ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

وردەکارى وەرگرتنى دەرچوانى پۆلی دوازدەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان

وەزیرى خوێندنى باڵا: هاوشێوەى پێنچ ساڵى ڕابردو؛ ئەمساڵیش زۆرترین ڕێژەى دەرچوانى پۆلى دوانزە لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان وەرگیران وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: هاوشێوەى پێنچ ساڵانى ڕابردو، خۆشبەختانە ئەمساڵیش توانیمان زۆرترین ڕێژەى دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەربگرین. - زۆرترین دەرفەتى خوێندنى بەخۆڕایی بۆ دەرچوان ڕەخسێندرا ... ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (‏03‏/11‏/2024) لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا، کە لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، د. ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکارانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان ئاشکرا کرد، لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی و خێزان و کەسوکاریان، سوپاسى تایبەتى ئەنجومەنى وەزارەت و سەرۆکایەتى زانکۆکان و بەڕێوەبەرى تۆمارى زانکۆکان و ستافى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە بەردەوام هەماهەنگ و هاوکارى وەزارەت بون، وتیشى لە ماوەى ئەم پێنچ ساڵەدا بەردەوام کارمان کردوە بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەت بۆ کچان و کوڕانى خۆمان لە ناوەوەى وڵات بڕخسێنین و بەخۆڕایی درێژە بەخوێندن بدەن. - ئاڵنگارییەکان کران بە دەرفەت ... لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە ئەزمونى کارى وزارى لە وەزارەتەکەى لە ماوەى پێنچ ساڵى ڕابردو کرد و، بۆ ئەوەش وتى: هەرچەندە ئێمە بەخەونى گەورەوە هاتین، بەڵام ئاڵنگارى و ئاستەنگەکان زۆربون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاڕادەیەکى زۆر توانیمان ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکان بکەین بە دەرفەت و کۆمەڵێک دەسکەوتى هەمەجۆر لە بوارى خوێندن بۆ کچان و کوڕانى وڵاتەکەمان بەدى بهێنین، هەر لە ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن بە خۆڕایی تا داکشاندنى کرێى خوێندن بەسیستمى پارالیل و ئێواران بەڕێژەى (% 45) و زیاتر، هیواشى خواست کابینەى دەیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە زوترین کات پێک بێت تا بتوانن بەردەوامى بەو کاروپڕۆژانە بدەن، کە نیشتیمان و وڵاتەکەمان پێویستیان پێیى هەیە. وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەونیەکەى تەرخان کرد بۆ وەرگرتنى دەرچوانى پۆلى دوانزە لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: هاوشێوەى پێنچ ساڵانى ڕابردو، خۆشبەختانە ئەمساڵیش توانیمان ڕێژەى (٩٦%)ن دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەربگرین. - بۆ ئەمساڵى خوێندن (53079) دەرچوى ئامادەییەکان لە زانکۆ حکومیەکان وەرگیراون ... لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا باسى لە وردەکارى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا وتى: سوپاسى وەزارەتى پەروەردەو بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان دەکەم، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بون بەتایبەت لە پرۆسەى گواستنەوەى داتاکانى دەرچوانى دوازدەى ئامادەیی، هەروەک سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەم، کە پاڵشپت و پشتگیرى بەردەوامى کارەکانمان بوو و پیداگرى بەڕێزیان وایکرد، توانیان دەرفەتى خوێندن بۆ سەرجەم دەرچوانن بڕخسێنن. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە وردەکارى داتاکان کرد و بۆ ئەوەش وتى: پلانى گشتى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) بریتى بوو لە (64761)، هاوکات کۆى گشتى ژمارەى دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بریتى بو لە (56130) دەرچو، لەو ژمارەیەدا (45852)دەرچویان فۆرمى زانکۆلاینیان پڕکردەوە، هاوکات (2471) پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵی (2023) فۆرمیان پڕکردەوە، لەگەڵ (7548) پێشکەشکار لەدەرچووانی ساڵانی ڕابردوو، بەو شێوەیە کۆى پێشکەشکاران ژمارەیان گەیشتە (55871) قوتابى و خوێندکار، لە ئەنجامدا (51579)یان وەرگیران، بەشێوەیەک وەرگیراوی دەرچوانی ئەمساڵ بریتى لە (44215) و، وەرگیراوانی ساڵانی ڕابردووش بریتیە لە (7364) پێشکەشکار، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون ئەوەشى ڕاگەیاند لە ئێستادا (13299) کورسى خوێندن بە بەتاڵى ماوەتەوە. لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندان و بەدواداچون ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردو (96 %) دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، تەنها ژمارەیەکى کەم لە پێشکەشکاران نەبێت، کە ژمارەیان تەنها (1763) خوێندکارە، کە بەهۆى هەڵە لە پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان ناویان نەهاتۆتەوە، ئەوانیش بەپێى نمرەکانیان لە بەشە شایستەکان جێگەیان دەکرێتەوە، بەوەش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (100 %)، کە ئەوەش بریتیە لە سود وەرگرتن لەوپەڕى تواناى زانکۆکانمان، بۆ ئەوەش سوپاسى تەواوى سەرۆک زانکۆ و مامۆستایانى بەشە جیاکانى کرد، کە هاوکار و پشتیوانى وەزارەت بوون. - ژمارەى وەرگیراوانى ئامادەیی پیشەییەکان گەیشتە (696) دەرچوو ... لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەیدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون باسى لە دەرچوانى خوێندنگە پیشەییەکان کرد و، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئەمساڵ بۆ یەکەمینجارە دەرچوانى خوێندنگە پیشەییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەرچوانى ئامادەیی شوێنى وەرگرتنیان ڕادەگەێندرێ، وتیشى ژمارەى دەرچووى ئامادەییە پیشەییەکان لە ساڵى خوێندنى (2023-2024) و، ساڵانى پێشتر گەیشتە لەو پرۆسەیەدا (1145)، لە ئەنجامدا (696)یان وەرگیران و، (138)ى دیکەیان وەرنەگیران، هاوکات (311) دەرچوى پیشەیی فۆرمى داواکاریان پێشکەش نەکرد. - بۆ یەکەمینجارە وەرگیراوانى ناوچە کوردستانیەکان لەگەڵ زانکۆلاین بڵاودەکرێتەوە ... بۆ دەرچوانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، د.خەتاب شێخانى ڕایگەیاند: ژمارەیان لە ساڵى خوێندنى (2023-2024) گەیشتە (1353)، لەو ژمارەیەدا و لە ئەنجامى ئەوانەى فۆرمى (زانکۆلاین)یان پڕکردبوەوە، توانرا (804) دەرچویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان وەربگیرێن، هەروەک (372)یان وەرنەگیران، جگە لەوەش (177) داواکارى وەرگرتنیان پێشکەش نەکرد، د.خەتاب شێخانى ئاشکرایکرد؛ جیاواز لە ساڵانى ڕابردو، ئەمڕۆ دەرچوانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەرچوانى هەرێمى کوردستان شوێنى وەرگرتنیان ڕادەگەێندرێ و، بەهەمان پرۆسە دەتوانن شوێنى وەرگرتنیان لە وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ (regayzanko.com) بدۆزنەوە. - وەرگیراوان دەتوانن لە ڕێگەى (https://www.regayzanko.com/ ) شوێنى وەرگرتنیان بدۆزنەوە ... لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، م. ئارام ئیبراهیم قەنبر بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن باسى لە چۆنیەتى پێشکەشکردنى سکاڵا لە ڕێگەى زانکۆلاین کرد و، ڕاشیگەیاند لە ئێستاوە دەرچوان دەتوانن لە ڕێگەى (https://www.regayzanko.com/ ) دەتوانن بەهەمان پاسۆرد و یزەرنەیمى تایبەت بەخۆیان شوێنى وەرگرتنیان بدۆزنەوە، ئەوانەشى وەرنەگیراون دەتوانن لەو بەشانەى دێتە بەردەستیان دەتوانن بەشێک دیارى بکەن تا لە پرۆسەى وەرگرتن بێبەش نەبن.

ب?اوکردن?و?