ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

وتار: کۆنگرەی پەروەردەیی چی دەگۆڕێت؟



وتار: کۆنگرەی پەروەردەیی چی دەگۆڕێت؟
یونس سلێمان ئەحمەد

دوێنی لەشاری هەولێر کۆنگرەی پەروەردەیی دەستپێکرد، ئەم کۆنگرەیە دوای ‌هەشت ساڵ دێت لە ئەنجامدانی کۆنگرەی پەروەردەیی لەساڵی 2007 ئەوەی لەناو کەرتی پەروەردەدا بێت باشتر دەزانێت کە کایەی پەروەردە لە کوردستان چەند کێشە و گرفتی هەیە و ساڵ دوای ساڵ ئاستەنگەکان بەردەم پەروەردە لەکوردستان زۆر دەبن و وەزارەتی پەروەردە کە لایەنی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیە نەیتوانیوە کێشەکان چارەسەربکات، بگرە زۆرجار لەڕێگای بڕیارە سەیر و سەمەرەکانیەوە کە کەسانێک دای دەنێن زۆربائاگان لە پەروەردە کێشەکانی زیاتر کردووە.

بەداخەوە ئەوانەی بەشداری کۆنگرەی پەروەردەیی دەکەن کەسانێک زۆر بێ ئاگان لە پەروەردەو هەندێکیش هەیە تەنانەت بۆ تەنیا ڕۆژێکیش لەیەکێک لە دامودەزگاکانی پەروەردە کاری نەکردووە، بەڵام بەهۆی مەحسوبیەت بەشداری دەکات.

کۆنگرەی پەروەردەیی لەکاتێکدا دەبەسترێت کە کوردستان بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕدەبێت لەلایەن بوونی شەڕی داعش لەکوردستان و لەلایەکی تری بوونی قەیرانێکی دارایی گەورە کە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو هاوڵاتیان دروستکردووە.

لە کابینەی پێنج کۆنگرەیەکی بەرفراوانی پەروەردەیی بەسترا کە گۆڕانکاری بنچینەیی ئەنجامدا لەسیستەمی خوێندن لەکوردستان ئەوکات زۆربەمان هیوامان وابوو کە کۆنگرە بتوانێت گرفتەکانی پەروەردە چارەسەربکات، کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی تری جیهان بێتە خاوەنی پەروەردەیەکی هاوچەرخ کە خوێندکاران و مامۆستایان لەسایەیدا هەست بەئارامی بکەن، نەک بێتەهۆی دروستبوونی نائۆمێدی، بەڵام بەداخەوە هەرزوو وەزارەتی پەروەردە کەوتە پەشمانبوونەوە لە بڕگەکانی ئەو سیستەمەی کە لەکۆنگرەدا بڕیاری لەسەردرابوو، بەتایبەتی پرسی تاقیکردنەوەکان کە بە کۆڵەکەیەکی سەرەکی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن دادەنرێت، هەر گۆڕانکارییەک لەم بڕگەیەدا کاردانەوەی زۆر بەدوای خۆیدا دەهنێت.

گۆڕنکارییە زۆر و کتوپڕەکان وەزارەتی پەروەردە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوەی پێ وتین، هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ چاکسازی بنەڕەتی لەکەرتی پەروەردە لەکوردستان تادێت گرفتەکان ئەم کەرتە زۆرتر دەبن.

پێش ئەنجامدانی ئەم کۆنگرەیە وەزارەتی پەروەردە بە پەلە چەند کۆنفرانسێکی لەشارەکانی کوردستان ئەنجامدا، بەبێ بەشداری مامۆستایان کە ئەوان دەزانن پەروەردە لەچ قەیرانێکی قوڵادایە، بەشداری پێنکردنی کەسانی ئاگادار لە کۆنفرانس و کۆنگرە پرسیاری جدیی لەسەر نیەتی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی دروستدەکات.

بەداخەوە دەبێت لەباتی ئەوەی گەشبین بین بۆ داهاتووی پەروەردە لەکوردستان ئەوا ڕەشبین دەبین و چاوەڕوانی هیچ شتێکی نوێی لەم کۆنگرەیەی وەزارەتی پەروەردە ناکرێت تەنیا دەرکردنی چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەکی نەگونجاو لەگەڵ سروشتی کوردستان نەبێت کە مەگەر بەس وەزارەتی پەروەردەی خۆی بزانێت چ دەرئەنجامێکی دەبێت.
بەهیوایئ ئەوەی ئەو ڕەشبینیەی ئێمە ڕاست نەبێت کوردستان بێتە خاوەنی پەروەردەیەکی هاوچەرخ و سەردەمی.

یونس سلێمان ئەحمەد 



ب?اوکردن?و?