ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

زانیاری لەسەر بەردی گورچیلە 


زانیاری لەسەر بەردی گورچیلە 




بریتییە لە نیشتوونی رەق و بچووكی كانزایی و خوێی ترشی لە بەشی ناوەوەی گوڕچیلەكان. بە شێوەیەكی ئاسایی ئەو ماددانەی كە دەبنە هۆی دروست كردنی بەردی گوڕچیلە، روون دەبن لە میزدا. بەڵام كاتێك میز چڕ دەبێتەوە، ئەو كات كانزاكان دەبن بە كریستاڵ و بەیەكەوە دەنوسێن و رەق دەبن. ئەنجامەكەی دروست بوونی بەردی گورچیلەیە. زۆربەی بەردە گوڕچیلەیيەكان پێكهاتوون لە كالیسیۆم.

هۆكارەكانی:
كاتێك پێكهاتەكانی ناو میز (شلە و چەندین جۆری كانزا و كریستاڵ و ترشەكان) لە هاوسەنگی لادەدەن، رێگا بۆ درووستبوونی بەرد خۆشدەبێت.  
هەندێك پاڵنەری ديكه ئەگەری درووستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەكەن، لەوانە:

* لەهەندێ بنەماڵەكاندا زۆرتر بەردی گورچیلە دەبینرێت بەهۆی هۆكارە بۆماوەییەكانەوە .
*هەندێك جار هیچ هۆكارێكی دیار نادۆزرێتەوە
* كەم خواردنەوەی شلە وا دەكات میز چڕببێتەوە بەمەش مەترسی دروست بوونی بەرد زیاتر دەبێت.

*  زۆر خواردنی ( سپیناخ ، ڕێواز ، فستەق ، گوێز ، چا و كاكاو ) هەندێكجار دەبنە هۆكار بۆ توشبوون بە بەردی گورچیلە .
* زۆری خواردنی گۆشتی سوور هۆكارێكە بۆ دروستبوونی بەردی جۆری ئۆكسیدی یۆریا .
* بەكارهێنانی بڕێكی زۆر ڤیتامین C زیاتر لە ١٠٠٠ ملگم لە ڕۆژێكدا لەوانەیە ببێتە هۆكاری زیادبوونی بەردی گورچیلە .
*جۆرێكی دیكە لە بەردی گورچیلە ناوی بەردی ( سترۆیتی ) ــە كە لە هەوكردنی میزدا دەبینرێت و ژنان زۆرتر دوچاری دەبن .




نیشانەكانی
تاكو بەردی گوڕچیلە نەجووڵێت و نەیەتە خوارەوە ئەوا ئەستەمە هەست بە ‌بوونی بكرێت. كاتێك دەجووڵێت لەوانەیە ئەم نیشانانەی خوارەوە رووبدەن؛
- ئازار لە تەنیشتەكانی پشت "كەلەكە" و خوار پەراسووەكان.
- گۆڕان لە توندی ژانەكە، لەوانەیە بۆ 20 خولەك تاكو 60 خولەك بخایەنێت.
- ژانەكە لە پشتەوە دەداتەوە بەشی خوارەوەی سك و بنی سك.
- بوونی خوێن لەناو میز یا لێڵ بوونی میز.
- ئازار لە كاتی میزكردن.
- هێڵنج و رشانەوە.
- تا و لەرز هەندێك جار.


ئاڵۆزییەكانی
 بەردی گورچیە رێگا خۆشدەكات بۆ هەوكردنی گورچیلە و رێڕەوەكانی میز. هەندێك جاریش بەجۆرێكی وەها بەردەكە گەورە دەبێت كە دەبێتە لەمپەر لەبەردەم میزكردندا و كاری گورچیلەكان تێكدەدات.

خۆپاراستن


گۆڕانكاری لە ژیانی رۆژانە؛ زۆر خواردنەوەی ئاو، زیاتر لە 14 پەرداخ ئاو یا 3.3 لیتر لە شلەمەنی. لە كەش و هەوای گەرم پێویستە زیاتریش بخورێتەوە. ئاو باشترین شلەیە بۆ خواردنەوە، هەروەها رۆژانه خواردنەوەی پەرداخێك لە شەربەتی لیمۆ "سروشتی – خۆت دروستی بكە" مەترسی دروست بوون كەم دەكاتەوە، بەڵام خۆت دووربگرە لە خواردنەوە‌ى شەربەتی پاودەری لیمۆ. هەروەها ئەگەر بەردی گورچیلە جۆری كالیسیۆم ئۆگزالەیت بێت‌، ئەوا پزیشكان بەباش دەزانن ئەو جۆرە خواردنانە  كەم بكرێنەوە كە دەوڵەمەندن لە ئۆگزالەیت، وەك رێواس، چەوەندەر، پاقڵە، كەلەرم، سپێناغ، پەتاتەی شیرین، كونجی، باوی. سەرباری ئەمانەش، لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان دەرخستەوە كە ئەو خۆراكانەی كە بڕی خوێ و پڕۆتینی گیانلەبەریيان كەم تێدایە  چانسی دروست بوونی بەردی گورچیلە كەم دەكەنەوە. هەرچی كالیسیۆمە، كەم كردنەوەی خۆراكی دەوڵەمەند لە كالیسیۆم دیارنییە كە ئایا دەبێتە هۆی كەم كردنەوەی مەترس دروست بوونی بەری گورچیلە یان نا، بەڵكو بە پێچەوانەوە، لێكۆڵینەوەكان دەریان خستوە ئەو ئافرەتانەی كە بەرهەمی شیر "دەوڵەمەند لە كالیسیۆم" زۆر دەخۆن ئەوانە كەمتر لە مەترسی تووشبوون بە بەردی گورچیلەدان.

چارەسەر:

ئەگەر بە گۆڕینی ستایلی ژیان بەردەكە دانەبەزی، ئەوا پزیشك بیر لە پێدانی دەرمان، یان شكاندنی بەردەكە بە لێدانی شەپۆل و تیشكی تایبەتمەند، یان دەرهێنانی بە هەناوبین دەكاتەوە و هەندێكجار پێویست بە نەشتەرگەری كراوەش دەكات.


ئا: د.سوران محمد غریب

ی.س

ب?اوکردن?و?