ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

بڕیارەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی لەبارەی تاقیکردنەوەکانەوە


بڕیارەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی لەبارەی تاقیکردنەوەکانەوە
کۆنگرەی پەروەردەیی ژمارەیەک ڕاسپاردەی سەبارەت بەئەزموونەکان دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکانیش؛ تاقیکردنەوەکان لەساڵی داھاتوەوە لە ١٠٠% ھەڵبژاردن نامێنێت و گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، جەختیشدەکاتەوە؛ ئەو بیانیانەی دێنە کوردستان، "دەبێت فێری زمانی کوردی ببن".
ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک ڕاسپاردەی کۆنگرەی پەروەردەیی لەبارەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی ئەمساڵەوە بڵاوکردۆتەوە کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتووە، ئەوانیش:
١ـ تاقیکردنەوەکان لەساڵی داھاتوەوە (٤٠%)ی نوسین و لە(٦٠%)یش ھەڵبژاردن دەبێت، واتە (١٠٠%) ھەڵبژاردن نامێنێت, جگە لەتاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلی (٩)ی بنەڕەتی و (١٢)ی ئامادەیی کە وەک خۆی ماوەتەوەو لە(١٠٠%) ھەڵبژاردن دەبێت.
٢ـ (١٠) نمرەی پۆلی (١٠)ی ئامادەیی و (١٠) نمرەی پۆلی (١١)ی ئامادەیی ھەژماردەکرێت بۆ پۆلی (١٢)ی ئامادەیی، بۆ ئەو خوێندکارانەی ساڵی خوێندنی (٢٠١٥ ـ ٢٠١٦) لەپۆلی ١٠ی ئامادەیی دەبن یان لەو قۆناغە ماونەتەوە.
٣ـ بۆ دوو ساڵی داھاتوو (واتە ئەو خوێندکارانەی ئەمساڵ لەپۆلی ١٠ی ئامادەیین) ھەژمارکردنی نمرەکانی پۆلی (١٠ و ١١) بۆ پۆلی (١٢) ئیختیاری دەبێت.
٤ـ بۆ ئەوەی بەشێک لەو گلەییانە نەمێنێت لەسەر مامۆستایان کە گوایە نادادپەروەرن لەپێدانی نمرەی پۆلی (١٠ ـ ١١)، بڕیاردرا تاقیکردنەوەی ھەردوو وەرزی یەکەم و دووەمی پۆلی (١٠ ـ ١١)ی ئامادەیی ببێتە ((مەرکەزی)).
٥ـ بڕیاردرا بەخشین بۆ ھیچ خوێندکارێک نەمێنێت، ئەو بیانیانەی کەلەدەرەوە دێنە کوردستانیش پێویستە فێری زمانی کوردی ببن و ئەو کوردانەشی لەدەرەوە دەگەڕێنەوە دەبێت زمانی شیرینی کوردی فێربن، بەڵام پڕۆگرامێکی تایبەتیان بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی فێری نوسین و زمانەکەش ببن.
٦ـ پەڕینەوە (عبور) بەھیچ جۆرێک نەما لەقۆناغی بنەڕەتی و ئامادەیی، بەڵام ھەر خوێندکارێک لەیەک وانە (٤٠) نمرەی ھەبێت لەخولی یەکەم یان دووەم ئەوە بەدەرچوو ھەژماردەکرێت و دەتوانێت سود لەنمرەی بڕیاریش وەربگرێت.
٧ـ بڕیاردرا قۆناغی بنەڕەتی (١ تا ٩) ببێت بەدوو بازنەی سەربەخۆ: (١ تا ٦و ٧)، بەئیدارەی سەربەخۆوە.
٨ـ تاقیکردنەوەی نیشتیمانی کە پێشتر لەپۆلی پێنجی بنەڕەتی ئەنجامدەدرا، لەساڵی داھاتووە لەپۆلی شەشی بنەڕەتی ئەنجامدەدرێت، تەنھا بۆ ھەڵسەنگاندنی ئاستی زانستی مامۆستاو مەکتەبەکە، (١٠) یەکەمەکەی سەر ئاستی پارێزگا خەڵاتدەکرێت و خوێندنگەکەش ڕێزو سوپاسی پێدەدرێت.
٩ـ تاقیکردنەوەی گشتی بۆ پیشەیی نامێنێت، تەنھا بۆ ئەو خوێندکارانە ئارەزووی خوێندنیان ھەیە لەزانکۆو پەیمانگەکان تاقیکردنەوەی گشتی ئەنجامدەدەن بەمەبەستی کێبڕکێ بۆ زانکۆو پەیمانگەکان.

ب?اوکردن?و?