ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئێستای هه‌رێم په‌رله‌مانى كوردستان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد


سه‌باره‌ت به‌دۆخی ئێستای هه‌رێم په‌رله‌مانى كوردستان چه‌ند بڕیارێكی ده‌ركرد


به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی دۆخى ئێستای كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورى و ته‌ندروستییه‌ی كه‌به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆناوه دروست بووه‌، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌مه‌ 2020/4/4، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سەرۆکی سه‌رجه‌م فراکسیۆنەکانی په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووه‌وه‌.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ راگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان
رۆژی 4ى نیسانی 2020 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ جیاجیاكانی په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌.
له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز د.رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ى خسته‌ڕوو كه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر دۆخی ئێستای كوردستان و چۆنیه‌تیی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورى و ته‌ندروستییه‌ی كه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسی كۆڕۆناوه‌ ئێستا به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌و جیهانی گرتۆته‌وه‌.
هه‌روه‌ها باسی له‌ دوایین سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی كرد كه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان بۆ پارێزگاكان و لیژنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كردوویانه‌.
دواتر له‌لایه‌ن به‌ڕێز هێمن هه‌ورامی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پوخته‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌دواداچوونه‌كانی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و كارى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان له‌ به‌رده‌وامیی به‌دواداچوون بۆ كارى وه‌زاره‌ت و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانى حكومه‌تی هه‌رێم خرایه‌ڕوو.
دواتر سه‌رۆكى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان روانگه‌ی فراكسیۆنه‌كانیان خسته‌ڕوو و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان له‌خستنه‌ڕووی دۆخی گشتی و خاڵه‌ له‌پێشینه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ كۆكبوون:
1 - ئه‌م قه‌یرانه‌ ته‌ندروستییه‌ی كۆڕۆنا، لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانی، كه‌مبوونه‌وه‌ى داهات و چۆنیه‌تیی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان و كه‌مكردنه‌وه‌ى بارگرانی له‌سه‌ر هاووڵاتییان و بژێویی ژیانیان، له‌خاڵه‌ هه‌ره‌ له‌پێشینه‌كانه‌ كه‌ پێویست ده‌كات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كان به‌پێی تایبه‌تمه‌ندێتی كارى له‌سه‌ر بكه‌ن.
2 - ئه‌و ‌ڕێوشوێن و هه‌نگاوانه‌ى كه‌ تائێستا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌خۆپارێزی و گرتنه‌به‌رى رێكارو وه‌رگرتنی بڕیار بۆ پاراستنی ته‌ندروستیی هاووڵاتییان ئه‌نجامیان داوه‌ به‌رزده‌نرخێنێت.
3 - پشتیوانیی بڕیارى ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانین كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى 1ى 4ى 2020 بڕیاریان داوه‌ به‌ڕاسپاردنى لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجوومه‌ن بۆ ئاماده‌كردنى بڕیارێكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌كرێنشینان و لێخۆشبوون له‌كرێ و هه‌ر رسوماتێكی دیكه‌، هه‌مووان كۆكبووین له‌وه‌ى كه‌دوای بڕیارى حكومه‌ت له‌م ڕووه‌وه‌ ئه‌كه‌ر پێویستیی ته‌شریعی هه‌بوو بۆ هه‌ر بڕیارێكی ته‌شریعی كه‌ له‌خزمه‌تی هاووڵاتییاندا بێت به‌هه‌ماهه‌نگیی هه‌موولایه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان به‌له‌به‌رچاوگرتنی رێوشوێنه‌ ته‌ندروستییه‌كان كارى پێویستی ته‌شریعی ئه‌نجام ده‌دات.
4 - هه‌مووان هاوڕابووین له‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌هه‌ر داهاتێك كه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت، مووچه‌ی هاووڵاتییان و خۆراك و ده‌رمانی پێویست بێت و له‌م ڕووه‌وه‌ پشتیوانیی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی دروستكردنی چه‌ند بۆردو لیژنه‌یه‌كه‌وه‌ كارى له‌سه‌ر كردووه‌و وه‌كو په‌رله‌مانى كوردستان چاودێرێكی وردی كارى ئه‌و لیژنانه‌ ده‌بین.
5 - هه‌موولایه‌ك هاوڕابوون كه‌تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه‌ پێویستیی به‌هه‌ڵوێست و كارى پێكه‌وه‌یى و نیشتیمانی و گیانی كارى هاوبه‌شه‌ كه‌هاوكار بێت له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌.
دواتر ئه‌م بڕبارانه‌ی خواره‌وه‌ دران:
1 - سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌كارى به‌دواداچوون و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازى له‌ خه‌رجی و داهات.
2 - دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی باڵاى په‌رله‌مان به‌سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی لیژنه‌ى دارایى و ته‌ندروستى و پیشه‌سازی و وزه‌و لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی بۆ به‌دواداچوونی كارى ئه‌و لیژنه‌ تایبه‌تمه‌ندانه‌ى حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ بۆ به‌دواداچوونی پێداچوونه‌وه‌ به‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان و گرێبه‌سته‌كان و روسومات و لێخۆشبوونى گومرگی و دابینكردنی خۆراك و پێداویستیی ده‌رمان دروستكراون.
3 - دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی باڵاى په‌رله‌مان به‌سه‌رۆكایه‌تیی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامیه‌تیی سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌ى پێویست و به‌دواداچوونی كارى لیژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانى ئۆپه‌راسیۆنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆڕۆنا.
4 - په‌رله‌مانى كوردستان پاڵپشتیی ئه‌وه‌ ده‌كات له‌چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنێكى هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بكرێ.
له‌كۆتایىدا كۆبوونه‌وه‌ وێڕای به‌رزڕاگرتنی خۆڕاگریى هاووڵاتییان داواو تكایان له‌هاووڵاتییانی به‌ڕێز ئه‌وه‌یه‌ به‌ته‌واوى پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن.
په‌رله‌مانى كوردستان هه‌وڵ و ماندووبوونی سه‌رجه‌م پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایش و ناوخۆو تێكڕای فه‌رمانبه‌رانی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بوارى خزمه‌تگوزاریى گشتی به‌رزده‌نرخێنێت و سوپاسی له‌خۆبردوویی و خزمه‌ته‌كانیان ده‌كه‌ین.

ب?اوکردن?و?