پارێزگاری سلێمانی پەیامێک ئاڕاستەی هاونیشتیمانان دەکات
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پەیامێک ئاڕاستەی هاونیشتیمانانی دەکات ڕایگەیاند "پابەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیارییو دانشمەندییو گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانە، بۆیە شایانی سوپاس و ستایشو پێزانینێكی زۆرن، كە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خوداو هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایی".
لەبەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت " ئەم كارەساتەی لەڕێی ئەم پەتایەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، وانەی نوێو بەبیرداهێنانەوەی ئەزمونو كەلتورە جوانەكانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەر لە چارەنووسی هاوبەشەوە، تا دەگاتەوە بەیەكەوە ڕووبەڕووبوونەوەو، یەكتر خۆشویستنو ئەزمون ئاڵوگۆڕكردن، هەوڵدان بۆ زاڵبوون لە هەموو كەسو پنتێكدا بۆئەوەی هەڕەشەكان جارێكیتر دووبارەنەبنەوە.
لەهەمان كاتدا ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكییو چارەسەرسازییو ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێكبخەینو یەكبخەین".
دەقی پەیامەکە:
هاونیشتمانانی خۆشەویست
پابەندیی و خۆپارێزیتان، خۆڕاگریی و خۆبەخشیتان، نیشانەی هۆشیارییو دانشمەندییو گیانی بەرزی بەرپرسیارێتیانە، بۆیە شایانی سوپاس و ستایشو پێزانینێكی زۆرن، كە بەهۆی خۆڕاگریتانەوە بە پشتیوانی خوداو هیمەتی مەردان، دۆخە سەختەكان پێدەنێنە قۆناغەكانی كۆتایی.
ئەم كارەساتەی لەڕێی ئەم پەتایەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، وانەی نوێو بەبیرداهێنانەوەی ئەزمونو كەلتورە جوانەكانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەر لە چارەنووسی هاوبەشەوە، تا دەگاتەوە بەیەكەوە ڕووبەڕووبوونەوەو، یەكتر خۆشویستنو ئەزمون ئاڵوگۆڕكردن، هەوڵدان بۆ زاڵبوون لە هەموو كەسو پنتێكدا بۆئەوەی هەڕەشەكان جارێكیتر دووبارەنەبنەوە.
لەهەمان كاتدا ئەم دۆخە تەندروستیەی ئێستا بەسەر جیهاندا هاتووە، دۆخێكی ئابووری نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو لە ئایندەیەكی نزیكدا دۆخێكی نوێتر دەهێنێتە كایەوە، كە پێویست دەكات سەبەتەی خۆراكییو چارەسەرسازییو ئاسایشی ئابووریش، بەهەمان شێوەی ئاسایشی تەندروستیی ڕێكبخەینو یەكبخەین.
بۆیە دڵسۆزانەو خزمەتكارانە، داوا لە هەموو ئێوەی ئازیز دەكەم، كە كۆتایی بە بەهەدەردانی خۆراك و پێداویستیەكانی ڕۆژانە بهێنن، ئەوەندە بەكاربهێنن كە پێویستیانە، بۆئەوەی هیچ بەشو ژەمەخۆراكێك زیاد لە پێویست نەبێتو نەكرێتە سەبەتەی خۆڵەكانەوە، هەروەها داواتان لێدەكەین زیاد لە پێویستی خۆتانو خۆراكو پێداویستیەكان مەكڕن، چونكە هەموو ئەمانە ئەگەری خراپبوونو كۆنبوونو بەسەرچوونیان هەیەو سەرەتایەكی ترسناك دەبن بۆ برەودان بە گیانی خۆپەرستییو خوڵقاندنی قەیرانی ئابووریی.
داوا لە ماركێتو دوكانەكان دەكەین، زیاد لە پێویستی خۆیانو خواستی كڕیارەكانیان خۆراكو كەلوپەلی پێویست تاقت نەكەن، چونكە لە ئەگەری هەر خراپبوونو تێكچوونێكدا خۆیان بەرپرسیار دەبنو زیان بە ئاسایشی خۆراكو ئابووریی نیشتمانی دەگەیەنن.
داوا لە كۆمپانیا بازرگانیەكانی خۆراكو پێداویستیە سەرەكیەكانیش دەكەین بەهەمان گیانی مرۆڤدۆستییو نیشتمانیانەیانەوە بەردەوامبن لە دابینكردنی پێداویستیەكانو بە بەرنامەیەكی شیاو بەردەوامیی بە سوڕی بازرگانییو ئابوورییو دابینكردنی پێداویستیەكان بدەن وەك لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ بەڕێزتاندا دیاریمانكردووە.
هەموولا دڵنیا دەكەینەوە، كە جوڵەو ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەردەوامە، خۆراكو سوتەمەنییو كاڵاو پێداویستیەكان بە قەبارەی زۆرو شیاو لەبەردەستدان، هەموویان لەژێر كۆنترۆڵی وردی چاودێری نرخو جۆرو قەبارەو دابەشكردنی شیاوانەدان، بە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، جیهان دوچاری دۆخێكی سەختی ئابوورییو بازرگانیی دەبێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا، هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی دەبێت، كە وەك ناوچەیەكی ئارامی پاكی تەندروستیی ببێتە ناوەندێكی بازرگانیی و ئابووریی گرنگ.
بۆیە خۆپارێزییو پابەندیتان، بەهێزكردنی كەلتوری دەستپێوەگرتنو بەهەدەرنەدانو لەخۆگرتنەوە، ئەوەندەی تر زەمینەی ئەو دەرفەتە نێودەوڵەتیانە، لە ناوخۆدا پتەوو بەهێزو لەبار دەكات.
شادو سەربەرزو سەركەوتوو بن..
د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
پارێزگاری سلێمانی