ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

سوودەکانی میوە بزانە




سوودەکانی میوە بزانە




نەتپرسیوە بۆ خەڵکانی دێرین زیاتر لە سەد ساڵ ژیاون؟ یان بۆ توشی شێرپەنجە و نەخۆشی درێژخایەن نەبوون؟ وەڵامی ئەمانە لەوەدایە کە خەڵکانی دێرین سوودە تەندروستیەکانی میوەیان زانیوە.

ئەمرۆ بەکارهێنانی دژەئۆکسیدەکان دیاردەیەکە کە لە زیادبووندایە، چونکە گرنگە بۆ هێشتنەوەی تەندروستیەکی باش و دوور لە شێرپەنجە، وە سەلمێنراوە کە میوە چاکترین سەرچاوەیە بۆ ئەمە. چونکە دەوڵەمەندن بە کانزا و ڤیتامینی سود بەخش کە باشن بۆ تەندروستی هزر و لەش.

زۆربەی میوەکان ئاسنیان تێدایە کە هیمۆگلۆبین [خرۆکە سورەکانی خوێن] زیاد دەکات و یارمەتی گواستنەوەی ئۆکسجین لە خوێندا دەدات و کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکات. کانزاکانی تری ناو میوە بریتین لە پۆتاسیۆم و سۆدیۆم و مەگنیزیۆم. هەروەها چەندین ڤیتامینیان تێدایە کە کار و کارلێکەکانی ناو لەش ئاسان دەکەن.

تەنها یەک لەسەر سێی ئەمریکیەکان رۆژانە پێنج جار میوە دەخۆن، وە %٣٥ هەفتانە جارێک یان دوو جار میوە دەخۆن. ئەم رێژەیە زۆر کەمە چونکە میوە خۆراکی پێداویستی تێدایە بۆ جەستەیەکی بە‌هێز. بێگومان میوە بەخششێکی نایابی سروشتە چونکە چەندە بەسوودە هێندەش بەتامە. [دیارە کە لای خۆشمان هەمان بەزم هەیە! بەڵام لای ئێمە میوە زۆردەخورێت، بەڵام لە کاتی نەشیاودا کە پێدەچێت لەش زۆر سوودی لێنەبینێت]

هەرچەندە سوودەکانی میوە بۆ مرۆڤ نابژێردرێن، لێرەدا باسی هەندێ راستی دەکەین دەربارەی سوودی هەندێک میوە.

مانگۆ [mango]
مانگۆ بە پادشای میوەکان دادەنرێت نەک تەنها لەبەر تامە خۆشەکەی، بەڵکو لەبەر سوودە بێ کۆتاکەشی. ئاسنی زۆرە و وەک دەرمان کار دەکات بۆ نەخۆشانی توشبوو بە کەم خوێنی. هەروەها بۆ خانمانی دووگیان و ئەو خانمانەی لاواز دەبن دوای وەستانیان لە سووڕی مانگانە باشە.  هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامین (ئەی) و کاری پیربوونی پێست خاو دەکاتەوە.

خورما
خورما گرنگیەکی تایبەتی هەیە لە ناوچە عەرەب نشینەکان، هەر لە کۆنەوە وەکو ژەمێکی تەواو هەژمار کراوە. (١٠٠) گرام لە خورما نزیکەی (٢٨٠) کالۆری وزە دەدات. ئەم میوە کالۆری بەرزە دەولەمەندە بە ئاسن، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز و ڤیتامینی کۆمەڵە (بی)یەکان [بی-١ ، بی-٦، بی-١٢]. کۆمەڵی ڤیتامینەکانی (بی) رێژەی گلوکۆزی خوێن رێکدەخەن و پۆتاسیۆم پەستانی خوێن رێکدەخات و کاری هەستە دەمارەکان رێکدەخات کە ئەمە رێدەگرێ لە کرژ بوونی ماسولکە. مەنگەنیزیش ئێسک بە‌هێز دەکات. هەروەها خورما مەترسی جەڵدەی دڵ کەمدەکاتەوە و بەسودیشە لە کاتی هەناوگیری دا [قەبزی].

شلیک
دژەئۆکسید لە شلیکدا هەیە و دەولەمەندە بە ڤیتامین (سی) کە کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکات. هەروەها ترشی (فۆلیک)ی تێدایە کە ماددەی بنەرەتیە لە دروستکردنی (DNA) و (RNA) [ترشی ناوەکین کە لە هەموو زیندەوەرێکدا هەن، زانیاری جیناتییان هەلگرتووە] و بەرەنگار بوونەوەی شێرپەنجە. بۆ ددانی زەرد، شلیکێک بکە بە دوو بەشەوە و لە ددانەکانتی بخشێنە، جیاوازی بەرچاو دەبینیت. هەروەها دەولەمەندە بە مەنگەنیز و پۆتاسیۆم و مس و ڤیتامینەکانی (بی).

مۆز
گەر دکتۆر دەرمانی دژە خەمۆکی بۆ نوسیت، مۆزێک بخۆ. لە ناو مۆزدا ترشی ئەمینۆ ئەسید جۆری            (تریپتۆفان - Tryptophan) هەیە کە خەمۆکی کەمدەکاتەوە. هەروەها دەوڵەمەندە بە کاربۆهیدرات، چەوری، پرۆتین، ئاسن، پۆتاسیۆم و فسفۆر. ئەو بڕە فسفۆرەی هەیە لە مۆزدا سوود بەخشە لە گەشەی مێشکدا. هەروەها چارەسەرێکی خێراشە بۆ دڵەکزێ.



پرتەقاڵ
پرتەقاڵ سەر بە خێزانی میوە دەنکدارە ترشەکانە. لە پرتەقاڵدا ماددەی (کۆلاجین) هەیە کە سودبەخشە بۆ بە گەنجی پیشاندانی پێست. هەروەها توێکڵیەکەی فرێ مەدە چونکە جوینی پارچەی بچوک لێی دەبێتە هۆی نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی دەم. هەروەها رێژەی (تفت)ی ناو دەم هاوسەنگ دەکات ئەمە رێدەگرێ لە کلۆر بوون و چاڵ بوونی ددانەکان.

ئەنەناس
ئەنەناسیش میوەیەکی ترە کە زۆر سوودبەخشە بۆ پێست. سوودی هەیە بۆ چاککردنەوەی برینداری و ئەو هەوکردنانەی کە بەهۆی برینداربوونی پێستەوە دووچاری پێست بوون. ئەنزیمی تێدایە کە یارمەتی جیریی پێست دەدات و پێست نەرم دەکات. هەروەها چارەی پەڵەی تاریکی دەمووچاو و پێست دەدات. لەگەڵ بە‌هێز کردنی ئێسک و ئاسان کردنی کرداری هەرس کردن.

سێو
لەکۆندا وتراوە "رۆژی سێوێک بخۆی، دکتۆرەکان وەلا دەنێی"، ئەم وتەیە هێشتا هەر راستە چونکە سێو دەرمانی زۆر نەخۆشییە. لەوانە ئەلزهایمەر [بیرچونەوە]، ئێسەکە نەرمە و رەبۆ. سێو پر بەرهەمترین میوەیە لە جیهاندا، %٣٥ ی سێو لە چین بەرهەم دێت. بەهۆی ئەو رێژە بەرزەی (پەکتین -   Pektin[ماددەی جەلاتینی رووەکی])ەوە، کۆلیسترۆڵی خراپ کەمدەکاتەوە بە رێژەی %١٦ و تەندروستی ناوسک رادەگرێت و ژەهری ناو لەش فرێ دەدات. هەروەها بەهۆی پۆتاسیۆمەکەیەوە کاری گورچیلەکان رێکدەخات و یارمەتی لابردنی بەردی گورچیلە دەدات.

ترێ
ترێ بە (شاژنی میوەکان) ناسراوە، ڤیتامینە گرنگەکانی (ئەی، سی، بی-٦)ی تێدایە. هەروەها چەند کانزایەکی گرنگی تێدایە وەک: کالسیۆم، پۆتاسیۆم، ئاسن، فسفۆر، سیلینۆم و مەگنیزیۆم. رێگایەکی ئاسانی چارەی سەرئێشەی لایی، خواردنەوەی شەربەتی ترێی گەشتووە بەبێ زیاد کردنی ئاو. رێ لە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت بە رێککردنی رێژەی ترشی نیتریک لە خوێندا، کە ئەمە دەبێتە رێگری لە کلۆ بوونی خوێن. ترێ بۆ چارەسەری رەبۆ، هەناو گیری، ئینتەلا، گورچیلە، شێرپەنجەی سنگ و ئەلزهایمەر سوودی زۆرە.
 fruits 4
لیمۆ
لیمۆ میوەیەکی چوار وەرزییە کە زۆر سودبەخشە. هەر لە کۆنەوە بروایان وا بوە کە لیمۆ لە لەکارخستنی زۆر ژەهر دا بەسودە و لێکۆڵینەوەی تازەش ئەمەیان سەلماندووە. رێژە زۆرەکەی ڤیتامین (سی) سودی هەیە لە هێشتنەوەی  پێستێکی تەندروستدا. هەروەها کانزاکانی تری وەک کالسیۆم، مەگنیزیۆم، بایۆفلاڤەنۆید [  :bioflavonoid زەردەماددەی میوەیی، بۆ وردە دەمارەکان سوودی هەیە]، لیمۆنین [هایدرۆکاربۆنی روون] و پەکتین. لیمۆ بە خاسیەتەکانی: بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، دژەبەکتریا و دژە ڤایرۆس ناسراوە. هەروەها رێگەیەکی ئاسان و هەرزانە بۆ دابەزاندنی کێش. وە خواردنەوەی کوپێک ئاوی لیمۆ لە بۆنی ناخۆشی ناودەم رزگارت دەکات.

شوتی
بۆ رزگاربوون لە گەرمای هاوین باشترین میوەیە چونکە دەوڵەمەندە بە ئەلیکترۆلایت [ئایۆنی وزە بەخش]. شوتی میوەیەکە کە کالۆری کەمە، (١٠٠) گرام لە شوتی تەنها (٣٠) کالۆری تێدایە. یارمەتی رێگرتن لە جەڵدەی دڵ و دەماغ دەدات چونکە رێژەی پۆتاسیۆمی زۆرە. هەروەها رێ لە تیشکی سەروبنەوشەیی زیانبەخش دەگرێ زیان لە پێست بدات بەهۆی زۆری لایکۆپینەوە تێیدا [لایکۆپین –lycopene سورە ماددەی میوەیی کە وەکو ڤیتامین ئەی کاردەکات]. هەروەها ڤیتامین (بی-١ ، بی-٦ ، سی) و مەنگەنیزی تێدایە. هەروەها بەهۆی (ئارجینین – arginine: ئەمینۆ ئەسیدی بنەرەتی)ەوە ئامۆنیای زیادە لە لەش دەکاتە دەر.

میوەی جۆراوجۆر زیاد بکە لە خواردنەکانتدا، وات لێدەکات زۆربەی دەرمانەکان فڕی بدەی. وا باشترە کە رۆژانە بەلایەنی کەمەوە پێنج بەش میوە بخۆی



ب?اوکردن?و?