ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی لەزانکۆ و پەیمانگاکان ڕاگەیەندرا

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢١-٢٠٢٢) ڕێژەى (١٠٠%) کورسى خوێندنى بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى دابینکردوە، کە ئەمەش زیاترە لە ژمارەى پێشکەشکارانى ئەمساڵ، لە ئەنجامدا (٨٢%) دەرچوان لە زانكۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بەمەش کۆى گشتى وەرگیراون بە سیستمە جیاوازەکان بریتیە لە (٤٣٢٧٧) دەرچو. ئەمە جگە لە (٤٠٦٧) کورسى کە بە بەتاڵى ماوەتەوە. ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (٢٥/١٠/٢٠٢١) لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، وردەکارى و داتاى وەرگیراوانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەهەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ڕاگەیاند. لەدەسپێکدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى پیرۆزباى لەدەرچوانى پۆلى دوانزە کردو ڕایگەیاند خوێندکاران سەرمایەى مرۆیى گرنگى ئەم هەرێمەن و ئێمە وەک وەزارەت تەواوى ئامادەکارى و پشتیوانیان دەبین بۆ سەرکەوتنیان لەپرۆسەى خوێندن. ڕاشیگەیاند: لەماوەى ڕابردو لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە لەسەر هێڵ بوین و ئەمڕۆش ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین. بۆیە جێگەى خۆیەتى سوپاسى وەزارەتى پەروەردەو تەواوى زانکۆکانى کوردستان و ستافى وەزارەت بکەین. لەبارەى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى وتى: لەسەر راسپاردەى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەمەبەستى ڕەخساندنى دەرفەتى خوێندن بۆ دەرچوان، پلانى وەرگرتن بۆ دەرچوان زیادکرا، بۆ ئەمەش وەزارەت ڕێژەى زیاتر لە (١٠٠%) کورسى خوێندنى بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى تەرخانکرد، کە ئەمەش زیاتر بو لە ژمارەى پێشکەشکارانى ئەمساڵ، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک لە دەرچوان بەهۆى هەڵە پڕکردنەوەو هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان وەرنەگیراون. سەبارەت بە ژمارەى وەرگیراوانیش، ئاماژەى بۆ ئەوە کرد دواى کاراکردنى زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى (٤٥١١٣) دەرچوى ئەمساڵ و (٤١٤٢) دەرچوى پار ساڵ و (٣٢٧٧) لە دەرچوانى ساڵانى ڕابردو داواکاریان پێشکەشکرد بۆ وەرگرتن، کە کۆى گشتى پێشکەشکاران بریتی بو لە (٥٢٥٣٢) دەرچو. لەئەنجامدا (٤٣٢٧٧) دەرچو کە دەکاتە ڕێژەى (٨٢%) لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران. وتیشى: (٧٩٤٣) دەرچو بەهۆى هەڵە پڕکردنەوەو هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان لە قۆناغى یەکەمدا وەرنەگیراوان کە ڕێژەکەیان بریتیە لە (١٨%). لەهەمان کاتیشدا (٤٠٦٧) کورسى بەتاڵ ماوتەوە، بۆیە ئەم ژمارەى کە وەرنەگیراوە لە ڕێگەى سیستمەکەوە دەتوانن یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن کە کورسى بەتاڵى هەیە، ئەمەش لە ڕێگەى پرۆسەى سکاڵا و وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ دەبێت کە لە ئەمڕۆوە کارا دەبێت بۆ ماوەى یەک هەفتە، کاتێک پێشەکەشکارەکە بەهەمان یوزەرنەیم و پاسۆرد دەچێتە نێو سیستەمەکە ئەوا سیستەمەکە بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى کورسەیە بەتاڵەکان دەخاتە بەردەست کە مافى وەرگرتنى تێدایە. لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ئاماژەى بۆ ئەوە کرد سەرەڕاى وەرگرتنى ئەم ژمارە لە دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەشێکى تر لە دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە ڕێگەو میکانیزى جیاوازتر وەردەگیرێن کە بریتیتن لە: (سیستمى پۆلیتەکنیک، پێشکەشکارانى کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، خوێندنگە نێودەوڵەتیەکان، یەکەمى پەیمانگەکان، دەرچوانى ئامادەییە پیشەییەکان). بەم پێیەش ژمارەى وەرگیراوان زیاد دەبێت. لەلایەن خۆشیەوە ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن دەرچوانى پۆلى دوانزەی ئامادەیی ئاگادار كرد، لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمەکانیان پێ‌ بڕكردبوە دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون. لەبارەى پێشکەشکردنى سکاڵاش وتى: ئەو دەرچوانەى سکاڵایان هەیە بەهەمان پاسۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیستمەکەو دەتوانن سکاڵا پێشکەش بکەن بۆ ماوەى یەک هەفتە پێشکەشکردنى سکاڵا بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە پەیوەندى کردن بە زانکۆکان، ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن وتى: وەرگیراوان بە جێبەجێکردنى ڕێککارە تەندروستیەکان لە سبەینێ وە خۆیان لە زانکۆکان تۆمار بکەن، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى ناوەکان پێویست ناکات هیچ وەرگیراوێک سەردانى وەزارەت بکات بەڵکو بۆ هەر پرسیار و مامەڵەیەک سەردانى تۆمارى گشتى زانکۆکان بکەن. لە کۆتایى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ئەنجومەنى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و مامۆستایانى کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان و هاوکاریان بۆ وەزارەت، هەروەک سوپاسى ناوەندى وەرگرتنى لە دیوانى وەزارەت کرد بۆ هەوڵەکانیان لەم ماوەیەدا بۆ وەرگرتنى دەرچوان.

ب?اوکردن?و?