وەزارەتی کارەبا هۆکاری بڕانی کارەبای نیشتیمانی ئاشکرا دەکات
کاتژمێر 7:25ی ئەم شەو بەهۆی شەپۆلێکی باوبۆران و رەشەبایەکی بەهێزەوە کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی کردەوە لەئەنجامدا بووە هۆی زیانگەیاندن بە ژمارەیەک لە تۆڕی 132 کەیڤی پاڵەپەستۆی بەرزو دروستبوونی گرفتی تەکنیکی لە وێستگەکانی کارەبا ، بەمەش کوژانەوەی گشتی لەسەرانسەری کوردستاندا روویدا. هەر لەدوای رووداوەکە تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتیەکانی کۆنترۆڵی کارەبای پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی گواستنەوەی کارەبا سەرقاڵی چارەسەری گرفتەکەن و بڕیارە هەر ئەمشەو دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم سەبارەت بەگرفتەکە رایگەیاند:( نەبوونی بودجە بۆ چاکسازیی بەردەوام لە تۆڕەکانی کارەباو وێستگەکانی گۆڕینی کارەبا هۆکاری سەرەکییە بۆ بەرگەنەکردنی تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرز و وێستگەکانی گۆڕینی کارەبا بۆ ئەو باوبۆران و رەشەبا بەهێزانەی کە روو لەهەرێمی کوردستان دەکات ، کە واپێویستە سەرجەم تۆڕەکانی کارەبا و وێستگەکانی گۆڕین بەبەردەوام کاری چاکسازی و سیانەیان تێدا بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە دارایی و ئابوورییەی کە رووی لەکوردستان کردووە بودجەی پێویست بۆ ئەو کارانە دابین نەکراوە).
