ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

ڕۆژی پاش هەڵبژاردن و هەندێك شتی تر

ڕۆژی پاش هەڵبژاردن و هەندێك شتی تر د.یاسین تەها دوو ڕۆژی دیكە دەچینە نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، پاش تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر ئەزموونێکی هاوشێوە کە پڕی پێشهات بوو، ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاواز بكات لەوانی تر. لە نێو تەوەرە فرەڕەهەندەكانی هەڵبژاردندا ئەم چەند تەوەرەیە دەشێت جێگەی هەڵوێستە و تێڕامان بن: 1_ هەڵمەتی هەڵبژاردن: لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2024 دا هەندێک لایەنی ئەرێنی و لە هەمان کاتیشدا هەندێك لایەنی نەرێنی هەبوون كە لێكەوتەیان لەسەر پرۆسەكە و دەرهاویشتەكانیییەوە دەبێت: لایەنە ئەرێنییەکان: _ ئاستی بەریەککەوتنی گوتار تا ڕادەیەك زۆر بەرز بوو، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە توندوتیژی و پەلاماردان لە هەڵمەتەكەدا شیاوی باس نەبوو بەراورد بەو جۆش و خرۆشە، ئەمەش پێشهاتێکی باشە بۆ گۆڕینی میکانیزمی ململانێ لە وڵاتێکدا کە هێزی چەکداری جۆراوجۆری تیایە و هێشتا کاریگەرە بە لێکەوتەکانی شەڕی ناوخۆ و هەمیشە تارمایی شەڕی بەسەرەوەیە. _ لە هەڵمەتەکاندا بەکارهێنانی خەبات و ڕابردوو زۆر پاشەکشەیانکرد، لە بەرامبەردا گفت و بەڵێنەکان دەربارەی ئێستا و داهاتووی ژیان و گوزەرانی خەڵک هەڵكشان، کەمتر "خەباتی شاخ" و "قوربانی" و "شەهیدان" کرانە کەرەستەی هەڵمەتەکان کە نەوەی ئێستا زۆر تێی ناگەن و زۆرجاریش موزایەدە و زێدەڕۆیی و ئاوەژووکردنی تێدەکەوێت. _ سەركردە و بەرپرسەكان ناچاربوون گرنگی بە ڕای گشتی بدەن و بچنە ناو خەڵك و كۆبوونەوە جەماوەرییەكان گرنگی زۆریان پێدەدرا، ئەمەش گەڕانەوەی گرنگییە بۆ ڕای خەڵك كە لە بنەڕەتدا دەبێت ئەوان سەرچاوەی شەرعیەت بن. _ سەرباری پەرتەوازەیی زۆری لیستە ڕكابەرەکان، جەمسەرگیرییەکان لەسەر بنەمای دەسەڵاتدار و ئۆپۆزیسیۆن بوون ئەمەش دەشێت بۆ وێستگە و قۆناغی تر پەرەی پێ بدرێت .حوکمڕانی ئەگەر عەیار 24یش بێت، ڕێسای یاریی دنیای ئێستا وایە کە دەبێت هاوکێشەکە لە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن پێکبێت و ناکرێت و ناشێت هەمووی لە حوكمڕانیدا بەشداربێت. لایەنە نەرێنییەکان: _ بەرزکردنەوەی سەقفی گفت و بەڵێنەکان گەیشتنە ئاستێک دەشێت دواتر ببنە هۆكاری بێهیوایی زیاتر، بەتایبەت ئەوکاتەی بە دڵنیایی کە لانیکەمی ئەو گفتانە جێبەجێ نابن. _ شەڕە قسەو بەریەککەوتنی توند سەرباری لایەنی باشی بەتاڵکردنەوەی حەماسەت و تەزوو کراوەیە بەڕووی ئەگەری خراپیشا کە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تورکیا و ئێرانی دراوسێیە، پرۆسەی سیاسی ئەم دوو وڵاتە پڕیەتی لە شەعبەوییەت و شەڕە قسە، بەڵام بارودۆخ لەسەر ئەرزی واقیع تا ڕادەی زۆر هەروەک خۆیەتی و ناگۆڕێت. _ لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا چەمکی زۆر ئاوەژووکران و فریودان و زانیاری نادروستی زۆر دەرخواردی خەڵک دران، تێكەڵكردنی زۆر هەبوون لە نێوان ئەرکی پەرلەمان و ئەرکی حکومەت، ڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش دواتر ئاسان نییە و پاش هەڵبژاردن یەخەی پەرلەمانتارانی دەرچوو دەگرێت، کاتێکیش کە بە دڵنیایی ناتوانن ئیشی حکومەت بکەن دەکەونە بەر ڕەخنە و تەنانەت نەفرەتیش. _ لە هەڵمەتەکاندا ڕاستییەک فەرامۆش کرا کە وتنی لە بەرژەوەندی ڕکابەرەکان نەبوو، ئەویش ئەوەیە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مەحکوومە بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بۆ مووچە و بودجەش هەر چاوی لە دەستی بەغدا دەبێت و چیتر کوردستان سەرچاوەی تەشریعی دەستکراوە و خاوەن ئابووری و دارایی سەربەخۆ نییە، بەرچاوڕوونی ئەوتۆش لەبارەی هاوکێشەی هێز لەسەر ئاستی فیدراڵی بە خەڵک نەدرا کە زیاتر لە هەمووشت لە ئێستادا كاریگەریی لەسەر كوردستان هەیە. 2_ گرێی بەشداریكردن و بایكۆتكردن: كێشەیەكی گەورەی هەڵبژاردن لە كوردستان و دنیا پاشەكشەی رێژەی بەشداریكردنە. لە كوردستاندا بە پێی هەندێک ڕاپرسی نێوخۆیی و هەندێک ئاماژەی دیکە، ڕێژەی خەڵکی دوودڵ و ڕا ڕا دەربارەی هەڵبژاردن کەم نین، بەشی زۆری ئەمانەش پاساو وهۆکاری خۆیان هەیە کە زەقترینیان چەقبەستنی دۆخی هەرێم و سووڕانەوەیەتی لە نێو بازنەیەکدا بەبێ هەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی دەربازبوون. بەڵام بۆ بەرچاوڕوونی ئەم توێژە ڕەنگە ئەم چەند ڕاستییە گرنگ بن: _ ئەزموونی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەت چوارەم و پێنجەم پێمان دەڵێن؛ نابێت چاوەڕوانی گۆڕانکاری گەورە و بەرچاو بکرێت لە خولی شەشەم، تەنانەت لە خولی حەوتەم و دوای ئەوەش، ئەگەر زەمینەی تر نەڕەخسێت و لەسەر ئاستەکانی دیکە ئەم شێوازە بەڕێوەبردنە گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت، ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و بەشێکی زادە و دەرهاویشەی ژێرخانە کۆمەڵایەتی و بنیاتە کولتوورییەکەیە و تەنیا دەنگدان نایگۆڕێت. _ ڕاستییەکی تر هەیە کە تا هەنووکە هیچ بەدیلێکی دیکەی گونجاو بۆ هەڵبژاردن لە ناوچەکە و دنیادا نییە، عەرەب قسەیەکیان هەیە بۆ ئێمەش کت و مت ڕاستە "إما الانتخاب أو الانقلاب"، بژاردەی دووەمیشیان (كودەتا) لە کوردستاندا ڕوودانی تا ڕادەیەک لە مەحاڵەوە نزیکترە چونکە ئێمە لە چوارچێوەی سیستمێكی تایفی عێراقیداین كە هەمیشە مەترسیمان لەسەرە، جگە لەوەش زیاتر لە جەمسەرێکی دەسەڵات و زیاتر لە گرووپ و دەستەیەکی خاوەن بەرژەوەندی هاوبەش لە كوردستاندا هەن و لە خاڵی كۆتاییدا ڕگرن، هەروەها ڕوونە کوودەتاش تەنیا بەسەر یەک لایەنی شمولیدا دەکرێت کە هەموو شت تەنیا و تەنیا خۆی بێت نەك ئەو تێكچڕژانەی ئێستا. _ ڕێگاکانی گۆڕانکاریی فرە و جۆراوجۆرن و پشوو درێژی پێویستە، هەر هیچ نەبێت دەشێت هەڵبژاردن وەک ڕاپرسییەکی جەماوەری لەبارەی خواست و ویستی دەنگدەر و هەڵوێستی خەڵک لە کارو ئەدای لایەنە سیاسییەکان تەماشا بکرێت و خەڵک لەو ڕێگایەوە پەیامی خۆیان بگەیەنن بەتایبەت كە بەشداریكردن هیچ قورس نییە و تێچووی نییە لەسەر دەنگدەر و هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كراوە. _ سەرباری هەموو ئەمانەش ویستی بەشداریکردن یان بایکۆتكردن؛ بڕیارێکی زۆر تایبەتە و هەر چۆنێک بێت هەر دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت و شیاو نییە هیچ بەرەیەک پلار لەوی دی بدەن. و جگە لە توركیا ڕەنگە كەم هەڵبژاردن هەبن لە دنیا كە رێژەی بەشداریكردن بچنە سەروو 50%. 3_ قۆناغی پاش هەڵبژاردن: ڕەنگە سەرقاڵی هەڵمەتەكان و لۆكاڵی بوونی گوتارەكان هەندێك لە دەوروبەرمان دایبڕیبین، لە ئێستادا ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی (ترەمپ بەتایبەت ئەگەر بگەڕێتەوە)، دەیانەوێت نەخشەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنن. ئەم نەخشەیە لە دەریای ناوەڕاستەوە تا ناو عێراق درێژ دەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا ئێران و باڵ و تەواوكەرەكانی لە ناوچەکە بە هەموو توانایەک کە هەیانە بەرگری دەکەن و دەیانەوێت شکست بەم پرۆژەیە بهێنن، لەم نێوەنەشدا کوردستان لەگەڵ ئەو ململانێ جیۆسیاسییەدا یەخانگیرە و کەشتییەوانی باشی دەوێت لە گێژەڵووکە و تەوژمە چاوەڕوانکراوەکان بیپەڕێنێتەوە، بۆیە گرنگە بە خێرایی گرێی هەڵبژاردن و ئاڵۆزییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێپەڕێنین و بچینە سەر پەڕەی سپی پاش هەڵبژاردن. زۆر گرنگە پرۆسەکە هەر دەرەنجامێکی هەبێت بەخێرایی قبوڵبکرێت، هەر لە ئێستاشەوە مشوری ڕۆژی پاش جێگیرکردنی ئەنجامەکان بخورێت، چونکە ڕوونە کە دەوڵەتانی ناوچەکە بەتەنیا ناتوانن بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببنەوە و ئەوەتا هەموو خەریکی جەمسەرگیری و هاوپەیمانێتین، ئیتر ئەبێ هەرێمێکی بچوک لە نێو دەستوورێکی کاڵ و خاوی دەڵەمەدا چۆن بە پەرتەوازەیی و بەبێ دیگایەكی ڕوون بتوانێت.

ب?اوکردن?و?