لەسەر گرانبوونی کارت کۆڕەک ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
لەسەر گرانبوونی نرخی کارتی باڵانس کۆمپانیای کۆڕەک ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
بڕیارەکەى حکومەتى عێراق پەیوەستە بە سەپاندنى باجى فڕۆشتن بەڕێژەى 20% بەسەر سەرجەم جۆرەکانى کارتى پڕکردنەوەى باڵانسى هێڵەکانى پریپەید و پسوولەى هێڵەکانى پۆستپەید، بەگوێرەى ئەم بڕیارە داوا لە سەرجەم کۆمپانیاکانى پەیوەندیى مۆبایل کرا پابەندبن بە جێبەجێکردنى بڕیارەکە لە رێکەوتی 1ى ئابى 2015.
لەم مبارەیەوە بەڕێز چاوشین حەسەن ، بەڕێوەبەرى بەشى پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆمپانیاى کورەك لە روونکردنەوەیەكدا ئاماژەى بەوەدا کەوا کۆمپانیاکەمان لەلایەن دەستەى ڕاگەیاندن و گەیاندنی عراقی ئاگادارکراوەتەوە کەوا ئەم بڕیارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئامادەکراوە و سەپێندراوە بەسەر کۆمپانیاکاندا، وەك جێبەجێکردنێك بۆ ئەحکامەکانى بڕگەى (أ)ى ماددەى 33 لە یاساى بووجەى گشتى فیدراڵ بۆ ساڵى 2015. ئەم بڕیارە چەند مانگێك لەمەوبەر هاوتەریب لەگەڵ پەسەندکردنى بوودجەى ئەمساڵ لەلایەن ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ڕاگەیاندرا، بەگوێرەى ئەم بڕیارە حکومەتى عێراق سەرجەم کۆمپانیاکانى مۆبایل کە لە عێراق کار دەکەن پابەند کرد بە جێبەجێکردنى بڕیارەکە و وەزارەتى دارایی عێراقی دەست نیشانکرد بۆ کۆکردنەوەى بڕى پارەى کۆکراوە لە هاولاتیانەوە لەڕێگەى دەستەى گشتى باجەکان وەك باجى حکومەت لەسەر فڕۆشتن.
بەڕێز حەسەن دووپاتى کردەوە، کە "كورەك تیلیکۆم" پابەندە بە بڕیارەکەى حکومەت و پەرلەمانی عێراق، لە هەمان کاتیشدا بەشداربووانى ئاگادار دەکاتەوە کەوا ئەم زیادەیە ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ وەزاراتى دارایی عێراق و بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکان کۆمپانیاکەمان سوودى لێوەرناگرێ، بەڵکو بەپێچەوانەوە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى لەم چەشنە کاریگەرى نەرێنی دەبێت لەسەر داهاتى کۆمپانیاکەمان.
بەڕێز حەسەن کۆتایی بە قسەکانى هێنا و گووتى: کۆمپانیاى کورەك پابەندە بە جێبەجێکردنى ئەم بڕیارە و هیچ دەسەڵاتێکى یاسادانان و جێبەجێکردنی نییە بۆ سەپاندن یاخود بۆ لێخۆشبوون لە هاوڵاتیان لە تێچووى باجى سەپێندراو لەلایەن حکومەت و پەرلەمانى عێراقەوە. لێرەدا دەمانەوێ بۆ بەشداربوانی ئازیزمان دووپات بکەینەوە کە ئێمە هەمیشە بەشداربوانمان ترۆیکی کارەکانمانن لە کۆمپانیادا، وە بەردەوام دەبین لە پێشکەش کردنی باشترین خزمەتگوزاری بە باشترین نرخ بۆ پرکردنەوەی پێداویستیەکانیان بە بەکارهێنانی پێشکەوتوترین تەکنەلۆجیای پەیوەندی مۆبایل.