
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (14/10/2025) لە میانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەیدا، کە لە هۆڵى ڤیدیۆ کۆنفرانس لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچوو، د. ئارام محمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان و خوێندکارانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکان ئاشکرا کرد، لەو چوارچێوەیەدا و لەسەرەتاى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، د.ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیی و خێزان و کەسوکاریان، سوپاسى زانکۆکان و ستافى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرد، کە بەردەوام هەماهەنگ و هاوکارى وەزارەت بون، وتیشى لە ماوەى ئەم شەش ساڵەدا بەردەوام کارمان کردوە بۆ ئەوەى زۆرترین دەرفەت بۆ کچان و کوڕانى خۆمان لە ناوەوەى وڵات بڕخسێنین و بەخۆڕایی درێژە بەخوێندن بدەن.
وەزیرى خوێندى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەونیەکەى تەرخان کرد بۆ وەرگرتنى دەرچوانى پۆلى دوانزە لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: هاوشێوەى ساڵانى ڕابردو، خۆشبەختانە ئەمساڵیش توانیمان ڕێژەى (100%)ن دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەربگرین.
- بۆ ئەمساڵى خوێندن (51725) دەرچوى ئامادەییەکان لە زانکۆ حکومیەکان وەرگیراون ...
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، د.خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون لە وەزارەتى خوێندنى باڵا باسى لە وردەکارى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى کرد، بۆ ئەوەش سەرەتا وتى: سوپاسى وەزارەتى پەروەردەو بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزمونەکان دەکەم، کە بەردەوام هاوکار و هەماهەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بون بەتایبەت لە پرۆسەى گواستنەوەى داتاکانى دەرچوانى دوازدەى ئامادەیی، هەروەک سوپاسى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەم، کە پاڵشپت و پشتگیرى بەردەوامى کارەکانمان بوو و پیداگرى بەڕێزیان وایکرد، توانیان دەرفەتى خوێندن بۆ سەرجەم دەرچوانن بڕخسێنن.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لە وردەکارى داتاکان کرد و بۆ ئەوەش وتى: پلانى گشتى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (2025-2026) بریتى بوو لە (65476)، هاوکات کۆى گشتى ژمارەى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی بریتى بوو لە (57980) دەرچو، لەو ژمارەیەدا (54278)دەرچویان فۆرمى زانکۆلاینیان پڕکردەوە، هاوکات (45717) پێشکەشکار لە دەرچووانی ساڵی (2025) فۆرمیان پڕکردەوە، لەگەڵ (8561) پێشکەشکار لەدەرچووانی ساڵانی ڕابردوو، بەو شێوەیە کۆى پێشکەشکاران ژمارەیان گەیشتە (54278) قوتابى و خوێندکار، لە ئەنجامدا (51726)یان وەرگیران، بەشێوەیەک وەرگیراوی دەرچوانی ئەمساڵ بریتى لە (45043) و، وەرگیراوانی ساڵانی ڕابردووش بریتیە لە (6682) پێشکەشکار، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون ئەوەشى ڕاگەیاند لە ئێستادا (14731) کورسى خوێندن بە بەتاڵى ماوەتەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، د.خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندان و بەدواداچون ڕایگەیاند: بۆ ئەمساڵى خوێندنیش وەک ساڵانى ڕابردو (97 %) دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئامادەیمان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان وەرگرت، تەنها ژمارەیەکى کەم لە پێشکەشکاران نەبێت، کە ژمارەیان تەنها (1378) خوێندکارە، کە بەهۆى هەڵە لە پڕکردنەوەى فۆرمەکانیان ناویان نەهاتۆتەوە، ئەوانیش بەپێى نمرەکانیان لە بەشە شایستەکان جێگەیان دەکرێتەوە، بەوەش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (100 %)، کە ئەوەش بریتیە لە سود وەرگرتن لەوپەڕى تواناى زانکۆکانمان، بۆ ئەوەش سوپاسى تەواوى سەرۆک زانکۆ و مامۆستایانى بەشە جیاکانى کرد، کە هاوکار و پشتیوانى وەزارەت بوون.
- ژمارەى وەرگیراوانى ئامادەیی پیشەییەکان گەیشتە (863) دەرچوو ...
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەیەکەیدا، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلان و بەدواداچون باسى لە دەرچوانى خوێندنگە پیشەییەکان کرد و، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئەمساڵیش دەرچوانى خوێندنگە پیشەییەکان ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەرچوانى ئامادەیی شوێنى وەرگرتنیان ڕادەگەێندرێت، وتیشى ژمارەى دەرچووى ئامادەییە پیشەییەکانى ئەمساڵ و ساڵانى پێشوو بریتى بوو لە (1049) دەرچوى پیشەیی، لە ئەنجامدا (863)یان وەرگیران و (186)ى دیکەیان وەرنەگیران، هاوکات (503) دەرچوى پیشەیی فۆرمى داواکاریان پێشکەش نەکرد.
هاوکات بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان وتیشى؛ (1368) دەرچوى دوانزەى ئامادەیی خوێندنگە کوردییەکانى ناوچەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان لە چەند رۆژى داهاتودا دەرگاى پێشکەشکردنیان بۆ دەکرێتەوە.
- وەرگیراوان دەتوانن لە ڕێگەى (https://www.regayzanko.com/ ) شوێنى وەرگرتنیان بدۆزنەوە ...
لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن باسى لە چۆنیەتى پێشکەشکردنى سکاڵا لە ڕێگەى زانکۆلاین کرد و، ڕاشیگەیاند لە ئێستاوە دەرچوان دەتوانن لە ڕێگەى (https://www.regayzanko.com/ ) دەتوانن بەهەمان پاسۆرد و یزەرنەیمى تایبەت بەخۆیان شوێنى وەرگرتنیان بدۆزنەوە، ئەوانەشى وەرنەگیراون دەتوانن لەو بەشانەى دێتە بەردەستیان دەتوانن بەشێک دیارى بکەن تا لە پرۆسەى وەرگرتن بێبەش نەبن.
ی.س
ب?اوکردن?و?