ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

وتار: سانسۆركردنی بێهودەی كتێبە سەلەفییەكان



وتار:  سانسۆركردنی بێهودەی كتێبە سەلەفییەكان
::  یاسین تەها
وەزارەتی رۆشنبیری بەپشت بەستن بەراسپاردەی وەزارەتی ئەوقاف و زانایانی ئیسلامی نەیهێشتووە "سەدان كتێبی (ابن تیمیە، ابن عثیمین، ابن باز، الألبانی، صالح فوزان) لەكوردستان بڵاو ببنەوە كە پایە سەرەكییەكانی فیكرو جیهان بینی رەوتی سەلەفی پێكدەهێنن، وەك پێشهاتێكی تازە لەكارنامەی حكومەتی بنكە فراوان. 
لەدوای شەڕی ناوخۆوە ئەمە یەكەمجارە ببیسرێت هێزو دەسەڵات بەكاربهێنرێت بۆ سانسۆركردن و قەدەغەكردنی كتێب و چاپەمەنی ئەگەر شوێنبزركردنی ئەمدواییەی یەكێك لەژمارەكانی گۆڤاری لڤین ـ ی لێ دەربكەین كە لەشاری هەولێر كرا. ئەم شەرعزان و فەرموودەناسانەشی كە كتێبەكانیان سانسۆر كراوە خاوەن هەر فیكرو بۆچوونێك بن و هەر چەشنە مەترسییەكی مەزەندەكراویان هەبێت بەلای سەرچاوەكانی بڕیارەوە، نەك حكومەتی هەرێم بەڵكە حكومەتە بەهێزەكانی دونیاش بەدیموكرات و دیكتاتۆریانەوە (جگە لەكۆریای باكوور) ناتوانن رێگە لەگەیاندنی بۆچوونیان بگرن بۆ هەوادارو پەیڕەوكەرانی بیرەكانیان چونكە هەیانە لەئێستادا كەناڵێكی ئاسمانی تایبەت كراوە بە پەخشكردنی وتارو وانەكانیان (كەناڵی إبن عثیمین) و دەتوانێت 24 كاتژمێر خۆی بەهەموو ماڵێكی ئەم جیهانەدا بكات، جگە لەمەش دەیان ماڵپەڕو كتێبخانەی ئەلەكترۆنی لەسەر تۆڕی جاڵجاڵۆكەی جیهانیی تایبەتن بەبڵاوكردنەوەو پاراستنی بەرهەمەكانیان و هەمووكەس لەمۆبایل و لاپتۆپی خۆیەوە دەتوانێت بەكلیكێك داونلۆدیان بكات و لەماڵ و لاكۆڵان بەكاغەزی شامواو كرێمی و رەنگاوڕەنگ چاپیان بكات، بەم پێیەش هەولێ رێگرتن لەبڵاوبوونەوەی كتێبەكانیان وەكو كاغەز هەولێكی مایەپووچ و بێهودەیەو جگە لەكات و جوهد كوشتن هیچ ئەنجامێكی كردەیی نادات بەدەستەوە.
***************************** 
شتێكی بەڵگە نەویست و زانراوە كە فیكر بەفیكر وەڵام دەدرێتەوە نەك بەقەدەغەكردن و سانسۆركردن، نەك هەر ئەوە بەڵكە زۆرجار قەدەغەكردن ئەبێتەهۆی ریكلام و رەواج پێدان، بەدڵنیایی ئەوەشی تائێستا ئەم شەرعزانانەی نەناسیبێت لەمەولا هەوڵی ناسینیان دەدات و ئەكرێت ئەم هەنگاوەی ئەم كۆمەڵە ئۆرگانە حكومی و نزیك لەحكومەتە بەباشترین خزمەت بەم شەرعزان و فەرموودەناسانە لێك بدرێتەوە كە نوێنەرایەتی بانگەوازی سەلەفی دەكەن و تائێستا بۆچوونەكانیان بەكۆمەڵێكی سنوردارو دیاریكراو لەمامۆستایانی ئاینی و خوێندكارانی ئاینی گەشتووە لەكوردستان، كەچی كۆمەڵێك لایەنی حكومیی دێن لەرێگای بەئامانجكردن و سانسۆركردنیانەوە گشتاندنیان بۆ دەكەن و دەیانكەن بەفیكری سەركوتكراوو ستەم لێكراو. جگە لەمەش كلتوری كتێب قەدەغەكردن و فیكر قەدەغەكردن پاشماوەو نەرێتی دوو جۆر دەسەڵات و هەلقوڵاوی دوو جۆر دیدگایە؛ یەكەمیان سەركوتكارو دیكتاتۆرو خۆسەپێن، دوومیشیان ترسنۆك و دەستەپاچەی فیكرو مەعریفە كە لەبری بەرەنگاربونەوەی فیكر پەنا بۆ قەدەغەكردن دەبات و بۆ ئەوەی خۆی لەقەرەی مشتومڕو دیالۆگ و بەڵگە هێنانەوە نەدات.
****************************
نازانرێت پێوەری ئەم هاوپەیمانێتییەی ئەوقاف و رۆشنبیری و زانایان بۆ قەدەغەكردنی فیكری كۆمەڵێك لەناوە دیارەكانی جیهانی ئیسلام و هەڵاواردنیان لەناو دەیان و سەدانیتر شەرعزان و بیرمەندیتری ئاینیدا چییە؟ سەرەكیترین پاساو كە بەخەیاڵی مرۆڤدا بێت بۆ ئەم ئاسنۆركردنە ئەگەری رێگرتنە لەتوندڕەوی و سنوردانانە بۆ پەلكێشانی زیاتری داعشیزم، بەڵام ئەوەی زانراوە لەكۆی ئەو پێنج شەرعزانەی ناوبران چواریان كە هاوچەرخن (جگە لەإبن تیمیە) نوێنەرایەتی رەوتی "سەلەفیزمی عیلمی (دعوی) دەكەن كە جگە لەدوورە پەرێزییان لەسیاسەت ركابەرو نەیاری تەقلیدی فیكریی ئەلقاعیدەو داعشن و بەرەی نوسرەن و لەو چوارەش سیانیان (جگە لەئەلبانی) لەرێبەرانی هەر دیاری سەلەفیزمی سعودین و لەساڵانی رابردوودا بەرهەمەكانیان بونەتە زەخیرەیەكی باش بۆ دروستكردنی ئاسایشی فیكری لەسعودیەو بوونەتە قەڵغانێكی باش بۆ پاراستنی دەوڵەتی سعودی لەگروپە توندڕەوەكان، پەیڕەوكەرانی بۆچوونەكانیشیان لەكوردستان هەوڵی كۆپی كردنی هەمان ستایڵ دەدەن و بانگەشە بۆ دۆستایەتی دەسەڵات و بەرەنگاربونەوەی داعش و تەنانەت حیزبە ئیسلامییە رێگە پێدراوەكانیش دەكەن، دەرك نەكردن بەم راستییەو نەخوێندنەوەی ئەم تایبەتمەندییە ئاماژەنمایەكی بەهێزە بۆ هەژاریی مەعریفەی ئاینی ئەو كەسانەی كە بڕیار لەقەدەغكردنی ئەم جۆرە فیكرانە دەدەن بەنیازی خزمەتكردنی دەسەڵات. 
ئەگەر "زانایانی ئیسلامی" و ئەوقاف دژی سەلەفیزمن راپەڕیون بۆ بەرگرتن لەتوندڕۆیی و بەحساب ئاگایان لەكایە فیكرییەكانی جیهانی ئیسلام هەیە، ئەبوایە هیچ نەبێ لەجیاتی ئەمانە هەوڵی سانسۆری فیكری (سفر الحوالی) و (سلمان العودە) و (محمد العریفی) یان بدایە كە رێبەرایەتی سەلەفیزمی حەرەكیی دەكەن و لەئێستادا بوونەتە ئایكۆنی گەنجە جیهادییەكان، بەڵام دیارە ئەوانەی بڕیار دەدەن یان هەموو ریش سورێك بەهەمزاغا تێدەگەن و بێ ئاگان لەوەی لەدونیای رەوتە جیهادی و سەلەفییەكاندا دونیا چۆن بەرێوە دەڕوات، یان بڕیارەكەیان خەمخواردن نییە بۆ ئاسایشی فیكری كوردستان و ئامانج لێی سانسۆركردنی ئەسڵی فیكری سەلەفیزمە كە بەردەوام لەكێشمەكێش و ركابەریدایە لەگەڵ هەندێ لەرەوتە ئاینییە سۆفی و دەروێشێتییە باوو دێرینەكانی كوردستان.
*********************************
سانسۆركردنی فیكری هەر ڕەوتێكی ئاینی لەكوردستان، مەترسییەكی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت كە ئیشتیهاكردنەوەی گروپە ئاینی و تەنانەت عەلمانی و ئیلحادییەكانیشە بۆ داواكردنی قەدەغەكردن و بەرگرتن لەبەرهەم و فیكری ركابەرەكانیان، بەنمونە بیگرە ئەو هەڵمەتانەی بەمدواییانە لەكوردستان بۆ پێداچونەوەی فیكری ئاینی بەرپاكران سەرجەم خەڵكی ئاینداری كوردستان و مزگەوتەكانیان وەكو یەكو بەجیاوازی ئینتیماوە خرۆشاند، ئایا حكومەت ئەچێتە ژێرباری ئەگەری قەدەغەكردنیان؟! ئایا ئامادەییان هەیە بەرهەمەكانی شیعە لەكوردستان سانسۆر بكەن كەناتەبایە لەگەڵ فیكری باوی سوننە شافیعییەكانی كوردستان؟ ئایا ئامادەن بەرهەمە ئیلحادی و كۆمۆنیستییەكان سانسۆر بكەن كە ناتەباو نەگونجاوە لەگەڵ پابەندیی زۆینەی كوردەوە بەئیسلام؟ ئەم هەنگاوە دەرگا دەكاتەوە بۆ هەوڵی قەدەغكردنی چاپەمەنی و بەرهەمی فیكرەكانیترو ئەگەری ڕوودانی پێكدادان وەكو ئەوەی ئێستا دەسەڵاتەكەی سیسی لەمیسر لەهەوڵدایە بیكات.
*****************************
پاراستنی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و فیكریی لەكوردستان بەهەوڵی بێهودەی سانسۆركردنی فیكری هیچ گروپ و رەوتێكی ئاینی ناكرێت، بەڵكە بەبەرزكردنەوەی تواناو لێوەشاوەیی ئەوانە دەكرێت كە پێیان وایە ئەتوانن بەرگریی لەبیری میانڕەویی و دۆستی پێكەوەژیان بكەن، چونكە دەرگاكانی دزەكردن و تەشەنەكردنی فیكر لەسەر پشتن و هەوڵی داخستنیان لەمەحاڵەوە نزیكترە. كێشمەكێش و ململانێ و جەدەلی فیكریی دەبێ هەمیشە كراوە بێت و ئەگەر ئەوقاف و یەكێتی زانایان، سەلەفیزمی عیلمی سعودیی بەمەترسی دەبینن ئەوە با لەرووی فیكرییەوە بەرەنگاریان ببنەوە نەك بەتوڕەكردن و تەنگەتاوكردنی بنكە جەماوەرییەكەیان. خێرە "زانایانی ئیسلامی" بەرانبەر هەڵمەتەكەی رێكخراوی دابڕان دانیشتن لەگەڵ مەلا بەختیارو دیالۆگیان هەڵبژارد، كەچی بۆ سەلەفییەكان بەرنگاریی و هەوڵی بێهودەی سانسۆركردنیان، چونكە دیكتاتۆرترین دەسەڵاتەكانی دونیا بەرژێمی بەعسیشەوە لەدژوارترین رۆژەكانی ژیاندا فیكرو كتێبی كەسیان پێ قەدەغە نەكرا تا ئێستا حكومەتی بنكە فراوان لەسەردەمی جیهانگیری و فەزای كراوەی تەكنیكدا ئەنجامی بدات.



ب?اوکردن?و?