حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوە بڵاودەکاتەوە
ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی کارتی مۆبایل لەبازاڕەکان گران بووە ئەمەش بووەتەهۆی بارگرانی بەسەر هاوڵاتیانەوە، نرخی کارتی ئاسیا سێڵ و کۆڕەک و زەین بەبڕیارێکی حکومەتی عێراق گران دەبێت بەجۆرێک نرخی کارتی ٥ هەزاری دەبێتە ٦ هەزار.
لەبارەی گران بوونی کارتی مۆبایلەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەەوە:
دەقی ڕوونکردنەوەکە
رونکردنەوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەبارەی گران بوونی نرخی کارتی مۆبایل:
بە گرنگی دەزانین بۆ جەماوەری هەرێمی کوردستان و هەموو بەکارهێنەرانی خزمەتگوزاری مۆبایل رونیبکەینەوە، هەر سی کۆمپانیای گەیاندنی (کۆڕەک تیلیکۆم – ئاسیا سیڵ – زەین) سێ کۆمپانیای سەرانسەری عێراقن و لە هەموو شارەکانی عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە تۆڕی گەیاندنیان هەیەو کاردەکەن، مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی CMC یەوەیەو بڕیارو رێنماییەکانی ئەو دەستەیە جێبەجێ دەکەن و ئەوان بەرپرسن لە رێکخستنی کارە ئیداری و هونەری و دارایەکانیان و پەیوەندییان بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستانەوە نییە.
بۆیە بڕیاری گرانکردنی نرخی کارتی پڕکردنەوەی بەڵانسی مۆبایل (پریپەید) بڕیاری ئێمە نیەو لە بەغداوە دەرچووەو ئەو بڕیارەی هەر سێ کۆمپانیا لە شارەکانی عێراقی فیدراڵ جێبەجێی دەکەن بەهەمان شێوەش لە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکەن.
ئومێد محەمەد ساڵح
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن
٣١-٧-٢٠١٥