ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

وەزارەتى خوێندنى باڵا کرێى خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان کەمدەکاتەوە

بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى کوردستان بەڕێژەى (٤٥%) لەگشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا (پارالێل - ئێواران)، هەروەها کرێى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى، بەڕێژەى (١٠ بۆ ٢٠ %) بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن کەمکردەوە. ئەمڕۆ پێنجشەمە ڕێکەوتى (2021/10/7) بەئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە دو فەرمانى جیادا بڕیاردرا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان. لە لێدوانێکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکارى هەرێمەکەمان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان. وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ئامانجى وەزارەتەکەمان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بە لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکەمانە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان. کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکان بەم شێوەیە دەبێت: زانکۆ حکومییەکان: داشکانى ڕێژەى (٤٥%) لە کرێى خوێندنى (پارالێل) و (ئێواران)ى گشت قۆناغەکانى خوێندنى بەرایى و خوێندنى باڵا لە سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دامودەزگاکانى ترى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢). زانکۆ تایبەتەکان: بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان دەبێت بەم شێوەى خوارەوە: - ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B، بەڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە. - ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C، بەڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە. - ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D، بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە. - سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

ب?اوکردن?و?