ماڵپەڕى زەڕایەن نیوز

ماڵپەڕى زەڕايەن نيوز تايبەتە بەهەوا‌ڵ و ڕووداوە‌کاني سنوري زەڕايەن و شاره‌زوور

چەند بڕیارێکی نوێ لە پارێزگای سلێمانیەوە لەبارەی کۆرۆناوە

چەند بڕیارێکی نوێ لە پارێزگای سلێمانیەوە لەبارەی کۆرۆناوە


ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە دیوانی پارێزگادا بە ئامادەبوونی بەڕێزان جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری هونەری و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی (تەندروستی و گەشتوگوزار)و بەڕێوەبەرانی کاروباری ناوخۆو هەماهەنگیی قەیرانەکانی پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ بەڕێزان قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ڕێکارو ڕێنمایی و بڕیارو هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆناو هەماهەنگیی تەواو لەنێوان یەکە کارگێڕییەکاندا کران. 
لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا:
١. بەپێی بەیانی ژمارە (١٥)ی ساڵی (٢٠٢٠)ی وەزارەتی ناوخۆ، هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاو پارێزگاکانی تری هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکاندا ڕادەگیرێت، تەنها بۆ ئەو لایەنانە نەبێت، کە لە بەیاننامەکەدا دیاریکراون، بۆ باری تایبەت و سەردانی دیاریکراو بۆ پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک لەڕێی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانیەوە دەبێت، بۆ (کەرکوک لەڕێی قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی خۆرئاوای سلێمانی)، بۆ (پارێزگای هەڵەبجە لەڕێی قائیمقامی قەزای سەیدسادق و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە)، بۆ (ئیدارەی ڕاپەڕین لەڕێی قائیمقامی قەزای دوکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە)، بۆ (ئیدارەی گەرمیان لەڕێی قائیمقامی دەربەندیخان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشەوە) دەبێت بە ئاگاداری پارێزگاری سلێمانی.
٢. هاتووچۆ لەنێوان هەموو گوندو ناحیەو قەزاکانی سنوری پارێزگای سلێمانیدا کەمدەکرێتەوەو داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت تەنها لە حاڵەتی پێویستدا سەردانی شوێنی تر بکەن.
٣. دەسەڵاتی تەواو دراوەتە بەڕێزان سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان (قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان)، کە بازاڕەکان ڕێکبخەنەوەو چاودێری وردی نەهێشتنی قەرەباڵغی و پاکژکردنەوەو نرخ و کوالێتی بازاڕو کاڵاکان بکەن.
٤. دەسەڵاتی تەواو دراوەتە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان (قائیمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان)، هەر جووڵەو کۆبوونەوەو بۆنەو چالاکییەک لە سنوری یەکە کارگێڕییەکانیاندا بەپێی تایبەتمەندی ناوچەکانیان ڕابگرن لەپێناوی تەندروستی گشتیدا.
٥. بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هاوکاری تەواوی یەکە کارگێڕییەکان دەبێت بۆ چاودێریکردنی ڕەوشی تەندروستی و ڕاهێنان و گەیاندنی خزمەتگوزاریی و ڕێنماییە تەندروستیە پێویستیەکان.
٦. دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕێکدەخرێتەوەو چاودێری زیاتری بارهەڵگرو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەکرێت و تیمی تەندروستی و هێزی زیاتری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و هێزەکانی پاسەوانی سنور لە دەروازەو خاڵە سنورییەکاندا جێگیر دەکرێن.
٧. هەموو چالاکییەکی وەرزشی و پاڵەوانێتی و خولی یانەو تیپە میللییەکان تا کاتێکی نادیار لە سنوری هەموو یەکە کارگێڕییەکاندا ڕادەگیرێن.
٨. هێڵی خزمەتگوزاریی (هۆت لاین) ئەمڕۆ لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی لەسەر ژمارە (١٢٢) ڕاگەیەندراوەو داوا لە هەموو یەکە کارگێڕییەکان کرا هاووڵاتیانی خۆیان لەم هێڵ و خزمەتگوزارییە ئەلکترۆنییە ئاگادار بکەنەوە، کە بەشێوازێکی شایستە لەڕێی تەلەفۆنەوە بەبەردەوامی (٢٤) سەعات و بەبێ بەرامبەر ڕێنمایی و ڕاوێژو ئاراستەکردن و پشکنین و چارەسەرسازیی پێشکەش دەکەن لە بواری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆناداو دەبێتە تاقیگەیەکی پێشکەوتووی خێرا لە هەر ماڵێکدا.
٩. شوێنە گشتیەکان کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک تیایدا کۆدەبنەوە دادەخرێن لە نموونەی (شەقامی سالم (سەهۆڵەکە)، چایخانەی شەعب، بازاڕی دۆلارەکە، بازاڕە داخراوەکان، چایخانە قەرەباڵغەکان، دامەزراوە گەشتیارییەکان) و هەر شوێنێکی تریش پێویست بکات بەپێی تایبەتمەندی ناوچەیی و دانیشتوانی سنوری یەکە کارگێڕییەکان دادەخرێن.
١٠. پرسەدانان و چوونەسەر ئارامگای ئازیزان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیەو رێکاری پێویست بەرامبەر هەر سەرپێچیکارێک دەگیرێتەبەر.
١١. ئارایشتگاو سەرتاشخانەو هەر شوێنێکی تایبەت کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لەخۆبگرێت بەپێی ڕێنمایی قائیمقامیەتەکان دادەخرێن.
١٢. پارێزگاری سلێمانی داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە لە کرێی مانگێک یان دوو مانگی موڵکەکانی حکومەت ببورێت و داوا لە خاوەن موڵکە تایبەتیەکانیش کرا هەمان هەڵوێستی جوامێرانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بنوێنن.
١٣. لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و وەزارەتی تەندروستییەوە، پارێزگاری سلێمانی داوا لە هەموو نەخۆشخانە ئەهلی و تایبەتەکان دەکات نرخی هەموو خزمەتگوزاریی و پشکنین و نەشتەرگەرییەکانیان لە ٢٥٪ بۆ ٤٠٪ کەمبکەنەوە بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتیان و کەرتی گشتی.
١٤. داوا لە هەموو کۆمپانیاو کارگەو دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت کرا کە دەوامی کارمەندانیان ڕێکبخەنەوە بەپێی ئەم بارودۆخەو ژمارەی کارمەندەکان لە دامەزراوەکاندا بەپێی ڕێنماییە تەندروستیەکان کەمبکەنەوەو پرۆسەی پاکژکردنەوەو دەرمانپژان و خۆپارێزیی و دابینکردنی پێداویستیەکانی پاکژکردنەوە بۆ هەموو شوێنەکانیان دابین بکەن.
١٥. پێویستە هەموو مۆڵ و دامەزراوە گەشتیارییەکان و لەسەر ئەرکی خۆیان و بە چاودێری لایەنە حکومیەکان پاکژکردنەوەو دەرمانپژاندن جێبەجێ بکەن، لەژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و قائیمقامیەتی سلێمانی.
١٦. هەموو سەنتەرو دامەزراوەو شێڵتەرو خانەکان پاکژدەکرێنەوەو دەرمانپژ دەکرێن، لەڕێی تیمە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.
١٧. تیمە هاوبەشەکان لەژێر چاودێری سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکاندا لە سەنتەری شاری سلێمانی و قەزاکاندا بەردەوام دەبن لە پرۆسەی پاکژکردنەوەو دەرمانپژاندنی شەقام و شۆستەو شوێنە گشتییەکاندا.
١٨. لیژنەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان پێکهێنرا بۆ دیاریکردنی ئەو شوێن و ناوچەو هاوینەهەوارە گەشتیارییانەی کە پێویستە لە یادەکانی نەورۆزدا دابخرێن و لە قەرەباڵغی بەدووربن، بەپێی ڕێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی.
١٩. هەموو نووسینگەی گەشتیاری و بڕینی تکتی فڕۆکە ئاگادارکراونەتەوە کە لیستی ناوی ئەو خێزانانە پێشکەش بە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بکەن بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپاو دەرەوە دەگەڕێنەوە، هەر هاووڵاتیەک هەوڵی بەلاڕێدابردن و شاردنەوەی شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتکردنی بدات، ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
٢٠. بەسوپاسەوە فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی پشتیوانی هەنگاوو ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێی و یەکە کارگێڕییەکان دەبێت و هەر سەرپێچیکردن و چەواشەکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و گومان دروستکردنێک بۆ هاووڵاتیان و هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان، ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
٢١. تا ڕۆژی (١٦ /٣ /٢٠٢٠) ڕێ بە هاتنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە دەروازەکانی (باشماخ، پەروێزخان، حاجی ئۆمەران)ەوە دەدرێت کە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوماوەیە ڕێ بە کەس نادرێت تا کاتێکی نادیار.
٢٢. هەر هەڵگرێکی پاسپۆرت و ڕەگەزنامەی غەیرە عێراقیی بەبێ رێکاری یاسایی نشینگەو ئاسایش لە هەر شوێنێکی پارێزگای سلێمانیدا دەستگیربکرێت ڕەوانەی وڵاتەکەی خۆی دەکرێتەوە.
٢٣. پێویستە هەموو لایەک پابەندی تەواوی بڕیارو ڕێنماییە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، هەرکەس سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەریدا دەگیرێتەبەر.

ب?اوکردن?و?