ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

دواین قسەى ئەمین کە خاوەنی چوار منداڵە بۆ براکەی: بەیانی دێمەوە و دەچینەوە گوند

ئەمین لەسەنگەرەکانی پێشەوەی پێشمەرگە لە کوڵەجۆ تەلەفۆنی بۆ براکەی کرد کە سبەینێ ئەرکەکەی تەواو دەبێت و دێتەوە و پێکەوە دەچن بۆ گوندەکەی خۆیان لە بناری بەمۆ، بەڵام بۆمبێک کە چەکدارانی داعش لەسەر ڕێگا داینابوو، نەیهێشت ئەمین بەڵێنەکەی بباتەسەر. شەوی ڕابردوو چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنوری کوڵەجۆ هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا و چواری دیکەش برینداربوون. ئەمین حسێنی تەمەن 39 ساڵ کە خاوەنی سێ کچ و کوڕێکە، یەکێکە لەو پێشمەرگانەی کە گیانی سپارد، دوێنێ ئێوارە تەلەفۆنی کردووە بۆ براکەی و توویەتی سبەینێ ئەرکەکەم تەواو دەبێت و جێمەهێڵە و دەگەڕێمەوە، پێکەوە دەچینەوە بۆ گوندەکەی خۆمان لە بناری بەمۆ. بەپێی گێڕانەوەی خزمە نزیکەکانی، کاتژمێر 12ی شەوی ڕابردوو تەلەفۆنیان بۆ کراوە کە ئەمین و چوار پێشمەرگەی تر لەناو هەمەرێکدا بۆمبیان پێدا تەقیوەتەوە، بەڵام هەم ئەوان و هەمیشە هێزەکانی پێشمەرگە نەیانتوانیوە بە هانایانەوە بچن لە ترسی هێرش یاخود بۆمبی تری داعش، بۆیە تەرمەکانیان تاوەکو بەرەبەیانی زوو لەناو هەمەرەکەدا ماونەتەوە و سوتاون، دواتر لە پزیشکی دادی کەلار تەرمەکان وەردەگرنەوە، بەڵام بە ئەستەم جیا کراونەتەوە. خزم و هاوڕێکانی دەڵێن، ئەمین کوڕێکی ئازا و بەرجەرگ بووە، لە زۆربەی شەڕەکانی دژی داعش بەشداری کردووە و چووەتەپێشەوە، تەنانەت ئەمجارەش ئەرکی خۆی نەبووە، بەڵام بەڵام کاتێک دوو ئەفسەر و پاسەوانەکانیان دەچن بە هانای هاوڕێ پێشمەرگەکانیان کە لە سەنگەرێکی ترەوە هێرشیان کراوەتەسەر، ئەمینیش پێداگری زۆری کردووە کە لەگەڵیان بچێت بۆ بەهاناوەچوونی هاوڕێکانی. بەڵام چەکدارەکانی داعش لە ڕێگادا بۆمبیان چاندووە و پێیاندا تەقیوەتەوە، دیارە خۆشیان چەک و تەقەمەنی زۆریان بردووە بۆ شەڕ، ئەوەشیان تەقییەوەتەوە.

ب?اوکردن?و?