواستنەوەی ئەنجام RTS (Results Transmission System)
سیستەمێکە بەکاردێت بۆ گواستنەوەی ئەنجامەکانی دەنگدانە ژمێردراوەکان بۆ بنکەی سەرەکی، ئەم ئامێرە دەتوانێت زانیاریەکانی بە موشەفەر کراوی لەڕێگەی (مانگی دەستکرد یاخود ئینتەرنێت) بگوازێتەوە کە کۆمیسیۆنی عێراق مانگی دەسکردی بەکارهێنا، ئەمەش تاڕادەیەک مەترسی دەستگەیشتن بەزانیاریەکان و گۆڕینیان زەحمەترە بەبەراورد بە ئینتەرنێت، ئەو گرفتانەی لەم هەڵبژاردنەدا هەیە هیچیان پەیوەندییان بەم ئامێرەوەنیەو گومانی لەسەرنیە بەڵام بەشێوازێکی گشتی گومانەکانی ئەم ئامێرە:
١- ئەگەر ئەنجام لەبنکەکاندا بەژماردنی دەستی یاخود ئەو ئەنجامی چاپ دەکرێت جیاوازبوو لەگەڵ ئەو زانیارییەی چوە بۆ بنکەو راگەیەنراوە.
٢-ئەگەر پرۆسەکە خاوبوەوە زانیاریەکان درەنگ هاتن بۆ ئامێرەکان (ئەمە لەعێراق رونادات چونکە پەیوەستی راستەوخۆی ئامێرەکان بە بنکەوە نیەو یەکجارە).
کۆمپانیای میرۆ تاوانبار دەکرێت
کۆمپانیای میرۆی کۆری، کەبەوتەی خۆیان یەکێکن لەکۆمپانیا سەرکەوتوەکانی بواری ئامێری دەنگدان و بڕوانامەیان لەنەتەوەیەکگرتوەکان هەیە کەئامێرەکانیان گونجاون و لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەو وڵاتانەی کاریان بۆ کردوە رەزامەندی هەیە لەسەر کارەکانیان، بەڵام لەهەمەنکاتدا لەعێراق و کۆنگۆ گومان خراوەتە سەر کارەکانی ئەم کۆمپانیایەو بەتێوەگلان لەدەسکاری ئەنجامەکان لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتدار تۆمەتباردەکرێت.
کۆمپانیای میرۆش لەبەیاننامەیەکدا بەتوندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە لەهەڵبژاردنەکانی عێراق و کۆنگۆ فەشەلیان هێنابێت و دەڵێن لەهەردوو وڵات چاودێرە نێودەوڵەتیەکانیش شاهیدی سەرکەوتویی ئێمە ئەدەن.
ئەم کۆمپانیایە بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە نیە لەسەری کەلەدەسکاری ئەنجامەکاندا لەعێراق و کۆنگۆ تێوەگلابێت بەڵام ئەم کۆمپانیایە کێشەی ئەوەی هەیە بەردەوام گرێبەستەکانی ناڕوونن.
تائێستا لەم نوسینەدا بەچی گەیشتوین؟
ئەوەی تائێستا ڕوونە گومانی دەسکاریکردنی ئەنجام و هاککردنی دەنگدان زۆر زەحمەتەو بەئاسانی ناتوانرێت ئەوکارە بکرێت، بەڵام پرۆسەی هاککردن وەک یاری شەترەنج وایە لەنێوان هێرشبەر (هاککەر) و بەرگریکار (سیستەم و ئامێر)، هەمیشە هێرشبەر بۆ خاڵی لاواز دەگەڕێت و دەیەوێت کەلێنێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی هێرشی خۆی بکات، بۆیە هەموو سیستەمە بەهێزەکانی جیهان وەک بانک و کۆمپانیا گەورەکان بەردەوام لەم یارییە فکری و تەکنیکییە قورسەدان لەگەڵ هێرشبەران.
خاڵە تەکنیکیە بەهێزەکانی ئەم دەنگدانە
دڵنیابونەوە لەناسنامەی دەنگدەر لەڕێگەی دەستی و بایۆمەترییەوە کە ئەمەش ڕێگە دەگرێت لەدەنگدان بەکارتی کەسانی دیکەو و دەنگدانی چەندبارە.
بەهۆی ئەوەی ئەم کاغەزی دەنگدانە دەخرێتە سندوق دواتریش بەدەستی دەژمێردرێتەوە بۆیە دەسکاریکردنی کاغەزەکان بەبێ جێهێشتنی ئاسەواری زۆر قورسە (واتە ئەگەر بە سیستەمیش دەنگدانەکە بگۆردرێت دەتوانرێت لەگەڵ دەستیەکە بەراورد بکرێت و ئاشکرابکرێت).
لەبەر ئەوەی لەڕێگەی مانگی دەسکردەوەو بەبێ بەکارهێنانی ئینتەرنێت زانیارییەکان بە موشەفەر کراوی دەچێتەوە بۆ سەنتەر هاککردنی لەڕێگای ئەو مانگی دەسکردەوە زۆر قورسە.
دەنگی پوچەڵ! کەلێنە گەورەکە
دەنگی پوچەڵ لەم هەڵبژاردنەدا گەورەترین و تاکە کەلێنە کە گومانی لێبکرێت لەڕێگەیەوە ئەنجامەکان دەسکرای کرابێت، ئەوەندەی من پێی گەیشتوم تاکە ڕێگەیە بتوانرێت لەڕووری بەرنامە (سۆفتوێر) و ئامێر(هاردوێر)ەوە بەیەک گەیەنرابن و دەسکاری ئەنجامەکانی پێکرابێت.
چۆن:
١- لەڕێگەی سیستەمەوە (سۆفتوێر): سنورێک بۆ دەنگی لایەنەکان دابنرێت و نەهێڵرێت لەوە زیاتر حساب بکات، ئەوەش لەڕێگەی پوچەڵ کردنەوە دەبێت، بۆ نمونە ڕێگە بدرێت لەهەر سندوقێکی دەنگدان ئامێری پیکۆسەکە رێگەبدات تەنها تا ١٥ دەنگ بەلایەنێکی دیاریکراو بدرێت کە ئەم رێژەیە بەپێی سندوقەکان دەکرێت جیاوازبن.
٢- کە ئەم دیزاینە کرا پاشان هەر کاغەزێکی دەنگدان کەدەخرێتە ناو پیکۆسەکە، ئەم پیکۆسە دەنگەکە وەردەگرێت دەزانێت هی چی لیستێکە وە کۆی ژمارەی دەنگی ئەو لیستەش کەلای خۆیەتی لەگەڵ ئەو سنورەی بۆی دیاریکراوە (١٥ دەنگ بۆ نمونە) بەراورد دەکات.
٣- ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی ئەو لیستە نەگەیشتبوە ئەو سنورە ئەوا پیکۆسەکە بەبێ کێشە دەنگەکە هەژمار دەکات.
٤- ئەگەر ژمارەی دەنگەکانی ئەو لیستە گەشتبوە رێژەی دیاریکراو (١٥ دەنگ بۆ نمونە) بەشێوازێکی راستەوخۆ پیکۆسەکە مۆری پوچەڵ دەخاتە کارو ئەو دەنگە دەکات بەپوچەڵ بەهۆی مۆرە میکانیکیەکەوە نەک مۆری دەنگدان کە تائێستا ئەگەر ئەو کاغەزی دەنگدانە بەدەست بپشکنرێت دەزانرێت ئەو پوچەڵە بە سیستەم پێیکراوەو نەدەبوو پوچەڵ بوایە.
ئەمە ئاشکرا دەکرێت؟
١- دەبوو هەموو لیستەکان چۆن چاودێری دەنگەکانی خۆیان کرد چاودێری پوچەڵیشان بکردایەو بیان پشکنیایە ئایا کەپوچەڵەکە راستە یاخود نا.
٢- لەڕووی تەکنیکیەوە دەکرێت داوای سەرچاوەی کۆدەکە بکرێت لەکۆمپانیاکە بەڵام دەشکرێت ئەو کۆدێکی دیکە پیشانبدات کەدروست بێت چونکە ئەم ڕێگەیە بەتێوەگلانی ئەو دەکرێت و ئەگەر ئەویش بەشداربێت ئاشکراکردنی تاڕادەیەک مەحاڵە.
٣- لەهەموو ئامێرێک فایلی چاودێری هەیە (log file) ئەم فایلانە بپشکنرێت بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەو پرۆسەیە دروستە بەڵام ئەویش وەک خاڵی دووەم ئەگەر کۆمپانیاکە تێوەگلابێت ئەویش چارەسەر دەکات پێش ئاشکرابوون.
کۆتایی
لەبەرئەوەی دەنگدان تەکنۆلۆژیای تێدابەکارهێنرا، دەبوو سەرجەم لایەنەکان ئەو خاڵە لاوازانەیان دیاریبکردایە کە مەترسییان بۆ سەر پرۆسەکە هەیە، چونکە هاککردن چەند تەکنیکییە ئەوەندەش فکری و دۆزینەوەی کەلێنە کەزۆرجار کەسێک فکرەکەیەکی بەهێز بۆ هێرشکردن دادەڕێژێت هیچ شارەزاییەکی تەکنیکی و پاراستنی نیە.
* شارەزای بواری تەکنەلۆژیا و ئەنتەرنێت
سەرچاوەکان:
1- https://www.idea.int/data-tools/data/question?question_id=9380&database_theme=307
2- https://www.idea.int/data-tools/data/country?country=106&database_theme=307
3- https://www.chathamhouse.org/2021/10/iraqs-electoral-system/two-major-changes
4- https://en.wikipedia.org/wiki/Single_non-transferable_vote
5- https://iraq.un.org/en/138721-general-background-fact-sheet-1-iraq-elections-2021
6- https://iraq.un.org/sites/default/files/2024-08/Information%20package%20KRI%20elections%20final.pdf
7- https://www.weforum.org/agenda/2024/04/what-is-electronic-voting/
8- https://e-estonia.com/how-did-estonia-carry-out-the-worlds-first-mostly-online-national-elections/
9- https://www.idea.int/data-tools/data/question?question_id=9348&database_theme=327
10- https://mirusystems.com/counting.html
11- https://mirusystems.com/others.html
12- https://mirusystems.com/post-election.html
13- https://www.integelection.com/news/how-voting-machines-work-vcmvote-counting-machine-or-pcosprecinct-count-optical-scanner/
14- https://www.dominionvoting.com/imagecast-precinct/
15- https://www.batimes.com.ar/news/world/voting-machines-made-for-argentina-raise-worries-in-congo-ahead-of-elections.phtml
16- https://www.bbc.com/news/world-africa-46555444
17- https://cdt.org/insights/new-voting-system-vulnerabilities-in-congo/
18- https://www.gmanetwork.com/news/topstories/nation/894096/comelec-to-review-allegations-vs-miru-in-procurement-post-qualification-process/story/
19- https://www.gmanetwork.com/news/topstories/nation/894382/s-korean-firm-miru-denies-allegations-of-election-failures-in-iraq-congo/story/
20- https://www.diariopopular.com.ar/internacionales/denunciaron-fraude-congo-las-maquinas-iban-usarse-argentina-n382471
21- https://www.batimes.com.ar/news/world/voting-machines-made-for-argentina-raise-worries-in-congo-ahead-of-elections.phtml
22- https://www.koreaherald.com/view.php?ud=20180810000001
23- https://www.bbc.com/news/technology-37117414
24- https://pandapaperroll.com/the-difference-between-thermal-paper-and-normal-paper/
25- https://www.jujothermal.com/technical-guide/thermal-paper-technology/
26- https://cyberint.com/blog/techtalks/election-fraud/
27- https://www.gmanetwork.com/news/topstories/nation/900205/comelec-obtained-certification-backing-miru-s-credibility-track-record-garcia/story/
28- https://bdnews24.com/world/f0aa5g4i91
29- https://ieeexplore.ieee.org/document/8753693
ب?اوکردن?و?